کوردستان

لاھور شێخ جەنگی پەیامێکی بەڵاوکردەوە




•کۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵکی کوردستان..
•ھاوڕێ و ھەڤاڵ و ھاوسەنگەرانی جەنابی مام جەلال، رابەری رزگاریخوازی گەلی کوردستان..
•دیموکراتخوازان و تێکۆشەرانی رێگای ئاشتی و ئازادی لەعیراق و ناوچەکە و جیھان..
لەم بۆنە خەمناکەدا کە پرسەی کۆچی دوایی رابەر و سەرکردەمان جەنابی مام جەلال کۆتایی دێت، پێم خۆشە لەدڵەوە سوپاسی یەکبەیەکتان بکەم کە بەشدار و ھاوبەشی ماتەمگێڕی بوون.
مام جەلال مامی من و مامی ھەموو کوردستانیەک بوو، مامی ھەموو شۆڕشگێڕێکی رێگای ئازادی و دیموکراسی بوو، لەھەر شوێنێک ستەم و زوڵم ھەبوو بێت، مام جەلال و رێبازەکەی بۆ دژایەتی کردنی لەوێ بوون.. لەھەر شوێنێک فیکری رۆشنگەر و مرۆڤی ئازادیخواز ھەبووبێت مام جەلال و رێبازەکەی بۆ پشتیوانی لەوێ بوون.
لێرەوە جێی خۆیەتی ئەوە دووپات بکەینەوە کە ئێمە خۆمان بە خوێندکارێکی بەئەمەکی فێرگەکەی مام دەزانین و جێ پێی ئەو لەخەبات ون ناکەین.. بەڵێن بە رۆحی جەنابی مام و ھەموو ئەوانەی دڵیان بۆ جێھێشتنی مام سوتا، دووپات دەکەینەوە، کە تا ھێزمان مابێت، تا دوا ھەناسە سوورین لەسەر کار و گوفتار و رەفتاری مام جەلال..
بۆیە لەم رۆژە مێژوویەدا کە پشتشکاوە کۆچی ھەڤاڵ مام جەلالم و دڵنیام وەک من لای ئێوەش ھەرگیز پرسەی مام جەلال کۆتایە نایەت، لەگەڵ ئەوپەڕی پێزانین بە مەردایەتی و بەردەوامیتان لەبەردەم ئێوەو و یەک بەیەکی ھەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتیدا سوێندبێت یەکەم کەس بم لەپێناو پاراستنی رێبازی مام جەلال و یەکێتی و بەھێزکردنەوەی بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆتان، ئامادەی قوربانیدان و خۆبەخت کردن بم. پاراستنی رێبازی ھەڤاڵ مام جەلال بەتەنھا بەقسە نایەتە دی و ئێوەی ماتەمگێڕ لەھەموو کەس باشتر دەزانن کە پاراستنی ئەم رێبازە لەخۆ بووردویی و بوێریی پێویستە و بەوکەسانە دەکرێت کە بەکردەوە بەرژەوەندی گشتی دەخەنە سەروو ھەموو دەستکەوت و ناوبانگە کاتیەکانەوە. لێرەشەوە بەر لە ھەموو حیزب و لایەنەکانی تر ئەرکی سەرکردایەتی راستەقینەی یەکێتیە، بەکردەوە پابەندبوونی خۆیان بە رێبازی ھەڤاڵ مام جەلال بسەلمێنن و ئەو دەستکەوتە گرنگانەی گەلی کوردستان کە بە حەفتا ساڵ خەباتی بێ وچانی مام و ھاوسەنگەرانی و خوێنی سەدان ھەزار شەھید بەدیھاتوون بپارێزین.
بەگرنگی دەزانم لەم بۆنەیەدا چەند کارێکی رابەر و سەرکردەی شۆڕشگێڕمان بە بیری خۆمان و حیزبەکەمان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بھێنینەوە و ھەر لەم سۆنگەیەوە ئەو کارو کردەوانە بکەینەوە بە پێشەنگی کارکردنمان..
جەنابی مام، خاوەن ھێزێکی لەبن نەھاتووی وورە و بڕوا و متمانە بەخۆ و  بەگەلەکەی بوو، کە ھەمیشە پێی وابوو شۆڕشی رەوای گەلەکەی دەگاتە ئامانج و ھێزی چەوساوە و رەنجدەران و گەنجان و ژنان و خەبات بۆ ژیانێکی باشتر سەردەکەوێت.. ھەر لەم پێناوەشدا تەواوی تەمەنی پڕ شکۆ و شانازی خۆی تەرخان کرد و لە رۆژانی پرسەکەیدا بە جۆش و خرۆشی ھاوڵاتیان و ھاونیشتمانیاندا ئەمەمان بە چاوی خۆمان بینیەوە، ئێمەش ھەر ئەو کارە دەکەین..
جەنابی مام جەلال، گەرچی لەسەردەمێکدا شۆڕشی چەکداری بە وەسیلە دەزانی بۆ خەبات، بەڵام ھاوشانی ئەوە ھەر خودی خۆی ببوە دیپلۆماتکارێکی کارامە و ھێزی گفتوگۆ و دانوستان و رێگا چارەی ئاشتیانەی بێ خوێنڕشتن کردبوە ئامانجی کار، تەماشای بیریاران و سیاسەتمەدارانی جیھان بکەن چی لەبارەوە دەڵێن، ئێمەش بەردەوام دەبین لەسەر رێبازەکەی.
جەنابی مام جەلال، وەک کارەکتەرێکی سیاسی جیھانی خاوەن تێز و تێڕوانین و بۆچوونی مرۆڤدۆستانە، وەک بیریارێک کە رۆڵی ھەیە لەپاراستنی بەھا شارستانی و کلتوری و رۆشنبیری و ھونەری و ئازادیەکان، دەیبینین.. ئەو سروشتپارێز و ژینگەدۆست و ژیاندۆست بوو. لەفەلسەفەی سیاسیدا کەسێکی پۆزەتیڤیست بوو، ھەر ئەو بوو گەرچی سەددام حسێنی دیکتاتۆر، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ھەموو کورد دەرکرد جگە لە مام جەلال، بەڵام ئەو رۆژگارەی کە سەددام بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، مام جەلال لەبەرئەوەی وەک کەسایەتیەکی جیھانی مرۆدۆست سزای لەسێدارەدانی رەت کردبۆوە، بڕیاری لەسێدارەدانی گەورەترین دیکتاتۆری سەدەی بیستەمی ئیمزا نەکرد، ئەوە لوتکەی شەھامەت و مەردایەتی و مرۆڤدۆستی رابەری رزگاریخوازی گەلەکەمان بوو، بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە ئێمەش رێگاکەی ئەو بەر نەدەین.
جەنابی مام، بڕوای بەکاری دامەزراوەیی و کاری پێکەوەیی و ھاوبەشی بوو، بڕوای پتەوی بە دیموکراسی و کاری پەرلەمانی و داڕشتنی دەستورێکی ھاوچەرخ بوو، کە مافی مرۆڤ و ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات. مام جەلال خۆی یاساناس و مافپەروەر بوو، یەکەم یاسای پاراستنی ژنان لە توتدوتیژی لەدوای راپەڕینی بەھاری ١٩٩١ ھەر ئەو دەریکرد. ئێمەش لەم پێناوەدا بەڵێن دەدەین کە بەردەوام بین لەپاراستنی تەواوی چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و یاسا سەروەر بکەین لەپێناو دژایەتی کردنی گەندەڵی و حوکمی تاکەکەسی و تاکڕەویی لە بڕیاردا.. بەتایبەت لەم کاتەدا کەبەھۆی بڕیاری نەخەمڵیوی ئەنجامدانی ریفراندۆم، سەرباری بوونی ھۆشیاری پێشوەختە، ھەرەشەی گەورە رووی کردۆتە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و زانیارییەکان ئەوە دەدەن بەدەستەوە، کە ئەگەر بەپەلە دەستپێشخەری نەکرێت بۆ گەڕاندنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و رەواندنەوەی ھەرەشەکان، ئەوا لە رۆژانی داھاتودا خاک و ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان دەکەوێتە بەردەم مەترسی، کە ئەمەش پێچەوانەی بەڵێن و ئەرک و ئامانجی ھەموومانە. بۆیە لەبەردەم رۆحی بڵندی مامی کۆڵنەدەرمان و لەپێناو ئایندەیەکی روونتر بۆ گەلەکەمان، دووپاتی دەکەمەوە کە ئێستا لەھەموو کات زیاتر پێویستمان بەوەیە عیبرەت وەربگرین لە ھەڵوێستەکانی مام. کاتی ئەوەیە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان کەلەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و ئەخلاقیدان، لەپێناو دەستکەوتەکانی گەلەکەمان. لەھیچ ھەوڵ و دەستپێشخەری و گفتوگۆیەک سڵ نەکەینەوە.
جەنابی مام، خاوەن فێرگەیەکی گەورەی سیاسیە، کە پڕە لە پەند و حیکمەت و زانایی، کە تا گەیشتن بەسەرجەم خەونەکانی بۆی تێدەکۆشین و لەسەر رێبازەکەی بەردەوام دەبین.
دیسان سوپاسی بێپایانمان بۆ تەواوی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و عیراق و وڵاتانی دراوسێ و جیھان، کەبەپەرۆشەوە بەشدار و ھاوخەمی پرسەی مام بوون. سوپاسی زۆرمان بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و جیھان کە ئەوەیان دەربڕی جیھان سەرکردەیەکی ژیر و دانای لەدەست دا.. سوپاسی زۆرمان بۆ سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆر و ئاسایش و پۆلیس و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار کە بە باشترین شێوە ئەرکی پاراستنی مەراسیمە شکۆدارەکەیان لەئەستۆ گرت. 

بۆ ئەوەی رۆحی مام ئاسودەبێت، دەبێت لە پەیڕەوەکەی لانەدەین..

سوپاس، ئێوەش ھەر شاد و سەرکەوتوو سەرفرازبن..
لاھور شێخ جەنگی



759بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Oct 10 2017 10:38PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ