کەرکوک

عەرەبى سونە دەیەوێت مەرجەکانى له ‌کەرکوک بسەپێنێت


عەرەبی سونە لە پشتیوانیکردنی کاندیدەکەی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک پاشگەز بونەتەوە و لەنێوخۆیی تورکمانەکانیشدا گرفت دروستبووە، بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ ی کەرکوک رێکبخرێت.

ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند"ھەندێک لە عەرەبە سونەکان بەحساب پارێزگاریان لایە، بۆیە موماتەڵە دەکەن، بەڵام بۆیان ناچێتە سەر."

دوای دوورخستنەوەی دکتۆر نەجمەدین کەریم لەپارێزگاری کەرکوک، لەئێستادا راکان جبوری جێگری پارێزگار بەوەکالەت پۆستی پارێزگاری پێدراوە، کەناوبراو عەرەبی سونەیە.

ئیسماعیل حەدیدی سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند"ئێمە وەکو عەرەبی سونە باڵانسمان لە دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزاریەکانی کەرکوکدا دەوێت، لەگەڵ ھەڵگرتنی زۆرێک لەو بریارانەی پێشتر ئەنجومەنی پارێزگا داونی و زیانی سونەی عەرەبیان لێکەوتوەتەوە."

لەبارەی پارێزگاری داھاتوی کەرکوکەوە، ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت"دەمانەوێت پارێزگاری داھاتو کەرکوکی بێت و بێلایەنانە و دادپەروەرانە خزمەتی خەڵک بکات."

تورکمانەکانیش لەنێو خۆیاندا گرفتیان ھەیە، بەو پێیەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگایان کە پێدەدرێت، تورکمانە شیعە و سونەکان ململانێیانە لەسەری.

لای خۆشیەوە کامەران کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئاماژەی بەوەکرد عەرەبی سونە دەیانەوێت لەبەرانبەر دەنگدانیان بەپارێزگاری داھاتوو، مەرجەکانیان جێبەجێ بکرێت کە خۆی لە کێشەی عەرەبە ھاوردەکان و عەقدە کشتوکاڵیەکاندا دەبینێتەوە.

لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە کوتلەی ھێزە کوردیەکانە، لەئێستادا زۆربەیان ناچنە نێو ئەنجومەن و بایکۆتیان کردووە، ھەربۆیە کێشەی ئەوە لەئارادایە بۆ دانیشتنی ئەنجومەن و ھەڵبژاردنی پارێزگاری داھاتو نیسابی یاسایی ناتوانرێت تەواو بکرێت.


1253بینین‌‌‌
3 هەفتە پێشتر - Oct 27 2017 9:19PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ