کەرکوک

بەرپرسێکی حەشدی شەعبی: عەبادی فەرمانی ھێرشکردنە سەر کەرکوکی داوە




بەرپرسێکی حەشدی شەعبی ئاشکرایدەکات بە فەرمانی عەبادی  ئامادەکاری کراوە بۆ ھێرشکردنە سەر کەرکوک و  دەشڵێت "لە دوو رۆژی داھاتوودا پێشبینی دەکەین رووداوی گەورە لە کوردستاندا رووبدات".



ئەبو عیزرائیل، وتەبێژی لیوای ٤٠ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی سەر بە حەشدی شەعبی بە ماڵپەری رووداوی راگەیاندووە "لە چەند رۆژی رابردوودا بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان لە ناوچەی سەوز کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازیی و ئەمنییەکان کراوەو تیایدا عەبادی فەرمانیداوە بە ئامادەکردنی پێنج  ھێز لە حەشدی شەعبی، ھێزی تاڵتونی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عیراقی بەمەبەستی بڵاوبوونەوە و ھێرشکردنە سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەتایبەتی کەرکوک".


وتەبێژی لیوای ٤٠ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکەدا حاجی شبل زەیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی ئیمام عەلی و فەرماندە سەربازییەکانی دیکە رایانگەیاندووە، کە ئەوان ئامادەنین شەڕی کورد بکەن و خوێنی ھاوڵاتیانی کورد بڕژێت.

ئەبو عیزرائیل دەشڵێت "ئێستا ھەموو ھێزەکان لەو پەڕی ئامادەباشیدان، کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەبەشی (ج)ی سەربازی و چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆیانن لە ھەر چرکەساتێکدا فەرمان بکرێت، ھێرشەکە ئەنجامدەدەن و لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بڵاودەبنەوە، بەڵام ئەوان بەھیچ شێوەیەک نایانەوێت شەڕی ھێزەکانی پێشمەرگە و کورد بکەن".


ئەبو عیزرائیل پێشبینی دەکات لە دوو رۆژی داھاتوودا "گۆڕانکاریی گەورە" لە کوردستان رووبدات، بەوتەی خۆی ئەوان چاوەڕێی ئەو گۆڕانکارییەن و ئامادەن پارێزگاریش لە کوردستان بکەن.



2157بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Oct 12 2017 4:04PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ