کوردستان

کوڕەک تیلیکۆم: بڕیارەکەی بەغدا بۆ تۆڕەکانی مۆبایل ناڕوونە



سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای کوڕەک تیلیکۆم بڕیاری حکومەتی عێراق لەبارەی کۆمپانیاکانی مۆبایل بە ناڕوون دادەنێت کە باسی گواستنەوەیان بۆ بەغدا دەکات. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات بۆ زانینی ھۆکاری بڕیارەکە و زانیاری زیاتر لە ئایندەیەکی نزیکدا نوێنەرانیان سەردانی بەغدا دەکەن .
سیروان بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای کوڕەک تیلیکۆم بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی ڕاگەیاند، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق لەبارەی کۆمپانیاکانی مۆبایل ناڕوونی تێدایە .
گوتیشی: "بۆ زانینی ھۆکاری ئەو بڕیارە و وردەکاری زیاتر، نوێنەرانی ئێمە دەچنە بەغدا، چونکە ئێمە لە بنەڕەتدا بۆ کارکردن مۆڵەتمان لە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن لە بەغدا وەرگرتووە و کوڕەک تیلیکۆم بڕیارەکانی ئەو دەستەیە جێبەجێ دەکات، ئیدی نازانین مەبەستی ئەو بڕیارە نوێیەیان چییە؟".
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای کوڕەک تیلیکۆم جەختی لەوە کردەوە، ھەر بڕیارێک لە بەغداوە دەربچێت، ئەوان بۆ خزمەتکردنی بەشداربوووەکانیان لە عێراق ‌و ھەرێمی کوردستان پێیەوە پابەند دەبن .
رۆژی دووشەممە ٩-١٠-٢٠١٧ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەسەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، بڕیاردراوە سەرجەم تۆڕەکانی مۆبایل بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند و بگوازرێنەوە بۆ بەغدا.



377بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Oct 11 2017 3:40AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ