راپۆرت و لێکۆڵینەوە

مام جەلال : ئەفسوون و دانایی و گەشبینیی



چیرۆکی وێنەیەک
(دیدارێک لەگەڵ مێژوونووس، دیپلۆمات و رۆژنامەنووس دکتۆر فێردیناند ھیننەربیشلەر)
ژینۆ عەبدوڵڵا*
سەرەتا:
زۆرن ئەوانەی بەم فۆتۆ مێژووییەی ھەڤاڵ مام جەلال رابەری بزووتنەوەی رزگارییخوازی گەلی کوردستان سەرسام بوون و کەوتونەتە روانین و رامان وبیرکردنەوە وتێگەیشتن لە رۆڵ وجێدەست وکەسایەتیی وکاروان ومێژووی دوور و درێژی ئەو سەرکردە کەم وێنە و مەزنەی گەلی کوردستان و گەلانی تری ستەم دیدەی جیھان، کە بە شاھیدی دۆست و دوژمن سەرکردەیەکی سیاسیی و خەباتگێڕێکی شێلگیر بووە بە پلەی نایاب. بەڵام دەشێت زۆر کەم بن ئەوانەی چیرۆکی ئەو وێنەیە و رووداو و بەسەرھاتەکانی دەوریان داوە دەزانن و ئاگادار و زانا بن بەوەی ئەو وێنە سەرنج راکێشەی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پاشان سەرۆک کۆماری عێراق لە کوێ گیراوە، کێ گرتوویەتی، مامی گەورە چیی دەنووسێت و لە پێش ئەو وێنەیەدا چ دڵسۆزیی وخۆنەویستیی و پەرۆشیی و پشتیوانییەکی بۆ "پاراستنی براکان" نیشانداوە و چ رۆڵ وکاریگەریی و ژیریی و داناییەکی بەرجەستەکردووە بۆ رێگرتن لە کارەسات و کوشتارێکی گەورە لە کۆتایی ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوودا.
پێویستە بگوترێت ئەم وێنەیەی ھەڤاڵ مام جەلال، ھاوشێوەی سەدان و بگرە ھەزاران وێنەی تر، وەک لە وتەی مێژوونووس، دیپلۆمات و رۆژنامەنووسی نەمسایی دکتۆر فێردیناند ھیننەربیشلەر (وێنەگرەکەی) دا دەردەکەوێت خاوەنی چیرۆکێکی پڕ لە شکۆمەندییە و بە بڕوای ئێمە شایانی گێڕانەوە و بیرھێنانەوەیە لە ئێستا و داھاتووشدا بۆ تێگەیشتن لە مانا و مەغزاکانی سەرکردایەتیی و رابەرایەتیی. 
ئەم وێنەیە ھاوشێوەی وێنە بەناوبانگ و مێژووییەکانی جەنگ و رووداوە سیاسییە مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی، بەھەمان شێوەی وێنەی سەرکردە مەزنەکانی جیھان کە لە پێناو گەلەکانیان و بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتییدا خەباتیان کرد، یاخود وێنەکانی ئەو پادشا و شاژن و شازادە و سەرۆک و سەرۆک وەزیر و وەزیرانەی بە ھزر و بیر و باوەڕ و روانین و گوفتار و کرداری چاکیان بوونەتە بەشێک لە یادەوەریی نیشتمانیی گەل و نەتەوەکانی خۆیان و سیمبولێکیش بۆ حوکمڕانیی باش و خەباتی رەوای گەلان بۆ ئازادیی و مافی چارەنووس، ئا بەو چەشنە ئەم وێنەیەش بێ دوودڵیی وگومان شایانی ئەوەیە بە شانازییەکی شایستە و دوور لە ھەر جۆرە دەمارگیرییەکی سیاسیی و نەتەوەیی بخرێتە یادەوەریی نەتەوەییمانەوە بەو پێیەی ئەو وێنەیە شاھیدێکی ترە لەسەر ھەموو ئەو چیرۆک و بەسەرھات و یاداشتانەی لە رابردوو و ئێستا و داھاتوودا لەسەر گەورەیی و کاریگەریی کەسایەتیی سەرۆک مام جەلال نووسراون و دەنووسرێن.
لە سۆنگەی بڕوابوون بە بایەخ و گرنگیی وێنەی فۆتۆگرافیی لە ژیانی تاک و کۆمەڵگە بەگشتیی و کایەی خەبات و تێکۆشانی سیاسیی بە تایبەتیی و کاریگەرییەکانی بۆ گەیاندنی پەیام و ناساندنی کەسایەتییەکان بە جەماوەر و ھێشتنەوە و بە دۆکیومێنتکردنی رووداو و بەسەرھاتەکان، بە پێویستمان زانی بچینە دیداری (دکتۆر فێردیناند ھیننەربیشلەر ) کە یەکێکی ترە لەو دەیان و سەدان رۆژنامەنووس و کەسایەتییە ئەکادیمیی و دیپلۆماتە بیانییانەی بە دیداری ھەڤاڵ مام جەلال شادبوون و ئەو رابەرە کەم وێنەیەی گەلەکەمان بوونەتە بەشێک لە مێژووی ژیانی تاکەکەسیی و پیشەییان.لەو دیدارەدا دکتۆری دیپلۆمات و توێژەری بواری مێژوو و رۆژنامەوان ووردەکاریی گرنگ لە بارەی پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆک مام جەلال و کەسایەتییە کاریزمییەکەی وھەل و مەرجی تایبەت بەو وێنەیە باس دەکات کە بە کامێرای تایبەتیی خۆی لەجۆری (Nikon F٢AS, ٣٥mm)  گیراوە. ئەمەی خوارەوە دەقی وتەکانی دکتۆر ھیننەربیشلەرە کە لە چەند ناونیشانێکدا خوێنەری بەرێز دەیخوێنێتەوە.دوای دیدارەکەش پوختەیەک لە ژیاننامەی وێنەگری ئەو وێنە مێژووییەی سەرۆک مام جەلال خراوەتەڕوو.
-یەکترناسین لەگەڵ مام :
سەرەتای ناسینی من و مام جەلال دە گەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٦. ئەو کاتە مام جەلال ھاوڕێ لەگەڵ دکتۆر کەمال فوئاد بە سەردانێک ھاتبوو بۆ ڤیەننای پایتەختی نەمسا و لەوێ لە ماڵی فوئاد رەسوڵ یە کترمان ناسیی. ئەو کات تازە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرابوو، ھە ر زوو پێی وتم  تۆ دکتۆر (دکتۆر فێردیناند) یت  وتم بەڵێ وتی من و تۆ ماوەیەکی زۆر پێکەوە دەبین. لە ماوەی پێکەوبوونماندا ھەمیشە باسی خەبات و تێکۆشانی کوردی بۆ دەکردم . منیش برٍِیارمدا ھاوسەفەری مام جەلال بم لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کوردستان و ماوەیەکی زۆر لە ساڵی ١٩٧٩یاوەری بووم و بەزۆریش لە بارەگای سەرکردایەتیی لە ناوزەنگ و سەرگەڵوو و بەرگەڵوو دەمامەوە.
- خاکییبوون، ئەفسوونی راکێشانی بەرانبەر
مام جەلال، گەورەترین چەکی پێیە بۆ ڕاکێشانی بەرانبەر کە خاکییبوونەکەیەتی ، ئەو چەکەی من ناوم ناوە سیحر (ئەفسوون)ی وتەکانی تاڵەبانیی و رەفتار و کردارەکانی کە ھەر زوو قەناعەت بە یارو نەیار دەھێنن..ئەو دیپلۆماسییەتە گەورەیە  کە من لە ماوەی ھاوڕێیەتی مام جەلال تێبینییم کردووە بە تایبەت لە شاخ، کە چۆن لە ناو بێ ھیوایی و  نائومێدییدا ھیوای دە بەخشییەوە بە ھاوسەنگەرەکانی و بەردەوام بوو لە خەبات و تێکۆشان بێ پسان و ھەمیشە نمونەی نوێی بەرخودان و خەباتی پیشان دەدایت.
- نموونەیەک بۆ گەشبینیی و روانین بۆ دوور:
لێت ناشارمەوە لە دانیشتنێکماندا لە ناوزەنگ، ئەوکات کەڕژێمی عێراق لەوپەڕی بەھێزیی و توانادابوو بەتەواوەتی دژی ھەموو مافێکی کورد بوو. وڵاتانی دراسێ و ئیقلمیش دژی داخوازییەکانی گەلی کوردبوون.  لەو دەمەدا پێکەوە لەگەڵ مام جەلال کەوتینە گفتوگۆ و پێی وتم (فێردیناند) دەبینی ڕۆژێک دێت من دەبمە سەرۆک کۆماری کوردستانی سەربەخۆ لە ژیانی خۆمدا و تۆش شایەتییم بۆ دەدەیت. لە وکاتەدا وتم بەڕاستی مام جەلال زۆر گەشبیینە و زیادەڕۆیی دەکات چۆن کارێکی وا دەبێت بەڵام کە دواتر سەرۆک تاڵەبانیی بوویە سەرۆک کۆماری عێراق، ئەوکات زانیم من چەند ھەڵە بووم و مام جەلال چەند دوربین بوو.
- سەرکردەیەکی جیاواز:
مام جەلال، زۆر جیاوازە لە سەرکردەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ، چونکە ھەمیشە ڕابردووی خۆی لە یادەو پراگماتییە لە کارەکانیدا و ھەمووش بینیمان کە سەرۆک کۆمار بوو، بە ھەمان نەفەسی خاکییبوونەوە کاری دەکرد وھەرگیز نەمبینیوە ئەم پیاوە خاوەن کاریزمایە لە خۆی بایی ببێت و بەردەوام کلیلی چارەسەری کێشەکانی پێیە و دەرچەیەک ھەر دەدۆزیتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەمەش لای کەم سەرکردە ھەیە و بەردەوام ڕێزێک گەورەش لە بیروڕاکانی دەگیرا.
- چیرۆکی ئەم وێنەیە
سەرەتا زۆر خۆشحاڵم، کە لەسەر ئەم وێنەیە بەسەرم دەکەنەوە، چونکە یادگاریی و چیرۆکێکی گەورەشی لە پشتەوەیە کەئێستا بۆتان دەگێڕمەوە، کە ئەگەر حیکمەتی مام جەلال نەبوایە ڕەنگە کارەساتێکی گەورە بقەومایە و کوشتارێکی زۆری لێ بکەوتایەتەوە.
ئەم وێنەیە لە گوندی بوێرانی خواروو لە نزیک سەردەشت لە کوردستانی ئێران گرتومە لە نێو کۆمەڵێک وێنەی تردایە کە دەبێت وەک فۆتۆ ستۆری (چیرۆکی وێنەیی) باسی بکەین.
مانگی ھەشت (ئاب)ی ساڵی١٩٧٩ بوو، دوای شەڕێکی خوێناوی سێ مانگە لە نێوان کۆماری ئیسلامیی(ناوە تازەکەی ئێران پاش شۆڕشی ئیسلامیی) و ھێزە کوردستانیەکانی کوردستانی ئێران ، بە میانگیریی مام جەلال، نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتی داریوش فروھەر و کومیتەی شاری مھاباد بە سەرۆکایەتی دکتۆر عبدلڕەحمان قاسلمۆ (رابەر و سەرکردەی گەورەی کورد کە لە نەمسا تێرۆر کرا) و شێخ عزەدین، لەم شوێنە کۆبوونەوە . وەک لە وێنەی یەکەمدا دیارە کۆبوونەوەکان پڕۆکینەر بوون زیاتر لە نۆ سەعاتیان خایاند. کۆمیتەی مھاباد ١٢ خاڵیان پێبوو بارودۆخەکەش گرژ و ئاڵۆز و پڕ لە توندیی بوو. چادوێری نێودەوڵەتیی نەبوو ھەر دوو لایەن توندبوون . ھەڵچوون و توڕەیی و گرژیی و دەنگە دەنگ ھە بوو. زوو زوو نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران داریوش فروھەر بە جیھازەوە دەھاتە دەرەوە لە گەڵ ڕێبەرانی شۆڕش لە تاران قسەی دەکرد. خەریک بوو کۆبوونەوەکان بێ ھیچ ئەنجامێک دەگەیشتنە کۆتایی و ترسی ئەوە لە ئارادا بوو دۆخەکە بەرەو توندو تیژیی بڕوات. داریوش فروھەر ھاتە دەروە بینی مام جەلال پیاسە دەکات و ھات بۆ لای وتی مام جەلال کاری تۆ تەواو بوو بڕۆرەوە بۆ وڵاتی خوت و کارت نەماوە ئێمە خۆمان کێشەی خۆمان چارەسەر دەکەین. مام جەلالیش زۆر بە ئەعساب (دەروون) ێکی ساردەوە پێی وت  "من لێرەم بۆ پاراستنی براکانم".داریوش فروھەر وتی باشترە بڕۆێت لێرە ٧٠ ھەزار پاسداری لێیە، لەولا تریشەوە ھێزێکی زۆری پاسداری لێیە  ئێمە ناتوانین ئەمنییەتی تۆ بپارێزین و تۆش ناتوانی ئەمان بپارێزیت. مام جەلالیش یەکێک لە پاسەوانەکانی خۆی بانگ کرد و وتی بڕۆ بەوپێشمەرگانە بڵێ کە خۆیان حەشارداوە خۆیان ئاشکرا بکەن. ئەویش ڕۆیشت و ھەزاران پێشمەرگە لەسەر شاخ و بەرزایی و پێدەشتەکانی دەوربەر دەرکەوتن و کە داریوش فروھەر بینی سەری سوڕماو کردی بە سوعبەت و وتی مام جەلال بە ئارەزووی خوت تۆ دەتوانی ھەر بمێنیتەوە.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکان کۆتاییان بێت، مام جەلال چووە سەر ئەو پەیژەیە و ئەو نامەیەی نووسیی. لەڕاستییدا پلانی چۆنییەتی ڕۆشتنەوەی خۆی و ھێزەکەی دادەڕشت کە چۆن بەسەلامەتیی بگەڕێنەوە بۆ کوردستانی عێراق و دواتر نامەکەی لوول کرد و وەک لایلۆنی چکلێت بچوک بووەوە و دای بە یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ھێزەکە بە نھێنیی و بەسەلامەتیی بگەڕێنەوە و دواتر ئەو نامەیە ناسرا بە (نامەی نوقڵ). 
لەوکاتەدا، حیکمەتێکی زۆر گەوەی مام جەلالم بینیی. ھەردوولای ھێورکردەوە و داوی دان بەخودا گرتنی لێکردن و نەیھێشت ھیچ کاردانەوەیەک ڕووبدات چونکە باردۆخەکە شڵە ژابوو پێویست بوو یەکێک کۆنتڕۆڵی باردۆخە بکات و کارەسات نەقەموێ، چونکە زیاتر لە ٧٠ ھەزار پاسداری لێبوو ژمارەیەکی زۆر ھێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکرات (کوردستانی ئێران) ی لێبوو، ١٠ ھەزار پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی لێبوو. لەو کاتەدا مام جەلال بارودخەکەی کۆنتڕۆڵ کردوو نە یھێشت لە دەست بچێت و وەک لە ڕەسمەکاندا دەردەکەوێت ویستم ڕەسمێکی بگرم مام جەلال گەشبین بوو و پێدەکەنی.بەڕای من ئەمە گەورەترین چەکی مام جەلالە کە بەھۆی سیحری قسە و کردارەکانییەوە ھەموو تە سلیمی دەبن و بەقسەی دەکەن.
دەمەوێت لێرەشەوە ئەو دەرفەتە بقۆزمەوە کە بە حوکمی ئەوەی من دیپلۆمات بووم و ماوەیەکی زۆر لە و سلکەدا کارم کردووە لەگەڵ دیپلۆماتی ئەمریکیی و ئەوروپیی و وڵاتانی ناوچەکە  گفتوگۆم کردووە ھەموویان ئەو ڕاستییەیان بۆ باس دەکردم و دەیانووت ئەگەر نا لەباریی تەندروستیی مام جەلال نەبووایە، نە ھەرێمی کوردستان توشی ئەم قەیرانە سیاسۆی و ئابوورییە دەبوو نەعێراقیش تووشی ئەم قە یرانە ئەمنیی و سیاسییە دەھات چونکە مام جەلال باڵانسی ڕاگرتبوو لە نێوان شیعە و سوونە بەوەش ھەرگیز داعش نەیدەتوانی موسڵ و ناوچەکانی تر بگرێت و دۆخی ئەمنیی شڵۆق بکات و ھە موولایەک بە قسەی مام جەلالیان دەکرد و کێشەکانی ھەولێر –بەغداش بە م شێوەیە نەدەبوون. قەیرانەکانی ھەرێمیش نەدەگەیشتنە ئەم ئاستە.
بەشێک لە ژیاننامەی Dr. Ferdinand Hennerbichler:
- ٣/١١/١٩٤٦ لە لینز ، سەرووی نەمسا لە دایک بووە. 
- رەگەزنامە:ئەوروپیی لە رەچەڵەکێکی نەمسایی
- پۆستی ئێستا: مێژوونووس ، دیپلۆمات و رۆژنامەنووسی پێشوو.
- ١٩٦٥-١٩٧٢ لە زانکۆی ڤیەننا مێژوو  و زمانەوانیی و فەلسەفەی ئەڵمانیی خوێندووە.
- ١٩٧٢ دکتۆرای فەلسەفەی لە مێژوودا پێدراوە لە زانکۆی ڤیەننا.
- ٢٠١٢ دکتۆرای فەخریی لە زانکۆی سلێمانی ، ھەرێمی کوردستان پێدراوە.
- ١٩٦٧-١٩٧٩،١٩٨٥-١٩٩٠ سەرنووسەری کاروباری دەرەوە و پەیامنێربووە بۆ دەزگای پەخشی نەمسا (Austrian Broadcasting Corporation ORF
- بوارە سەرەکییەکانی کارکردنی : خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، خۆرھەڵاتی ئەوروپا، یەکێتیی ئەوروپا، کورد، ئێران، عێراق، تورکیا، ئیسراییل – فەلەستین، لوبنان و قوبروس بووە کە لە بەشی زۆری ئەم ناوچانەدا شەڕ و ململانێی نەژادیی، ئایینیی، وەرچەرخانی سیاسیی لە ستەمکارییەوە بۆ دیموکراسیی ھەبوون و لە ھەندێک ناوچەشیاندا خەباتی گەلی کورد بەردەوامە بۆ ئازادیی و مافی چارەنووس.
- ساڵی ١٩٨٠ توێژینەوەی " شۆڕشی کوردی ئێران و سەرکردەکانی" بڵاوکردۆتەوە لە گۆڤاری مانگانەی سویس ریڤیو بۆ کاروباری جیھان.
-١٩٨٦ ھەندێک رەھەندی گەڕاندنەوەی بزوتنەوەی گەلی کورد دوای ١٩٧٥. لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کار و مێژووی کۆمەڵایەتیی لە ڤیەننا.
-٢٠٠٤ کتێبی (مێژووی گەلی کورد) 
-بابەتێک لەسەر رەچەڵەکی کورد کە ھەم لەشێوەی نووسراو و ھەم لە زنجیرەیەک وانەدا لە ناوەندە ئەکادییمەکانی روسیا و نەمسا لە ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٢ پێشکەشی کردوون.
-  ٢٠١٣ :تێرۆرکردنی عەبدولرەحمان قاسملو(١٩٣٠-١٩٨٩) ، ھەڵسەنگاندنێکی تازە، لە کتێبی ساڵانەی دیراساتی کوردیی ڤیەننا.



336بینین‌‌‌
2 هەفتە پێشتر - Oct 5 2017 7:11PM
Print Friendly and PDF
123
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ