کوردستان

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بەڵاوکردەوە


سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ماوەی سێ ڕۆژە ھێزە عێراقییەکان شەڕیان ڕاگەیاندووە و بەرپرسیارێتیی ھەر شەڕێک و لایەنە خراپەکانیشی دەخەینە ئەستۆی عەبادی.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەڵێت "ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنێکی ڕاستەقینەی ھەموو کێشەکان، ئامادەییی خۆمان بۆ گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانە نیشان دەدەین".

وتوشیەتی "ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە ئایەتوڵڵا سەید عەلی سیستانی، ھەموو لایەنە عێراقییەکان و ھەموو ڕێکخراوە مەدەنی و ئاشتیخوازەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا، دەوڵەتانی ئەندام لە ھاوپەیمانیەتیی دژی داعش، دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ دەکەین کە ڕۆڵی بەپەلەی خۆیان بگێڕن و تەدەخول بکەن بۆ دوورگرتنی ناوچەکە لە شەڕێکی تازە و داوا دەکەین ھێزە عێراقییەکان و ھیچ ھێزێکی دەرەکی ھەوڵی دروستکردنی ئەو شەڕە نەدەن".

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم داوا لە ھەموو حیزب و لایەنەکانی کوردستان دەکات یەکھەڵوێست بن بۆ پاراستنی ئاشتی و بەرگریکردن لە کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی وتوشیەتی "شارەکانی ھەرێمی کوردستان پەناگەیەک بوون بۆ لەخۆگرتنی سەدان ھەزار پەنابەر و ئاوارەی شەڕی داعش و شەڕی تایفی لە عێراقدا، زۆر سەیرە حکوومەتی عێراق دەیەوێت بە ھێرشی سەربازی، ئارامیی ئەو ناوچانەش تێکبدات".

لە کۆتایدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وتویەتی "ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە کە ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و دژی ئەوەین پەنا ببرێتە بەر چەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێت ھەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک داواکاریی ئێمە بۆ گفتوگۆ و لێکگەیشتن، بە ھەڕەشە و کۆکردنەوەی ھێز و سوپا و ھەنگاونانی عەمەلی بۆ شەڕ، وەڵام بدرێتەوە".


439بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Oct 13 2017 3:28PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ