کوردستان

ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی داوا دەکات کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن


ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکات کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆی بێ مەرج و لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی سیستانیدا چارەسەر بکرێن.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، شەش داواکاری ئاراستەی حکومەتی ناوەندی عێراق کرد و داوا دەکات ھەر بژاردەیەکی سەربازی و بەکارھێنانی ھێز بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەکان وەلاوە بنرێت.

دەشڵێت "کێشەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند لە ڕیفراندۆمەوە سەرچاوەی گرتووە و پێویستە ئەمە لەلایەک بێت، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی دەستپێشخەرییەکەی ئایەتوڵا سیستانی و ناوەندەکانی نێودەوڵەتی وتوێژی بێ مەرج لەنێوان ھەرێم و حکومەتی ناوەند دەستپێبکات و کۆی کێشە درێژخایەن و ھەنوکەییەکان بە گفتوگۆ لە چوارچێوەی دەستوردا لەنێوان ھەولێر و بەغدا و پارێزگاکانی ھەرێم و بەغدادا چارەسەر بکرێن".

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داواشیکردووە، ئەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن پەرلەمان و حکومەتی عێراقەە سەربارەت بە ھەرێم گیراونەتە بەر پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی خەڵک و یاسایی بوونیان، ھەروەھا داوای ئەوەش کراوە، ئەو بڕیارانە ڕەتبکرێنەوە کە لێکەوتەی خراپیان لەسەر متمانە بە یەکتر کردن ھەیە.

ھاوکات داوای کۆتایی ھێنان بە ھەڕەشە و گرژی و ئابڵۆقە و ڕاگرتنی مووچە و بودجەی دامەزراوە گشتی و خزمەتگوزارییە ئیتیحادییەکان کراوە بەمەبەستی ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە.

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتوویەتی، پاراستنی شکۆ و ئاسایشی ئەو ناوچانە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و لە گەردنی ھەموو لایەکدایە.


287بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Oct 12 2017 9:50PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ