کوردستان

تورکیا بۆ بارزانی: پاشگەزنەبنەوە ئەوەی بەدەستتانھێناوە لەدەستی دەدەن


تورکیا جارێکی دیکە پەیامێک ئاراستەی بارزانی و حکومەتی ھەرێم دەکات و داوایان لێدەکات لەئەنجامی ڕیفراندۆم پاشگەزببنەوە، وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاش ھەڕەشەی ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی لەبارزانی کردو ڕایگەیاند، "ئەگەر پاشگەز نەبنەوە، ئەوەی بەدەستتانھێناوە لەدەستی دەدەن".

ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جارێکی دیکە ھەڕەشەی لەھەرێمی کوردستان کردەوەو ڕایگەیاند، "پێش ڕیفراندۆم و دواتریش داوامانکرد پێویستە بەپەلە پاشگەزببنەوە لەئەنجامی ڕیفراندۆم، چونکە دەستکەوتەکان لەدەستدەدەن".

کاڵن دەڵێت:"بەبارزانیمان وتوە ھەرچیتان دەوێت و داوایدەکەن، دەبێت لەچوارچێوەی عیراقدا بێت نەک گۆڕانکاریی لەخاکی عیراق و سنورەکان و سەربەخۆیی، چونکە دڵنیابن ڕێگە بەگۆڕینی سنورەکان نادەین بەھیچ شێوەیەک".

بەرپرسەکەی تورکیا ئەوەشی ڕونکردەوە، :ئێمە نامانەوێت زیان بەبرا کوردەکانمان بگات لەھەرێمی کوردستان، بەڵام جەختدەکەینەوەو تکادەکەین واز لەڕیفراندۆم و ئەنجامەکەی بھێنن، چونکە دەبێت لەوە زۆر دڵنیابن کە ھەموو ئەو دەستکەوتانەی بەدەستتانھێناون لەدەستتان دەچێت".

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشدا، نەک تەنھا کورد، بەڵکو ھەر گروپ و پێکھاتەیەکی دیکە لەعیراق ھەوڵی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی بدایە، ھەمان ئەو ھەڵوێستەی ئێستایان دەبوو و لەدژی دەوەستانەوە".

سەبارەت بەڕاگرتنی نەوتی ھەرێم و ڕێگریی لەفرۆشتنی، کاڵن وتی:"ئەرکی بارزانی و حکومەتی ھەرێم زۆر قورس بوە، داوادەکەین بۆ ئەوەی ئەو زیانەیان پێنەکات، ئەنجامی ڕیفراندۆم ھەڵبوەشێننەوە با زیانی دیکەیان پێنەگات".


1081بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Oct 12 2017 4:13PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ