کوردستان

‌سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌


نوسینگەی رۆژنامەانیی سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق لە راگەیەندراوێکدا لێدوانێکی بەرپرسی پرۆتۆکۆڵەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە کە تایبەت بوە بە مەراسیمی پێشوازیکردن لە تەرمی سەرۆک مام جەلال لە بەغدای پایتەخت.

لە راگەیەندراوەکەدا، نوسینگەی رۆژنامەانیی سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق دەڵێت: "دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆژی سێشەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لێدوانێکی شێرزاد ئازاد، بەرپرسی پرۆتۆکۆلەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیان بڵاوکردوەتەوە کە رایگەیاندوە جوان فوئاد مەسعوم، کچی فوئاد مەسعوم، سەرۆک کۆماری عیراق و سکرتێری تایبەتی سەرۆک کۆمار بە تەلەفۆن پێی راگەیاندووە کە فەرمانگەی مەراسمیەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار توانای ئەو کارەی نییە و ناتوانێت ئامادەکاری بکات بۆئەوەی مەراسیمی بەخاکسپاردن بۆ سەرۆک مام جەلال لە شاری بەغدا رێک بکات.

راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق دەڵێت: "بەتەواوی ئەو لێدوانەی بەرپرسی پرۆتۆکۆلەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و داواش لە میدیاکاران دەکات لەپێناو خزمەتکردن بە راستییەکان، پێش بڵاوکردنەوە ھەواڵ لە راستودروستیی ھەواڵەکەیان دڵنیا ببنەوە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکایەتیی کۆمار ئەوەی بەبیرھێناوەتەوە کە جوان فوئاد مەعسوم، سکرتێری شەخسیی سەرۆک کۆمارە و ھیچ پەیوەندییەکی بە ئەرکەکانی فەرمانگەی مەراسیمەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عیراقەوە نییە.

رۆژی سێشەممە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، سەرۆک مام جەلال سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا و لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ھەینی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، تەرمی سەرۆک مام جەلال لە ئەڵمانیاوە گەیشتەوە شاری سلێمانی و دوای رێوڕەسمەکان و دانانی تاجە گوڵینە لەسەری، تەرمی مام جەلال بەرەو مزگەوتی گەورە بەڕێکرا و دواتر لە دەباشان بەخاک سپێردرا.

لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٥، مام جەلال بووە یەکەم سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی عیراق لە دوای رووخانی ڕژێمی سەدام حسێن و یەکەم سەرۆک کۆماری کوردیشە لە مێژووی عیراقدا.


865بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Oct 10 2017 10:53PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ