کوردستان

ئوسامە نوجێفی: بارزانی ڕازی بووە ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵپەسێرێت


ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تاک لایەنانە بووە و لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ سەرکردایەتی کورد بارزانی ڕازیبووە ئەنجامی ڕاپرسی ھەرێم ھەڵپەسێرێت.

کەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاویکردەوە ئوسامە نوجێفی ڕایگەیاندووە "لەسەر لابردنی گەمارۆکان و ئەو فشارەی لەسەر ھەرێم دەکرێت بارزانی بەڵێنی داوە ئەنجامی ڕاپرسی ھەرێم ھەڵپەسێرێت".

لە دوای پرسەی مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتی ھەوڵەکان بۆ گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغدا دەستیپێکردووە و لەو چوارچێوەیەدا ئوسامە نوجێفی و سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چاویان بە بارزانی کەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە ھێمن ھەورامی، ڕاوێژکاری مەسعود بارزانی لە تویتەری خۆی بڵاویکردووەتەوە "بارزانی بە سەلیم جبوری وتووە ھەرێم ئامادەی گفتوگۆی بێ پێش مەرجە لەگەڵ بەغدا".

ئەوە لە کاتێکدایە ھەر ئەمڕۆ سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی کۆنفیدڕاڵی لە نێوان ھەرێم و بەغدا، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق پێشنیازی کۆنفیدراڵی کردووە و بەڕای منیش ئەگەر عێراق ببێتە دوو کۆنفیدراڵی چارەسەرێکی باشە لە ئێستادا".


398بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Oct 9 2017 7:49PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ