کەرکوک

زیاتر له‌ 168 ھه‌زار كه‌س له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ ئاواره‌ بوون


دوای ھێرشەکانی ھێزەکانی عێراق بەتایبەتی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک، خورماتوو،  خانەقین و ناوچەکانی دیکەی کوردستان  لە ١٦ تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ و ڕۆژانی دواتر، کارەساتی مرۆیی لێکەتووە و ئاواربوونی سەدان ھەزار ھاوڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە و پەنایان بۆ پارێزگاکانی ھەولێر،سلێمانی ودھۆک ھێنا.

ھۆشەنگ محەمەد بەڕیوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان بە ماڵپەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند : کە بە ھۆی توندوتیژی، بەتایبەتی لە کەرکوک، خانەقین، زومار و رەبیعە، ١٦٨٣٧٢ کەس ئاوارە بوونە.

٨٤٠٠٠ کەس روویان لە ھەولێر کردووە و ٧٨٣٧٢ کەسیش ئاوارەی شاری سلێمانی بوونە و ٦٠٠٠  کەسیش لە زومار و رەبیعەوە روویان کردووەتە دھۆک و زاخۆ.

 وتیشی: زۆربەی ئاوارەکان لەلایەن ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، خزم و دۆستانیان لە پارێزگا‌کانی ھەرێمی کوردستان میوانداری کراون و ھاوکات ژمارەیەکی بەرچاویان لە کەمپ و خانووی تەواو نەکراو و شوێنە گشتییەکان نیشتەجێکراون و لە بارێکی زۆر خراپدان.

ئاوارەکانی ناوچە کوردستانییەکان پێویستیان بە ھاوکاری دەست بەجێ و بە پەبەلە ھەیە وەکو خواردن، خۆراک، بەتانی، پۆشاک، شیر و دایبی منداڵ، جلوبەرگ، پێڵاو، سووتەمەنی، شوێنی نیشتەجێبوون، داودەرمان و چارەسەری تەندروستی.

ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان بە ھاوکاری وھەماھەنگی تەواو لەگەڵ نووسینگەی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگاکان وھاوبەشە ناوخۆی ونێودەوڵەتییەکان بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ دابین کردنی ھاوکاری وپێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکان بۆ ئاوارەکان ودابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون.

بەڕیوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان راشیگەیاندووە: بەھۆی بەردەوامی ھێرشەکانی سوپای عێراق وحەشدی شەعبی و توندوتیژی و ھەڕەشە لە ھاوڵاتیان، پێشبینی دەکرێت دەیان ھەزار ھاوڵاتی دیکە ناچار بکرێن شوێنەکانیان بە جێ بھێڵن و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە ھەڕەشەکانی میلیشیاکان وھێزە چەکدارەکان ئاوارە بن.



336بینین‌‌‌
3 هەفتە پێشتر - Oct 27 2017 1:44PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ