راپۆرت و لێکۆڵینەوە

بژارده‌كانى توركیا بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى كوردستان


ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەکان
نوسینی، خورشید دلی
سەرچاوە: ناوەندی (المستقبل)بۆ توێژینەوە ودراساتی پێشکەوتوو 

رەنگە تورکیا پێشبینی ئەوەی نەکردبیت کە مەسعود بارزانی ھاوپەیمانیی پێشووی لە بژاردەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستاندا تا کۆتایی دەڕوات و جیابونەوە دەکاتە دۆخێکی راستەقینە، ئەو وای دەبینی ئەو کارە تەنھا مانۆڕێکی سیاسییە بۆ باشکردنی مەرجەکانی دانوستان لەگەڵ حکومەتی عیراق دوای کەڵەکەبوونی ناکۆکییەکانی بەغداو ھەولێر لەسەر دۆزەکانی نەوت و بودجەو ناوچە جێناکۆکەکان و کێشەکانی دیکە. بەڵام کە ئەو ریفراندۆمە ئەنجام دراو زۆرینەی کورد پشتگیری جیابونەوەی ھەرێمی کوردستانیان کرد ئیدی ھەڵوێستی ئەنقەرە بەشێوەیەکی بەھێز دەچێتە خانەی بەرگرتن لە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی، بەو پێیەی ئەو بابەتە پەیوەستە بە کرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، یۆیە دەکرێت لەو ھەڵوێستە ناڕازاییە تێ بگەین کە تورکیا گرتویەتییە بەرو گەیشتۆتە ئەوەی ھاوپەیمانی لەگەڵ ئێران و بەغدا ببەستێ لە دژی سەربەخۆیی ھەرێم. 

ھۆکارەکانی رەتکردنەوە:
رەتکردنەوەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لەلایەن تورکیاوە لە دوو ھۆکارەوە سەرچاوەی گرتووە، یەکەمیان پەیوەندی بە زانینی ئەنقەرەوە ھەیە کە دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە عیراقدا کاریگەری گەورەی بۆ سەر دۆزی کورد لە ناوخۆی خۆیدا دەبێت کە زیاتر لە بیست ملیۆن کورد ھەن و لە رووی دەستورییەوە بێ بەشن لە شوناسی نەتەوەیی و بەڕێوەبردنی خۆجێتی خۆیان، ھەروەک دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی نیو سەدەیە بە ناوی قەڵاچۆکردنی "تیرۆر"ی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەڕێکی خۆێناوییدایە لە گەڵیان.
لە میانی ئەو گۆڕانکارییانەی تورکیاو دەوڵەتانی دراوسێ (سوریاو عیراق) بە خۆوەی دەبینن، ئەنقەرە خۆی لە بەردەم جوگرافیای کورد لە دەرەوەی سنورییەکانی دەبینێتەوە کە سێبەرەکەی باڵ بەسەر بارودۆخی ناوخۆیدا دەکێشێت و دەبێتە ھەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، بۆیە ترسی ئەوەی ھەیە ریفراندۆم  لە ئایندەدا ببێتە مەرجەعیەتێک بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە عێراقدا و سەرەنجام وا لە کوردی تورکیا بکات ئاستی داواکارییە نەتەوەییەکانیان بەرزبکەنەوە رەنگە تا ئاستی ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی ھاوشێوە لە رێگەی دامەزراندنی یەک دەوڵەتی کوردی کە بەھۆیەھوە ئەو نەخشەیە بگۆڕێت کە رێکەوتننامەی سایکس بیکۆ بەر لەسەدەیەک ناوچەکەی دابەشکردووە. 
ھۆکاری دووەمیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا پێی وایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەرچی بەشێوەیەکی ئاشکرا دژایەتی ریفراندۆم دەکات، بەڵام رەنگە رۆڵی ھەبێت لە ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستاندا، ئەمەش لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو واشنتن لە دۆخێکی نائاساییدایە بەھۆی پشتگیری واشنتن لە کوردی سوریاو عیراق بەچەک و ھەروەھا لەسایەی گۆڕینی ئاڕاستەی ئەنقەرە بەرەو ھاوپەیمانی لەگەڵ روسیاو بەخۆداچونەوە بە کۆی سیاسەتە ھەرێمەییەکانی بەمەبەستی بەدیھێنانی بەرژەوەندی تاران و بەغدا.
ھەنگاونان بۆ ریفراندۆم رەنگە وا لە ئەنقەرە بکات گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی پێشویدا بکات بەرامبەر بەحکومەتی عیراق، بەجۆرێک گەر پێشتر ئەو حکومەتەی بە تایفەگەری و سەر بە ئێرانی پێناسە کردبێت،  ئەوا ئێستا لە دژی ریفراندۆمی کوردی ھاوپەیمانی لەگەڵدا دەبەستێت، ئەم گۆڕانکارییانەش لە باوەڕەکانی تورکیا ئەوە دەردەخات کە دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دۆخی ھاوپەیمانییە ئیقلیمییەکانی ناوچەکە دەگۆڕێـت بەتایبەت بەھۆی پشتگیری راشکاوانەی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی ئەو دەوڵەتە، بەجۆرێک بوونی دەوڵەتێکی ھاوپەیمان لەگەڵ تەلئەبیب دۆخێکی ھەرێمی تازە لە ناوچەکەدا دروست دەکات کە گۆڕان لە ھاوکێشەی کێبڕکێی ئێرانی – تورکی لە سەر رۆڵ و ھەژموونی ناوچەکە بەتایبەت لە عیراق و سوریا دەخوڵقێنێت و کاریگەری دەکاتە سەر ستراتیجی ئایندەیی تورکیا.

کارتەکانی  فشار
تورکیا خاوەنی چەندین کارتی فشارە کە رەنگە لە دژی ھەرێمی کوردستان بەکاریان بھێنێت گەر لە ھەنگاونان بۆ سەربەخۆیی پاشگەز نەبێتەوە، گرنگترینیان بریتن لە:
١- پەیوەندییە ئابوورییەکان: لە رووی ئابوورییەوە تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان جێگەی گرنگییە، دوای ئەوەی لەماوەی ساڵانی رابردودا لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە پەیوەستە پێوەی، بەتایبەت دوای ھەناردەکردنی نەوت و گاز لەرێگەی خاکی تورکیاوە، مەزەندەکارییەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیاو ھەرێمی کوردستان گەیشتوتە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار، قەبارەی وەبەرھێنانی تورکیاش لە ھەرێم چل ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
لەساڵێ ٢٠٠٣ ەوە دوای ھێرشی ئەمریکا بۆ عیراق، ئەنقەرە بەشێوەیەکی بەھێز پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ ھەرێمدا بونیادناوە، بەجۆرێک بۆتە پردێک بۆ بازرگانی تورکیا لەگەڵ عیراق و وڵاتانی عەرەبی کەنداو دوای ئەوەی بەھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی سوریا بازرگانی لە رێگەی خاکی سوریاوە بچرا، ئەمە جگە لەوەی نەوتی کوردستان بۆ جیھانی دەرەوە لە رێگەی خاکی تورکیاوەیە.
بۆیە دەتوانین بڵێین کە فشاری پەیوەندییە ئابوورییەکان ئەگەرچی بۆ ھەردوولا گرنگە، بەڵام دەکرێ زیاتر لە دژی ھەرێم بە کاربھێنرێـت کە ئەمڕۆ خۆی بە تەواوی بەگەمارۆ دراو دەبینێت لەسایەی ئەو لێدوانانەی باس لە داخستنی دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا دەکەن. 
٢- پەیوەندییە سیاسییەکان: تورکیا لە گەڵ ھەرێمی کوردستاندا پەیوەندییەکی سیاسی تایبەتی ھەیە، بە رادەیەک ئەنقەرە بەداخستنی فەرشی سور پێشوازی لە بارزانی دەکردو گرەوی لاوازکردنی پارتی کرێکارانی کوردستانی لەسەردەکرد کە بەرێکخراوێکی "تیرۆریست"ی دەزانێت، بەڵام گۆڕینی ئاڕاستەی ئەنقەرە بەرەو ھەماھەنگی کردن لەگەڵ ئێران کە پێشتر بەوە تاوانباری دەکرد لە رێگەی سیاسەتە تایفەگەرییەکانییەوە پاوانی بڕیاری لە عێراقدا کردووە، ئاماژەیەکە بۆ فشاری سیاسی زیاتر بۆ سەر ھەرێم.
ئاگادارکردنەوەی نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان کە مەسعود بازرانی سەرۆکایەتی دەکات لەلایەت تورکیاوە بۆ ئەوەی خاکی وڵاتەکەیان بەجێبھێڵێت و پێشتریش بەرامبەر بە نوێنەری یەکێـتی نیشتمانی کوردستان، ھەروەھا دیاریکردنی ھاتوچۆی گەشتی ھاووڵاتیان لە ھەرێمەوە بۆ تورکیا چەند ھەنگاوێکی نەخشە بۆ داڕێژراون و ئەنقەرە دەیگرێتە بەر وەک فشاری سیاسی بۆ سەر سەرکردەکانی ھەرێم.
٣- بژاردەی سەربازی: ئەگەرچی ھەندێ لە شرۆڤەکاران ئەوە بەدوور دەزانن کە تورکیا پەنابەرێتە بەر بژاردەی سەربازی لە دژی کوردستان، بەڵام ناکرێ دووری بخەینەوە، بەتایبەت گەر سەرکردایەتی ھەرێم دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەێنێت یاخود پارلەمان دەوڵەت و سوپا رابسپێرت بە ھەنگاوێکی لەو جۆرە، بەکردەییش ئەنقەرە مانۆڕێکی سەربازی ھاوبەشی لەگەڵ عیراقدا ئەنجامدا کە ھاوکات بوو لەگەڵ مانۆڕێکی سەربازی ئێران لەسەر سنورەکانی کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە ھەردولا ھەڕەشەی سزادانی سەرکردایەتی ھەرێم دەکەن.
رەنگە تورکیا ئامانجێکی گرنگتری  لە مانۆڕی سەربازی ھاوبەش لەگەڵ تاران و عیراقدا ھەبێت ئەویش بریتییە لەناوبردنی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شاخی قەندیل و شەنگال، کەوای دەبینێت ئێستا دەرفەت رەخساوە لەسایەی ھاوپەیمانیی لەگەڵ تاران و بەغدا لەدژی ھەڵکشانی کورد .
٤- کارتی تورکمان: لەماوەی ساڵانی رابردودا بەھۆی باشبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەولێر، تورکیا خۆی لەباسکردنی تورکمانی عیراق بەدوور دەگرت، بەڵام لەسایەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ کوردستاندا ئەو کارتە دەخاتەوە کار لە رێگەی پیشاندانی خۆی وەک پارێزەری تورکمان و ھەڕەشەکردنی بەوەی گەر ھەر ھەنگاوێک لەدژیان بگیرێتە بەر ئەوا ئەنقەرە بەدەستوەردانی سەربازی بەرگرییان لێ دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ئایدۆلۆژیای راستی توندڕەوی تورکیا پێی وایە کەرکوک لە رووی مێژووییەوە خاکی تورکیایەو بە پێی رێکەوتننامەی ساڵی ١٩٢٦ لەگەڵ بەریتانیا لێی بچڕاوە و پێویستە لە ئەمڕۆدا کەرکوک وەک بەشەر تورکییەکەی قوبرس بێت کە ساڵی ١٩٧٤ تورکیا داگیریکرد.

دوو بژاردەکەی تورکیا:
ئەوەی تورکیای نیگەران کردووە ریفراندۆم نییە، بەڵکو سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە ھەڵوێستی تورکیا لەسەر ئەو رێچکەیە دەوەستێت کە ھەرێم لە قۆناغی ئایندەدا دەیگرێـتە بەر، کە رەنگە کەڵک وەرگرتن بێت بۆ باشکردنی مەرجەکانی دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر دۆزە ناکۆکەکان، یاخود مەرجەعیەتێک بێت بۆ سەربەخۆیی و جیابونەوە لە بەغدا، لە نێوان ئەو دوو رێچکەیەدا لە لایەن ئەنقەرەوە جیاوازییەکی بەرفراوان و ستراتیجی ھەیە، بەمەش ئەو لەبەردەم دوو بژاردەی سەرەکیدایە کە بریتین لە: 
بژاردەی یەکەم: داڕشتنی سیاسەتی فشار بۆ سەر سەرکردەکانی ھەرێم بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن لەگەڵ بەغدا دانوستان بکەن و لەسەربەخۆیی پاشگەز ببنەوە، لەرێگەی گرتنە بەری چەند ھەنگاوێکی زیاتر دژی ھەرێم تا دەگاتە گەمارۆی ئابووری و بازرگانی و دارایی سەرتاسەری لە دژیان، لەگەڵ ئەوپەڕی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ عیراق و ئێراندا، ئەمەش ئەو کارەیە کەتورکیا لە ئێستادا ئەنجامی دەدا، چونکە وای دەبینێ کە ھەنگاوی کاریگەرە لەسایەی ئەو قەیرانە ئابووریەی کە ھەرێم پێوەی دەناڵێنێت.
بژاردەی دووەم: دەستوەردانی سەربازی، ئەم بژاردەیە بەشێوەیەیەکی بەھێز لە ئارادایە، لەسایەی لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کە بارزانی بەخیانەتکار وەسفکرد و ئاماژە بەردوامەکانی بەدەستوەردانی سەربازی ھاوشێوەی دەستوەردان لە باکوری سوریا.
لە سایەی ئەو دوو بژاردەیەدا فاکتەری کات گرنگە، ھەرێمی کوردستانیش گرەو لەسەر ئەو فاکتەرە دەکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی لەسەرخۆ ھەڵوێستە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا بێت، بەم خواستەش ئاوێتەیەکە لە ستراتیجی دانوستان و خۆڕاگری لە روبەرووبونەوەی فشارەکان، لەگەڵ ئەوەی ئەزموونی دەوڵەتی کوردی مھاباد ساڵی ١٩٤٦ کە باوکی مەسعود بارزانی ھاوبەش بوو تیایدا پشتگیری نێودەوڵەتی نەبوو بۆ خواستی کورد لە بونیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆدا.


871بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Oct 12 2017 4:11PM
Print Friendly and PDF
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ