ئابوری

مووچەی مانگی ئایندە بە سیستەمی بایۆمەتری دابەشدەکرێت




وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری سەمیر ھەورامی،  رایگەیاند مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی کوردستان بە سیستەمی بایۆمەتری دابەشدەکرێت.

سەمیر ھەورامی، سێشەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بە ماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاندووە " موچەی مانگی ئابی ٢٠١٧، بە سیستمی بایۆمەتری دابەشدەکرێت و ھەر فەرمانبەرێک ناوی لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارنەکردبێت راستەوخۆ موچەکەی رادەگیرێت".
 سەبارەت بەو مووچەخۆرانەی ناوی خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە، ھەورامی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دوای ئەوە ماوەیەک دیاریدەکرێت گەر فەرمانبەرەکە ناوی خۆی تۆمارنەکات ئەوکاتە بە یەکجاری موچەکانیان رادەگیرێت.

ناوبراو ئەوەشی وتی " ئەوانەی تائێستا ناوی خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە بریتین لە کارمەندانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و خوێندکارانی تواناسازی و ژمارەیەک لە خانەنشینانی دەرەوەی وڵاتیش ماون خۆیان تۆماربکەن".

بەر لە ئەنجامدانی سیستمی بایۆمەتری ژمارەی موچەخۆرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٣٠٢ ھەزار بوو، بەڵام بەپێی ئەو داتایەی تائێستا لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارکراوە نزیکەی ١٠٠ ھەزار کەس موچەکانیان دەبڕدرێت.

دەربارەی دواین ئامار کە لە سیستمەکەدا تۆمارکراوە سەمیر ھەورامی  وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد تا ێستا زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٢ ھەزار فەرمانبەر ناوی خۆیان تۆمارکردووە.


5987بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Oct 11 2017 3:22AM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ