کوردستان

وەزیری دەرەوەی تورکیا: بارزانی ڕیفراندۆمی کرد بۆ بەھێزکردنی پێگەی سیاسی خۆی




وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت دەکاتەوە لەوەی "بارزانی ھاوکاری و پشتیوانی" ئەوانی بە ھەڵە لێکداوەتەوە و دەڵێت "مەسعود بارزانی ئامانجی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوەبووە بە بزواندنی ھەستی نەتەوایەتی لە ھەرێمەکەدا پێگەی سیاسی خۆی بەھێز بکات".

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئاکشەم)ی تورکی سەبارەت بە ئاکامەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم رایگەیاند "ماوەیەکی زۆرە کێشەی ئابوری و سیاسی لە ھەرێمی کوردستان لە ئارادایە، مەسعود بارزانی ئامانجی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوەبووە بە بزواندنی ھەستی نەتەوایەتی لە ھەرێمەکەدا پێگەی سیاسی خۆی بەھێز بکات، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لەو کارە نایاساییە ناکات".

وتیشی "ھەوڵدان بۆ پێشێلکردنی یەکێتی خاکی عێراق ھەڵەیەکی گەورەیە و مەحاڵە ئەو بارودۆخە قبوڵ بکەین".

سەبارەت بە ئەگەری جموجۆڵی سەربازیی دژ بە ھەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر ھەر ھێرشێک بکرێتە سەر تورکمانەکانی عێراق ئەوان تەماشاکار نابن و ھاوکات ھەر کارێکی "نابەرپرسانە" بکرێت بۆ کۆسپ خستنە بەردەم بازرگانییەکەیان لەگەڵ عێراق و ئەگەر ئاسایشی ئەو ھاوڵاتیانەی تورکیا کە بازرگانییەکە ئەنجام دەدەن بخرێنە مەترسییەوە، ئەوا لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەیانەوە مۆڵەتی لەشکرکێشییان بۆ ناو خاکی عێراق و سوریا پێدراوە.



386بینین‌‌‌
هەفتە پێشتر - Oct 9 2017 6:49PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ