جیهان

لێدوانی ئەمریکا دوای سەردانەکەی تیلەرسن بۆ بەغدا..


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "حەشدی شەعبی بەشێکە لە ھێزە عێراقییەکان بەڵام بە باشی دەزانین کە لەژێر کاریگەری ئێراندایە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، ھێزەر ناوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە سەردانەکەی رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا و وڵاتان دیکە کرد.

لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، بەرپرسی ئۆفیسی رووداو لە واشنتن، لەبارەی لێدوانەکەی رێکس تیلەرسن کە لە سعودیە رایگەیاند، میلیشیا ئێرانییەکان لە عێراقن و دەبێ ئەو وڵاتە جێبھێڵن، ھێزەر ناوێرت ئاماژەی بەوەکرد، تیلەرسن باسی لە دەستتێوەردانەکانی ئێران کردووە لە ناوچەکە و عێراقدا و ئەوەش نیگەرانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەیە.

لەبارەی راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەبارەی پێشێلکارییەکانی ھێزە عێراقییەکان لە کەرکووک و خورماتوو، ھێزەر ناوێرت گوتی "ھێشتا ئەو راپۆرتەم نەبینیوە".

سەبارەت بە لێدوانی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کە دەڵێن، دەبێ ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وڵاتەکەی لەسەر داوای عێراق ئۆپەراسیۆن لەو وڵاتە ئەنجامدەدات و ئەگەر بەغدا داوای کشانەوە بکات، ئەوا ئەو کاتە قسە لەسەر ئەو پرسە بکەن.

ھەر لەبارەی حەشدی شەعبی و لێدوانەکانی تیلەرسن لەسەر "میلیشیا ئێرانییەکانی نێو عێراق"، ھێزەر ناوێرت گوتی "حەشدی شەعبی بەشێکە لە ھێزە عێراقییەکان بەڵام بە باشی دەزانین کە ئەو ھێزە لەژێر کاریگەری ئێراندایە".



سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچە کوردستانییەکان، گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چەندین جاری دیکەش داوایانکردووە کە تووندووتیژی رابگیرێت و دەستبکرێ بە گفتوگۆ، ئێستاش کار لەسەر ئەوە دەکەن و چاودێری دۆخەکە دەکەن.

ھەوڵەکانی واشنتن بۆ دوورخستنەوەی عەبادی لە ئێران بەردەوامە، بەڵام لە یەکەم کاردانەوەدا لەبارەی حەشدی شەعبی و میلیشیا ئێرانییەکان لە عێراق ناکۆکی کەوتە نێوانیان.

لە ریاز لێدوانی ناکۆک لەنێوان تیلەرسن و عەبادی دروستبوو، ئەوەش دوای ئەوەی تیلەرسن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبادی رایگەیاند، دەبێ میلیشیا ئێرانییەکان کە ئێستا لە عێراقن، ئەو وڵاتە جێبھێڵن. ھەرزوو نووسینگەی عەبادیش لە وەڵامێکدا سەرسوڕمانی خۆی لەو لێدوانەی تیلەرسن دەربڕی و پشتگیریی خۆی بۆ حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە.

ئەو لێدوانانەی عەبادی ئەمریکا زیاتر نیگەران دەکات، بەتایبەت دوای لێدوانە دژەکانی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لەبارەی سەردانەکەی تیلەرسن بۆ بەغدا و ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.


1425بینین‌‌‌
12 مانگ پێشتر - Oct 25 2017 1:44AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ