راپۆرت و لێکۆڵینەوە

مام جەلال، کوردێک جێگەی گەورەتر لە کوردستان ‌




ن: جەنگیز چاندار
و: ھێژا دڵشاد
ھەندێ لە مرۆڤەکان جێگەیان گەورەیە. لە کاتی کۆچیاندا زیاتر درک بەو راستییە دەکرێت. مام جەلال یەک لەو کەسانەیە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ ئەو رووداوە ناخۆشانەی کە روویاندا، کاریگەریی ھەبوو لەوەی ئەو لە زەمینەی سیاسی دوورکەوتبووەوە. ئەوەی ئەو بۆ گەلی کوردی کردووە، تائێستا ھیچ کەسێک نەیکردووە. لێرە بەدواوە پێموانییە کەس بتوانێ بەئاسانی ئەو کارە بکات. لەبەرئەوەی ئەو جگە لە سەرکردەیەکی کورد، کەسێتییەکی دەرکەوتوو بوو لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا لەسەر شانۆی مێژوو دەرکەوتبوو. لە روویەکی ترەوە تاڵەبانی کوردەکانی بە رووی جیھاندا ناساند.
ھەندێکجار لە ئاستی کۆچی ھەندێ کەسایەتی نازانین چی بڵێین و بەبێ دەنگی دەمێنینەوە، لە راستیدا ئەوەندە شت ھەیە باسی بکەیت کە بێدەنگ نەبیت. بەڵام دڵت غەمگین و غەمبار دەبێت و دەمبەست دەبیت لە ئاست  وشەکاندا. کاتێ ھەواڵی کۆچی دوایی مام جەلال-م بیست حاڵی من ئاوا بوو. نزیکەی نیو سەدە دەبێت یادەوەریم لەگەڵ مام جەلال ھەیە، لە کتێبی شەمەندۆ‌فەری میزۆپۆتامیا بەخۆشحاڵییەوە بەزمانی کوردی و عەرەبی چاپکرا و بۆ مام جەلال-یان خوێندبووەوە، ھەموو ئەو یادگارییا‌نە باسکراون.
مام جەلال لە پاش ساڵ و نیوێک لە وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەیەک لە بەرلین، لە تەمموزی ٢٠١٤ گەڕایەوە بۆ سلێمانی، چەندجارێک لە رێگەی نووسین و یەک بینینەوە گەردنی یەکترمان ئازاد کرد.
مام جەلال لە دیدی منەوە، کەسێکی سیاسی و بەنرخ بوو، دۆستێکی زۆر نزیک و تایبەتم بوو. لە پاش ئەوەی لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٢، دوو جار تووشی خوێن بەربوونی مێشک بوو، لە نەخۆشخانەیەکی بەرلین بەشێوەیەکی سەیر لە مردن گەڕایەوە، مام جەلال گەڕایەوە بۆ ژیان، بەڵام چیتر ئەو مێژووی نەدەنووسییەوە، وەک کەسایەتییەکی گرنگ ناوی چووە مێژووەوە. مام جەلال توانای قسەکردنی لەدەستدابوو. نەیدەتوانی جوڵە بەلایەکی لەشی بکات. چاوێکی نەیدەبینی، سەرەڕای ئەوەش ھەموو بەیانییەک لەماڵەکەیدا بە قات و بۆینباخەوە دادەنیشت و پێشوازی لە میوانانی دەکرد.
لە پاش نەخۆشکەوتنی بۆ یەکەمجار لە مارتی ٢٠١٥ سەردانم کرد، زۆر نیگەران بووم بە دۆخی مام جەلال، جاری دووەمیش لە شوباتی ٢٠١٦ بینیمەوە.
بۆ چاپی دووەمی کتێبەکەم بە کوردی شێوەزاری سۆرانی، دووبارە پێشەکیم بۆ نووسییەوە، چەند دێڕێکم بۆ زیاد کرد و پیشانی مام جەلالم دایەوە، ئەویش چاوەکانی پڕ بوو لە فرمێسک، تاڵەبانی بە ئاگا بوو لە رووداوەکان و ھەستی بە شتەکان دەکرد.
مام جەلال لە نیوەی ساڵانی ١٩٤٠ دا کاتێ لاو بووە، دەست بە خەباتی سیاسی کردووە و نزیکەی ٧٠ ساڵ لە کاروانی خەباتی سیاسی بەردەوام  بووە. لە کوردستان، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەسایەتییەکی ناسراو و دیارە. بۆیە ھەندێ لە کەسایەتییەکان زۆر گەورەن و پێگەیان گەورەیە و لە کاتی کۆچیاندا زیاتر شوێنیان دیار دەبێت. مام جەلال یەک لەو کەسانەیە. ئەو رووداوانەی لە ٢٠١٢ وە تائێستا روویانداوە بەجۆرێک کاریگەری بەوەوە ھەیە کە ئەو لە زەمینەی سیاسی غیاب بووە. 
ئەگەر ئەو لە سیاسەتدا چالاک بوایە، ئایا ئاڕاستەی رووداوەکان بەشێوەیەکی تر دەبوون؟ 
بەڵێ بەشێوەیەکی گشتی جیاوازتر دەبوون، بەوەی مام جەلال لە رووداوە مێژووییەکاندا رۆڵی زۆر کاریگەری گێڕاوە و ھەوڵەکانی نموونەیەکی روون و ئاشکرایە بۆ ھەموو لایەک.
بەبیرم دێت لە ساڵی ١٩٩٢ بوو، تورگوت ئۆزاڵ پێیوتم کە متمانە بە بارزانی بکات یاخود تاڵەبانی، لەو سەردەمەدا سیاسەتی دەوڵەتی تورک وابوو کە ناکۆکی بخاتە ناو کوردەکانی عیراقەوە و دواتریش ھەوڵ بدات کاریگەریی خۆی لە سەریان دروست بکات. تورکیا زۆر کاری بەو ئاڕاستەیە دەکرد تا بگاتە ئەو ئامانجەی. منیش لەوەڵامدا بە ئۆزاڵم وت: «بیر لە پیاوێک بکەرەوە کە لە ساڵانی ١٩٤٠ وە و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا کە چوار دەوری بە تورکیا و ئێران و سوریا واتە بەو دەوڵەتانەی کە لە دژی کوردن گەمارۆ دراوە، ئەو لە بەرامبەر بەغدا خەباتی کردووە، لە شاخەکاندا خەباتی چەکداری بەرپاکردووە، تەنانەت وەک ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە مەلا مستەفای بارزانی رابەری بزووتنەوەی سیاسی  کورد وەستاوەتەوە. لە جوگرافیای رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە چەندین شەڕ و ھەوڵی تیرۆر کردن  رزگاری بووە و توانیویەتی لە ژیاندا بمێنێتەوە. ھاوکاتیش توانیویەتی پێگەی خۆی بباتە پێشەوە، ئەوەتا لەگەڵ ئێوەی سەرۆک کۆماری تورکیا دادەنیشێت و لە تورکیا پێشوازی لێدەکرێت، ئەمە مانای ئەوەیە کەسایەتییەکی بەتوانا و سیاسەتکارێکی لۆژیکە، بۆیە پێشوازی لە کەسێکی سیاسی و لۆژیکی نابێت نیگەرانی سەرۆک کۆماری تورکیای لێبکەوێتەوە».
ئۆزاڵ پێیوانەبوو رۆژێک دێت و جەلال تاڵەبانی دەبێتە سەرۆک کۆماری عیراق و لە پاش رووخانی سەدام حسێن وەک سەرکردەیەکی کورد لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری دادەنیشێت، ئەمەش لە ئەنجامی ئەزموونی سیاسی سەرکەوتوویی ئەو بوو.
ئەوەی مام جەلال-ی دروست کرد، کەسێتی سیاسی و لۆژیکی نەبوو، بەڵکو سەرکردەیەک بوو بۆ دۆزی رەوای گەلەکەی تێکۆشانی دەکرد. لەبەر ئەو سیفەتەی ئەوەی کەمێک لە نزیکەوە مام جەلال-ی ناسیبێت خۆشیویستووە. ئەو سیاسەتکارانەی کە مام جەلال پەیوەندیی ھەبووە لەگەڵیان، سەرجەمیان ئەوپەڕی رێزیان لە مام جەلال دەگرت. ئەو سیاسەتکارانەی مامەڵەیان لەگەڵ مام جەلال کردبێت، ئەوا دواتر خۆشیان ویستووە.
مام جەلال، کەسێک لە میھرەبانی، قسەخۆش، بە وەفا و مرۆڤێکی جوان. ئەوەی ئەو بۆ گەلی کوردی کردووە، تائێستا  ھیچ  کەسێک نەیکردووە. لێرە بەدواوە کەس بە ئاسانی ناتوانێ ئەوە بکات، لەبەرئەوەی ئەو وەک کوردێک، کەسایەتییەک بوو لە سنووری جوگرافیای کوردستان زیاتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھاتە ناو شانۆی سیاسەتەوە. لە روویەکی ترەوە کوردەکانی بەجیھان ناساند. لە وێستگە گرنگەکانی مێژوودا کاری گرنگی بۆ گەلی کورد کردووە، ھەربۆیە لەلایەن گەلەکەیەوە نازناوی «مام»ی لێنرا. دەبێت لەوە  بەنرختر چی بێت؟
لە راستیدا لە ساڵی ٢٠١٢ بەدواوە، رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکانیش لەسەر ئەوە راھاتوون بەبێ ئەو بژین. ھەرچەندە مام جەلال قسەی نەدەکرد و لە سیاسەت چالاک نەبوو، بەڵام بوونی ئەو ھەر جیاواز بوو. ئێستاش کۆچی ئەو رووداوێکی جیاواز دەبێت و کوردەکان بە ئاسانی لەگەڵ ئەمە رانایەن.
بۆ کەسێکی وەک من کە زیاتر لە ٤٠ ساڵ و نزیکەی نیو سەدە مام جەلال ھاوڕێم بووە، خۆم لەسەر ئەوە راناھێنم  کە ئەو کۆچی دوایی کردووە. لە وەڵامی پرسەنامەکەی من بۆ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی کوڕی نوسیویەتی « ئەو برای تۆ بووە، تۆش برای ئەویت».
مرۆڤ لە کۆچی دوایی براکەیدا بڕوا ناکات و رانایەت بەو وەزعە، بۆ من سەدەیەک کۆتایی پێھات، لەبەر ئەم ھۆکارە لێرە بەدواوە ھەرچی بنووسم بێ ھودەیە لە ئاست کۆچی دوایی مام جەلال. مام جەلال ماوەی پێنج  ساڵ بوو نەیدەتوانی قسە بکات، چیتر قسە ناکات. ئێمەش لە ئاست کۆچی دوایی ئەودا، بێدەنگ بووین و سەرمان داخستووە.
سەرچاوە:  
gazeteduvar.com.tr


303بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Oct 8 2017 5:59PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ