کوردستان

‌حزبی شیوعی كوردستان په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌


مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لە نامەیەکدا سەبارەت ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ئاماژە بەوە دەکات کە حزبەکەیان بەشداریی لە داڕشتنی بڕیاری ڕیفراندۆم کرد و وەک لە نامەکەدا ھاتووە ئەو بەشداریکردنەش "پشت دەبەستێ بە بڕوامان بە مافی گەلەکەمان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنوس."

لە نامەکەیدا کە وێنەیەکی دراوەتە وێستگە نیوز، مەکتەبی حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاندووە کە  چاوەڕوانی لە پارتە شیوعی ‌و کرێکارییە جیھانییەکان‌و پارتە پێشکەوتوخوازەکان‌و ھێزە چەپەکان دەکەین پاڵپشتی گەلی کورد بن کە "زۆر ئازادانە ڕای خۆی دا بۆ ڕوبەڕووبونەوەی سیاسەتەکانی ئەمری واقیع کە لەلایەن حکومەتی ناوەندی‌و ووڵاتانی ھەرێمایەتی بەسەریدا سەپێنراوە. "

سەبارەت بە سزاکانی سەر ھەرێمی کوردستانیش  مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە رایگەیاندووە: "ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەن کە ھیچ تاوانێکیان نییە جگە لە وەی بەئازادانە گوزارشتیان لەڕای خۆیان کرد، لەکاتێکدا گەلی کوردستان و ھێزە سیاسییەکانی ئامادەی پیشانداوە بۆ گفتوگۆ‌و لێک تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای ئیرادەی دەنگدەرانی کوردستانی. "

دەشڵێت: "پەیامی گەلی کوردستان کە ھەمیشە جەختی لێدەکاتەوە، ئاشتی ‌و پێکەوە ژیانی ھاوبەش ‌و کوژاندنەوەی چاوگەکانی بارگرژی ‌و کاری ھاوبەشە لە پێناو گەشەپێدان‌و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی. چاوەڕێ لە ھاوڕێیانمان لە پارتە براو دۆستەکانمان دەکەین کە پەیامی پاڵپشتی ئاڕاستەی ئێمە بکەن، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین بۆ گەلی کوردستانمان کە پارتە شیوعی ‌و کرێکارییە جیھانییەکان‌و پارتە پێشکەوتوخوازەکان پشت‌و پەنای ھەمیشەیی بۆ تێکۆشانی گەلان لە پێناو مافی چارەی خۆنوسین، دەبن. "

دەقی پەیامەکەی حزبی شیوعی کوردستان – عیراق:

نامەیەک لە (حزبی شیوعی کوردستان – عیراق) ەوە بۆ ھاوڕێیان لە حزبە شیوعی ‌وپێشکەوتوخواز ‌و کرێکارییە جیھانییەکان 
گەلەکەمان لە کوردستانی عێراق لە (٢٥) ی ئەیلولی ئەمساڵ بۆ دەڕبڕنی مافی چارەنوسی خۆی پڕۆسەی گشتپرسی (ڕیفراندۆم) ی ئەنجامدا، پاش ئەوەی حکومەتی ناوەندی دەستبەرداری سەرجەم بەڵگەنامەو ئەو ڕێکەوتنانە بوو کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ئەنجامیدابوو.  

لەکاتێکدا پێشتر گەلی کوردستان لە پاکتاوکردنی دیکتاتۆریەت‌و ھەنگاونان بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانی عێراق پاش ڕوخاندانی ڕژێمی دیکتاتۆری لە ساڵی ٢٠٠٣، بەشداریکرد، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە (١٣) ساڵ بەسەر دەستوری عێراقدا کە گەلی کوردستان بەشداری لەسەرخستنیدا کرد، زیاتر لە (٥٥) ماددە لە دەستور کە پەیوەستە بە بونیادی دەوڵەت‌و سیستەمە سیاسییەکەی جێبەجێ نەکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە دەقی دەستوردا ھاتووە کە مانەوەی عێراق بە یەکگرتووی گەل‌و خاک‌و سەروەرییەکەی پەیوەستە بە جێبەجێ کردنی ئەم دەستوورە، و ئەمەش ھاوکات بوو لەگەڵ پێشێلکردنی سەرجەم ئەو ڕێکەوتنانەی لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان‌و حکومەتی ناوەندی دا واژۆکراوەو ئێستاش حکومەتی ناوەندی بەشێوەیەکی بەرنامە داڕێژراو سەرجەم ئەو دەسکەوت و مافانەی پێشێلکرد کە بە تێکۆشانی گەلی کوردستان لەساڵانی ڕابردوودا بەدەستھاتووە.  

حکومەتی ناوەندی لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە، بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی‌و موچەی فەرمانبەرانی نەدا، ھەروەھا بەردەوام بوو لە سەرف نەکردنی موچەی ھێزە چەکدارەکانی کوردستان (پێشمەرگە) کە لەساڵی (٢٠٠٥) بەپێی دەستوری عێراق دانی پێدانرا، لە کاتێکدا کە حکومەتی ناوەندی موچەی دەنارت ودەنێرێت بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) دایە.  

وێڕای بەشداری ھێزەکانی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان لە ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆر ‌و لەناوبردنی ‌و بەشداریکردنی لە ھەوڵی نێودەوڵەتی بۆ قەڵاچۆکردنی تیرۆر‌و بەھاوکاری لەگەڵ حکومەتی ناوەندی‌و داڵدەدانی نزیکەی دوو ملیون لە ھاوڵاتیانی ئاوارەی ناوچەکانی تیرۆر، ئەمە جگە لە ئاوارەکانی جەنگی تایەفەگەری کە لەچەند ناوچەیەکی ناوەڕاست و باشوری عێراق، لە ئارادایە، لەگەڵ ئەمانەشدا حکومەتی ناوەندی خۆی دزییەوە لە سەرجەم ڕێکەوتنەکان‌و ئێستا دەستی بەسەپاندنی گەمارۆیەک بەسەر ھەرێمی کوردستان‌و بە پاڵپشتی لە ووڵاتانی ھەرێمایەتی، کردوە. حزبی شیوعی کوردستان پاڵپشتی لە بڕیاری ڕیفراندۆم بەشێوەیەکی دیموکراسی مەدەنی ئاشتییانە لە روانگەی گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەلی کوردستان، کردوە، کە ئەمەش گوزارشتێکە لە مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆی، پاش ئەوەی سەرجەم ھەوڵی کوردستان بۆ دەوڵەتی مەدەنی دەستوری لە عیراقدا سەرنەکەوت، لەکاتێکدا ڕوبەڕووی دەوڵەتێکی ئاینی مەزھەبی لە عیراقدا دەبینەوە. دەوڵەتێک ھیچ خەمێکی نی یە جگە لە چڕکردنەوە و وروژاندنی گیانی ناکۆکی شۆڤێنی ‌و تایەفەگەری. گشتپرسی بەشێوەیەکی دیموکراسی لە کوردستانی عێراقدا ئەنجامدرا پاش ئەوەی گەلەکەمان ڕوبەڕووی فشارێکی گەورە لەلایەن ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا‌و بەریتانیا ‌و ووڵاتانی ھەرێمایەتی بۆوە ، کە مەبەستیان ڕێگریگرتن لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە بیانوی جیاجیا بوو. 

لە سەرجەم ئەو بیانوانە تەنھا بەرژەوەندی گەلی کوردستان‌و مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆی تێدا ونبوو. مافێک کە بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان‌و بەپێی پرەنسیپی نێونەتەوەی پەیوەست بە مافی دیاریکردنی چارەنوسی گەلان چەسپاوە، کەچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ‌و ھەوڵەکانی ئیمپریالیزمی جیھانی و بەرژەوەندییە زیندوەکانی لە ناوچەکەدا، ھەوڵی سەپاندنی ئیرادەی خۆیان دەدا دژ بە ئیرادەی گەلی کوردستان کە خوازیاری دیاریکردنی چارەنوسیەتی لەچوارچێوەی دەوڵەتێکی کوردستانی سەربەخۆی دیموکراتی مەدەنی فیدڕاڵی بونیات نراو لەسەر بنەمای ھاوڵاتیبونی کوردستانی. دەوڵەتێک کە سەرجەم ھاوڵاتیانی کوردستان لە خۆ دەگرێت بە کوردو تورکمان‌و عەرەب‌و ئاشوری کلدان سریان‌و ئەرمەن، بەو شێوەیەی کە مافی ئایینی‌و ئازادی‌و بیروباوەڕ‌و ئایین‌و ویژدان‌و پیادەکردنی مەراسیمە ئایینییەکانی سەرجەم پێکھاتە ئایینییەکان پارێزراو بێت بە موسڵمان‌و مەسیحی‌و ئێزیدی‌و کاکەیی ‌و سابیئەی مەندائی‌و جولەکەو زەردەشتییەکان. شایانی باسە سێ ملیۆن ‌و سێ سەد‌و پێنج ھەزار و نۆسەد‌و بیست‌و پێنج کەس بەشدارییان لە ڕیفراندۆمەکەدا کرد کە بەڕێژەی ٧٢% ی ژمارەی ئەوانەیە کە مافی دەنگدانیان ھەیە. ڕێژەی (٩٢.٧٣%) ی ژمارەی دەنگدەران لە بەرژەوەندی سەربەخۆی دەنگیانداو لە کاتێکدا لە (٧.٢٧%) بە نەخێر بۆ سەربەخۆی دەنگیاندا.  

حزبمان بەشداریکرد لە داڕشتنی بڕیاری ڕیفراندۆم کە پشت دەبەستێ بە بڕوامان بە مافی گەلەکەمان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنوس و لەو قەناعەتەداین کە تێکۆشانی نیشتیمانی حزبمان پێچەوانەو دژنییە لەگەڵ تێکۆشانی بەردەوام ‌وبێ پسانەوەمان بە ھەموو شێوەکانی تێکۆشان پێش ڕیفراندۆم ‌و دوای ئەو پرۆسەیەش لە پێناو بونیاتنانی دامەزراوە دیموکراسییەکان‌و ڕووبەڕووبونەوەی سیاسەتەکانی لیبڕالیزمی نوێ ‌و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی زەحمەتکێشان کە تێکرای ئەمانەش گوزارشتێکە لە دروشمی سەرەکی حزبمان (نیشتیمانێکی ئازاد‌و گەلێکی بەختیار) کە زەمینە سازییە بۆ ھەڵبژاردەی سۆسیالیستیمان. ئێمە چاوەڕێ لە پارتە شیوعی‌و کرێکارییە جیھانییەکان‌و پارتە پێشکەوتوخوازەکان‌و ھێزە چەپەکان دەکەین کە پاڵپشتی گەلەکەمان لە کوردستانی عێراق بکەن کە زۆر ئازادانە ڕای خۆی دا بۆ ڕوبەڕووبونەوەی سیاسەتەکانی ئەمری واقیع کە لەلایەن حکومەتی ناوەندی‌و ووڵاتانی ھەرێمایەتی بەسەریدا سەپێنراوە.  

ئەمرۆش ئەو حکومەتانە باس لە گەمارۆی جۆراجۆر بەسەر گەلەکەمان و سزادانی ملیۆنەھا لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەن کە ھیچ تاوانێکیان نییە جگە لە وەی بەئازادانە گوزارشتیان لەڕای خۆیان کرد، لەکاتێکدا گەلی کوردستان و ھێزە سیاسییەکانی ئامادەی پیشانداوە بۆ گفتوگۆ‌و لێک تێگەیشتن لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای ئیرادەی دەنگدەرانی کوردستانی. پەیامی گەلی کوردستان کە ھەمیشە جەختی لێدەکاتەوە، ئاشتی ‌و پێکەوە ژیانی ھاوبەش ‌و کوژاندنەوەی چاوگەکانی بارگرژی ‌و کاری ھاوبەشە لە پێناو گەشەپێدان‌و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.  

چاوەڕێ لە ھاوڕێیانمان لە پارتە براو دۆستەکانمان دەکەین کە پەیامی پاڵپشتی ئاڕاستەی ئێمە بکەن، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین بۆ گەلی کوردستانمان کە پارتە شیوعی ‌و کرێکارییە جیھانییەکان‌و پارتە پێشکەوتوخوازەکان پشت‌و پەنای ھەمیشەیی بۆ تێکۆشانی گەلان لە پێناو مافی چارەی خۆنوسین، دەبن. 

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان



1082بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Oct 10 2017 7:08PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ