کوردستان

كارتە بەهێزەكانی هەرێم بەرامبەر بەغدا دەخرێنەڕوو


پەرلەمانتارێکی کورد توندکردنەوەی سزاکانی بەغدا لەسەر ھەرێم بە ھەنگاونانی حکومەتی عەبادی بەرەو تاکڕەوی و حوکمی تاکلایەنە ناو دەبات و باس لەوەشدەکات، ھەرێم کارتی بەھێزی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بەرامبەر بە بەغدا بیانجوڵێنێت.
سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بە سەر ھەرێم، عادل نوری پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەی لە گەڵ رووداوەکانی نەوا وتی:  بە توندکردنەوەی ئەو سزایانە، عەبادی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، خەریکە بەرەو حوکمی تاکلایەنانە و تاکڕەوانە ھەنگاو دەنێت، ئەوەش بە پاڵپشت بەو بڕیارانەی پێشتر ئەنجومەنی نوێنەران، کە ئەویش کودەتای بەسەردا کراوە و وێنای ھەموو عێراقیەکان ناکات و کوردی پەراوێز خستووە، بەسەر کوردستاندا سەپێنراون.
باسی لەوەشکرد، ئەو بڕیارە توندانەی عەبادی لە دژی ھەرێمی کوردستان، کە کۆمەڵێک رێوشوێنی توندوتیژ و برسیکردن و گەمارۆدان و قەتیسکردنی کوردستان لە خۆ دەگرێت، یاسایی و دەستوری نین .
لەبەشێکی تری بەرنامەکەدا ئەو پەرلەمانتارە کوردەی عێراق گەشبینی خۆی نیشاندا بەوەی ھەرێم کارتی بەھێزی لەبەردەستدایە کە بەرامبەر بە بەغدا بیانجوڵێنێت و لەو رووەشەوە وتی: یەکەم کارت کە دەبێتە ھۆی پەکخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، کشانەوەی کوردە لە بەغدا بەتایبەتی کشاندنەوەی فواد مەعسوم چوون بە پێی دەستور نوری مالیکی جێگەی دەگرێتەوە وەک جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار بەمەش ئاڵۆزی دەکەوێتە ناو شیعەکان، چوون سەدریەکان بە تەواوەتی دژی مالیکین.
وەک کارتێکی تری بەھێز عادل نوری ئاماژەی بە کارتی سونە کرد، کە گلەیی و گازندەی زۆریان لە حکومەت ھەیە و ئێستا وردە وردە خۆیان ئامادە دەکەن کە داوای ریفراندۆم بکەن، بەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گوشارەکان لەسەر کورد نامێنن و فشارەکان دەخرێتە سەر شیعە بەوەی کورد و سونەی لە عێراق ناچار کردووە بە ریفراندۆم و ھەنگاو ناو بەرەو سەربەخۆیی.
لە روانگەی ئەو پەرلەمانتارە کوردەوە، کارتی ئاو و سنور و چەندانی تریش لە بەردەم کورددان و دەکرێت بۆ فشارخستنە سەر بەغدا بەکاریان بھێنێت.



6870بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Oct 9 2017 7:29PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ