کوردستان

قاسم سلێمانی: مام جەلال بە حەق ناوی مام بە باڵایدا بڕابوو


قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی، پرسەنامەی بۆ کۆچی دوایی مام جەلال ناردووە، و رایدەگەیەنێت، تاڵەبانی نزیکەی ٦٠ساڵ خەباتی کرد بۆ ئازادی ھەموو نەتەوەکانی عێراق.

سلێمانی، لەپەیامەکەیدا، دەڵێت، ھەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز جەلال تاڵەبانی، نەک ھەر خەڵکی عێراق، ھەموو نەتەوەکانی ناوچەکەی خەمبارکرد، کەسایەتییەک کە نزیک بە ٦٠ساڵ خەباتی کرد بۆ ئازادی ھەموو نەتەوەکانی عێراق چ عەرەب، کورد، شیعە، تورکمان، سوننە و ئێزدی و مەسیحی، بە حەق ناوی"مام"بە باڵایدا بڕابوو. کەسایەتی ئەم پیاوە گەورە ھێشتا لە عێراق و بگرە ھەرێمی کوردستانیش بە باشی نەناسراوە.

ھەروەھا وتوویەتی، تاڵەبانی کەسێک بوو، کە کورسییە نوێیەکان ھیچی بەو زیاد نەدەکرد، بەڵکوو ئەوە ئەو بوو کە بایەخی بە کورسییەکان دەدا، و بە دەیان جار بووە ھۆکاری ڕزگاربوونی ھەموو خەڵکی عێراق، لەشەڕ و ئاژاوە و ناکۆکی"ئەوە ئەو بوو کە مافی ڕەوای گەلی کوردی لە یاسای بنەڕەتی عێراق چەسپاند و ھاوکات لە مافی ھەموو عێراقییەکانی دیکەش پشتیوانی دەکرد".

ئەوفەرماندە ئێرانییە، دەڵێت، تاڵەبانی مەزن جیھانی ئیسلام، و ئێرانی بەدوو بابەتی قووڵایی ستراتیژێک دەبینی و ھەر بەم بۆنەشەوە ئەم دوو بابەتە، لەلای سەرۆک کۆماری کۆچ کردووی عێراق ھێڵی سوور بوون و ڕێگەی نەدەدا ئەم ھێڵە سوورانە ببڕێت. 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمڕۆ شوێنی ئەم ھاوڕێ ئازیز و بەرزە، یەکجار خاڵییەو بەتایبەت قەیرانی ئێستەی ھەرێمی کوردستان، کەسایەتییەکی وەھا پێویستە، کەسایەتییەک کە ھەرگیز سواری ھەست و سۆزی خەڵک نەدەبوو، بەڵکوو بەردەوام ھەوڵیشی دەدا ھەست و سۆزی خەڵک بەرەو عەقڵانییەت ببات.

"تاڵەبانی ھەموو ژیانی خۆیی بۆ عێراق تەرخانکرد، و بە حەق دەتوانین ناوی شەھیدی ڕێگەی عێراق لەم کەسایەتییە بنێین، تاڵەبانی قوتابخانەیەکی باشی لەدوای خۆی جێھێشتووە و ھیوادارم شاگردەکانی قوتابخانەی مام جەلال، وەک ئەو بە وردی ھەموو بابەتەکانی ناوچەکە و جیھان بخوێننەوە و عەقڵانیەت، بە سەر ھەست و سۆزدا زاڵ بکەن و ڕێگەی ئەم پیاوە گەورە درێژە پێبدەن"قاسم سلێمانی وادەڵێت.

لەکۆتاییدا نوسیویەتی، من بەش بە حاڵی خۆم بۆ کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە گەورە، و مامۆستا خەباتکارە و کەسایەتی ئەخلاق و ئەدەبی ئیسلامییە تازیەتبار و شینگێڕم، سەرەخۆشی ئەم خەمە گەورەش لە بنەماڵەی تاڵەبانی، ھاوژین و منداڵەکانی و ھەموو ڕێبەرانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم، و بۆ ئەو ھاوڕێ سەفەر کردووە باڵاترین شوێن و پلە لە لای خوای گەورە و مەزن داوا دەکەم.

مام جەلال، رۆژی ٣ی ئەم مانگە لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد، و ھەینی رابردوو، تەرمەکەی گەڕێندرایەوە سلێمانی و ھەمان رۆژ لە گردی دەباشان بەخاک سپێردرا.



900بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Oct 9 2017 3:11PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ