راپۆرت و لێکۆڵینەوە

كورد له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى چوار عه‌سابه‌ نوێیه‌كه‌


ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەکان
نوسینی: بێرنارد ھێنری لێڤی
سەرچاوە: ۆڵستریت جۆرناڵ
وەرگێڕانی: د.پشتیوان فەرەج
 
ئایا ڕۆژئاوا خیانەت لە ھاوپەیمانەکەی خۆی دەکات و لەبەرامبەر ھەڕەشەکانی تورکیا و عێڕاق و سوریا و تورکیا بێدەنگ دەبێت؟
کورد لە عێڕاق ڕیفراندۆمێکی شکۆمەندانەی ڕێکوپێکیان ئەنجامدا لە بەرواری ٢٥ ی سێپتەمبەر. ئەم ڕیفراندۆمە ڕەچاوی ھەموو یاساکانی دیموکراسی تیادا کرا. ھەرچەندە دە ئەوە مافی خۆیانە بەڵام ئەوان دواتر ڕاسەوخۆ سەربەخۆییان ڕانەگەیاند ئەمە جگە لەوەی کە بۆ ماوەی سەد ساڵە ڕێکەوتنامەکان بەڵێنی سەربەخۆیی بە کورد دەدەن.
بارزانی- کە ماوەی دوو ساڵە ھاوپەیمانی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە لەشەڕی دژی داعشدا- ئەم خاڵە گرنگەی خستە ڕوو: سەربەخۆیی کورد تەنھا لەدوای پشودرێژی و دانبەخۆداگرتن و لێکتێگەشتن و دایالۆگ لەگەڵ بەغداد دێتە دی. 
بەڵام بەداخەوە ھەموو دیکتاتۆرەکانی ھەرێمەکە دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ ھەرچی توڕەیی و غەزەبی خۆیانە بەرامبەر بارزانی و کوردیان دەربڕی. ھەر لەو چرکەساتەی کە ئەنجامەکانی دەنگدان لە ڕیفراندۆمەکەدا ئاشکراکرا ئیتر وەک پێشبڕکێی لێھات ھەموو وڵاتانی ھەرێمەکە کێبرکێی یەکتریان دەکرد بۆ ئەوەی ئیدانە و نەفرەتی و توڕەیی خۆیان و چاوسورکردنەوەو گەمارۆدانی کوردستان و سزادان و بەندکردنی گەلی کوردێک کە تەنھا تاوانی ئەوان بریتی بوو لە دەربڕینی خواستی خۆیان بۆ ئەوەی لەدەست ئەم وڵاتانە ئازاد بن، کورد تەنھا دەیەوێت وەک دورگەیەکی ئارام و ئاشتی گەشە بکات و ببن بەھەرێمێک بۆ دیموکراسی و ئاشتی و سەقامگیری.
لەلایەکەوە عێڕاقمان ھەیە کە ھەر بەناو دەوڵەتێکی فیدڕاڵیە و ھیچ ڕەچاوی دەستوری وڵاتەکەی نەکردوە و ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر کورد بەجێ نەھێناوە- کەچی ھەر ئەم وڵاتە بەناو فیدراڵە ھێندە جورئەتی ھەیە کە ڕیفراندۆمەکەی کوردستان بە "نادەستوری" لەقەڵەم دەدات لەکاتێکدا خۆی ڕەچاوی ھەموو شتێک دەکات تەنھا دەستور نەبێت.
لەلایەکی ترەوە تورکیات ھەیە کە تیایدا سەروەری یاسا بریتیە لە دەستگیرکردنی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و پارێزەران و خەڵکانی ناڕازی و ئەوانەی کە داکۆکی لەمافی مرۆڤ دەکەن. کەچی ھەر ئەم تورکیایە ھەست دەکات بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی دیموکراسیانە لە کوردستان ھەستی بریندار کراوە و بەبۆچونی تورکیا کورد ھەڵەی کرد داوای سەربەخۆییان کرد.
لەولاشەوە ئێرانمان ھەیە، کە لە ئێستادا شەڕی سوننە و شیعەی ڕاگرتوە چونکە لە ئێستادا ئەولەویەتی کاری ئەوان دروستکردنی ھاوپەیمانیەتێیکە لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی ڕێگە لە کەللـەڕەقی و ویستی کورد بۆ سەربەخۆیی بگرێت.
ئینجا لەولاتریشەوە ڕژێمی سوریات ھەیە، سوریا قەسابی گەلەکەی خۆیەتی، نەتەوەکەی خۆی دابەشکرد کەچی دێت باس لە یەکپارچەیی خاکی عێڕاق دەکات وە ڕایگەیاندوە کە ڕیفراندۆمەکەی گەلی کورد "پەسەندکراونیە".
چەندین ساڵ پێش ئێستا، چەمکی "چوار عەسابەکە" ھاتە ئاراوە بۆ پێناسەکردنی چەند سەرکردەیەک کەپێیان وابوو شۆڕشی چین بەشی پێویست مناڵی نەکوشت بۆیە پێویستە قەتڵوعامکردن بەردەوام بێت. لە ئێستادا ئێمە چوار عەسابەی نوێمان ھەیە بەناوەکانی حەیدەر عەبادی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بەشار ئەسەد و عەلی خامنەیی. ھەریەکە لەم چوار عەسابەیە بەویستی خۆی ھەڕەشەی گەمارۆی ئابوری و گەمارۆی ئاسمانی سنورەکان و گەمارۆی ناردنی نەوت و دەستێوەردانی سەربازی دەکەن. ئەبێ ئێمە تاکەی گوێمان لە ھەڕەشەی ھەڵگیرساندنی گۆمی خوێن بێت؟
لەھەموی بەسوێتر، کاتێک کورد- کە ئەوە چەندین دەیەیە لەبەردەم ھەڕەشەدان و پێیان وایە کە ئەم چوار عەسابەیە مایەی ھەڕەشەن لەسەر بونیان- داوای یارمەتی دەکەن جیھان بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی ھیچ وەڵامێکی داواکاریەکانی ئەوان نادەنەوە، ئەمریکا و ڕۆژئاواو جیھان چاوی خۆیان دەنوقێنن لەبەرامبەر ئەم کارانە و بەم شێوەیە لایەنگیری لە دیکتاتۆرەکان دەکەن. لەشەڕی دژی داعشدا تەنھا پێشمەرگەمان بەدەستەوە بوو تەنھا ئەوان فریای جیھان کەوتن. بەڵام لەئێستادا وا خەریکە شەڕی داعش لە عێڕاق کۆتایی دێت و ئیتر ئێمەش پێمانوایە پێویستمان بە پێشمەرگە نەماوە. پێمان وایە کە کورد دۆستێکە بەئاسانی دەتوانین دەستبەردارین بین.
بەڵام ھەموو ئەمە بەس نییە. چونکە لە ئێستادا کەس چاوسوور ناکاتەوە لەم چوار عەسابەیە و کەس بەبیریان ناھێنێـتەوە کە ئەوە ئەو چوار عەسابەیەن کە گرژیەکانیان دەست پێکردوە نەوەک کورد وە لە ئێستادا کەس جەخت ناکاتە سەر بنەما و پرینسیپە گەورەکانی یاسا نێودەوڵەتیەکان و مۆڕاڵی گەردونی- بۆیە چاوەڕوانی خراپتر بن.
فەرەنساش بەبێ پشتگیری ئەمریکا پێ ی قورسە ئاوا بەردەوام بێت، بەڵام پێویستە ئەم دوو وڵاتە شەڕ لەپێناو شەرەف و کەرامەت و بەڕژەوەندیە باڵاکانی دیموکراسیدا بکەن. ئایا ئەمریکا و فەرەنسا پێویستیان بە ھاوپەیمانیەکی بەھێز نیە لە ھەرێمی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەویش تەنھا کوردە؟
یان ئایا ئێمە وەک کۆنفرانسەکەی میونیخ تەنھا دڵی یەکتر ڕازی دەکەین؟ ئایا ئێمە ھەموان کۆکین کە ئەوە ھێزە لەسەر حەقە. ئایا ئێمە کۆڵدەدەین بۆ داواکاریەکانی ئەو وڵاتانەی لەسەر ئاستی جیھاندا لە لیستی بلاکلیستدان. ئایا ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکا ھەڵەیەکی ئابڕووبەر ناکەن لە حوکمدان و بڕیاڕدان یان تێنەگەشتن لە مەغزاکانی ئەوەی کە ئەوە کارێکی خۆکوژیە ئەگەر بێت و ئێمە پشت لە ھاوپەیمانێتیەکی ئازا و دڵسۆزی ڕۆژئاوا بکەین و بەتەنھا بەجێیان بێڵیت بۆ چارەنوسی خۆیان تەنھا بۆ ئەوەی دوژمن و نەیارەکانی ئەوان بەھێز تربێت؟
یان لەوانەیە خەڵکی کورد- عەرەب نین بەڵکو ئەوان عەلمانین و باوەڕیان بەپێکەوەژیان و دیموکراسی و پلوڕایزم و مافەکانی ژنان ھەیە و بەبەردەوامی کەمایەتیەکانی تریان پاراستوە و ڕزگاریان کردون و لەخۆیان گرتون لەکاتی لێقەوماندا- ئایا کورد ئەو خەڵکانەی ئەم جیھانەن کە بونیان بە زیادە تەماشا بکرێت.
تەنھا یەک چارەسەر ھەیە، ئەویش قسە کردنە بە ھێمنی بەڵام بە پێداگریکردن کە ئەوە شتێکی زۆر بێمانایە کە ڕێگابدەین بە ڕژێمە ئۆتۆریتارەکان بێن وانەمان فێربکەن و باس لە یاساکانی دەستور بۆ گەڵێک بکەن کە تا دوێنێ ڕۆڵەکانیان لەژێر پێ و پۆستاڵەکانی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرانە بوون. و پێویستە دڵنیابینەوە ھەرچی زووە بێ دواکەوتن و بەبێ بوونی ھیچ مەرجێک کە دەسەڵاتی عێڕاقی دەبێت وەڵامی ئۆفەری دیالۆگ و دانوستانی کوردەکان بدەنەوە .

بێرنارد ھێنری لیڤی بیرمەندی فەرەنسی و دەرھێنەری فیلمی دۆکیومێنتەری "پێشمەرگە" یە لەگەڵ فیلمی "شەڕی موسڵ" و لەفەرەنسیەوە کراون بە ئینگلیزی لەلایەن ستیفن بی کەنەدی.


1051بینین‌‌‌
3 هەفتە پێشتر - Oct 25 2017 12:23AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ