راپۆرت و لێکۆڵینەوە

ئۆپۆزیسۆنى ناوخۆیی و دیموکراسیی ڕاگوزه‌رى له‌ دواى جه‌نگ


اوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەکان
نووسینی: ئەندرو ڕادین پسپۆڕی سیاسی لە ڕەند کۆرپۆڕەیشن
سەرچاوە: دیراساتی ئەمنی ٢٠١٧
وەرگێڕانی: د. پشتیوان فەرەج 

پوختە
بەشێکی زۆری توێژینەوەکان ئاماژە بە دواخستنی ھەڵبژاردن و پڕۆسەی بەلیبراڵکردن لە کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای جەنگدا دەکەن. بەڵام زۆر بە کەمی نووسین و توێژینەوە ھەیە لەلایەن پەیامە نێودەوڵەتییەکان بۆ دیاریکردنی کات و چۆنیەتی دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و گواستنەوەی دەسەڵاتی شکۆمەندی، بۆ نموونە لە وڵاتانی وەک کۆسۆڤۆ و عێڕاق. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە تیۆرێک دەخەمە ڕوو کە تیایدا ئەو ھۆکارانە دەخەمە ڕوو کە بەھۆی بوونی دوو جۆر لە ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ - ئۆپۆزیسۆنی چینی نوخبەوی و خۆپیشاندانی جەماوەری- کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناچار دەکەن کە پیاچونەوە بە پیلانی قۆناغی ڕاگوزەری پێشوی خۆیان بکەن. لەدوای خستنە ڕووی ئەم تیۆرە چەند پێشبینیەک دەخەمە ڕوو و تیایدا باس لەوە دەکەین کە ھێزە داگیرکارە نێودەوڵەتییەکان لە کۆسۆڤۆ و عێڕاقدا تەنھا بۆیە دەیانتوانی ئەو پیلانەی کە خۆیان پێیان باش بوو بۆ قۆناغی ڕاگوزەری جێ بەجێ بکەن چونکە بارودۆخەکە لەوکاتەدا لەبار نەبوو بۆ ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی. بەھۆی غیابی دەسەڵاتی سەنتەر لەناو گروپە سەرەکیەکاندا ھێزە داگیرکەرە نێودەوڵەتییەکان نەیاندەتوانی بۆیکۆتی نوخبەویەکانی دەسەڵات بکەن وە کاتێک کە سیاسەتی نێودەوڵەتی نابێتە مایەی ھەڕەشە بۆ ئامانجەکانی گروپە ناسیۆنالیستەکان ئەمە وادەکات کە خۆپیشاندانی جەماوەری ڕوونەدات. مەغزای ئەم تیۆرەش ئەوەیە کە ھەوڵی دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی لیبرالیزەیشن تەنھا ئەو کاتە کارێکی باشە کە ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ لاواز و بێکاریگەر بێت.
زۆر توێژینەوە ئەو بۆچونە دەخەنە ڕوو کە لە کۆمەڵگا ڕاگوزەریەکانی قوناغی دوای جەنگدا بەپەلە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەبێتە ھۆی پەکخستنی دیموکراسی و دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی توندوتیژی. ھەندێکی تر لە توێژەرەدان لەوباوەڕەدان کە ھێشتنەوەی باودۆخەکە وەک خۆی باشترە لە ھەڵبژاردن بەشێوەیەکی خێرا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەیە ھانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدەن بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و بەلیبڕاڵکردنی کۆمەڵگا لە کۆمەڵگاکانی قوناغی دوای شەڕدا. بەڵام تا ئێستا ھیچ توێژەر یان توێژینەوەیەک درکی بەو ڕاستیە نەکردوە کە لەھەندێک پەیام و داگیرکاری ھێزە نێودەوڵەتییەکاندا، بۆ نموونە لە عێڕاق و کۆسۆڤۆدا، ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەرنامەو پلانیان ھەبوە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ئەو کەسانەی کە ھەڵدەبژێردرێن و خەڵک دەنگیان پێدەدات بەڵام بەھۆی فشاری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆوە ئەو ھێزە نێودەوڵەتیانە ناچار بوون یان ملیان دا کە ڕێگە بدەن بەئەنجامدانی ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی زووتر لەو بەرنامەیەی کە بۆیان داڕشتبوون.
بۆ نموونە پەیامی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کۆسۆڤۆ دەیویست تا بۆی دەکرێت ھەڵبژاردن لەسەرتاسەری نیشتمانی کۆسۆڤۆدا دوابخات. دوای ئەوەی کە لە دواجاردا ھەڵبژاردن ئەنجامدرا، نەتەوە یەکگرتوەکان دیسانەوە ویستیان تا پێیان دەکرێت گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دوابخەن تا ئەو کاتەی کە دامودەزگای بەھێزی دیموکراسی لە وڵاتەکەدا درووست دەبن. ھەرچەندە نەتەوە یەکگرتوەکان توانی ھەڵبژاردنەکان دوابخات بەڵام بەھۆی نائارامی سیاسی و ناسەقامگیریەوە لە ساڵی ٢٠٠٤ ناچار بوون دەست بە گفتوگۆ و لێکتێگەشتن بکەن سەبارەت بە سەربەخۆبوونی کۆسۆڤۆ زووتر لەو کاتەی کە مەبەستیان بوو. لە عێڕاقدا دەسەڵاتی ڕاگوزەری ھاوپەیمانان پیلانی دانا بۆ ھەڵبژاردن بەڵام تەنھا دوای ئەوەی کە دەستوور دابڕێژرێت و ئەو دەسەڵاتە پێی وابوو کە پێویستە ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ ماوەی دوو تا سێ ساڵی تر لەعێڕاقدا بمێننەوە تا ئەو کاتەی کە دامودەزگاگرنگەکانی وڵات درووست دەکرێن. بەڵام ھەروەک چۆن بەرپرسێکی باڵای پێشوتی سی ئای ئەی دەڵێت: "دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بۆ چەندین ساڵی تر ھەڵبژاردەیەکی باش و پراکتیکی و واقیعی نەبوو.". ئەمەش بەھۆی ئۆپۆزیسۆنی نوخبەویەکان کەلەلایەن ئایەتوڵا عەلی سیستانی وە ڕابەری دەکرا. دواتر ماوەی ساڵێکی تری پێنەچوو دەسەڵاتی ڕاگوزەری ھاوپەیمانان ڕازی بوون بە کۆتاییھێنان بە داگیرکاری و ناچاربوون ڕێگە بەھەڵبژاردن بدەن پێش ئەوەی دەستوری عێڕاق بنوسرێتەوە. لێرەوەیە گرنگی ئەم تیۆرەی من دەردەکەوێـت کە لە چ کاتێک و چ بارودۆخێکدا وەچۆن چۆنی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەتوانن ھەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتێکدا دوابخەن و ببنە ھۆکاری دواخستنی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەو کەسانەی کەلە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا دەیبەنەوە بگوازرێتەوە.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی دەخەمە ڕوو کە تیایدا بکەرە ناوخۆییەکان ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان بەلاوە باشترە و دەیانەوێت زووتر دەسەڵاتی سیاسی بگوازرێـتەوە و ئەم بکەرە ناوخۆییانە دەتوانن ھێز و کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەکان ناچار بکەن ڕێگە بە ھەرچی زووتر ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵات بدەن. بەپێ ی ئەم تیۆرە ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ دەتوانێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناچار بکەن کە ڕازی بن بە پیاچونەوە بە پلانی ڕاگوزەری خۆیان ئەویش بە دوو جۆر:
یەکەم) چینی نوخبەوی ئۆپۆزیسۆنی سیاسی دەتوانێت بۆیکۆتی دامەزراوە نوێنەرایەتیەکان بکات و ئەمەش ببێتە ھۆی ناشەرعی بوونی ئەو حکومەتەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت درووستی بکات.
دووەم) خۆپیشاندانی جەماوەری گەورە و بەرفراوان دەتوانێت ئەوە بخاتە ڕوو کە سیاسەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی خواست و ویست و ئیرادەی زۆرینەی جەماوەرە. 
تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی دووفاقی دیموکراسی وھەڵبژاردنەکانمان بۆ دەخاتە ڕوو - بۆ نموونە پابەندبوونی بەرپرسە نێوەوڵەتیەکان بە نۆرمەکانی دیموکراسی دەبێتە بەربەست لە پەیامە نێودەوڵەتییەکان ئەویش بەڕەچاوکردن و پیادەکردنی ئەو سیاسەتانەی کە ڕێگە خۆشکەرن بۆ دیموکراسی لەماوەیەکی درێژخایەندا.
ئەم توێژینەوەیە پێ ی وایە کە دواخستنی ھەڵبژاردنەکان و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ئەو بەرپرسانەی کە خەڵک متمانەی پێداون و ھەڵیان بژاردوون تەنھا ئەو کاتە باشە کە بارودۆخ و ھەلومەرجەکان لەبار نەبن بۆ ئۆپۆزیسۆنی سیاسی ناوخۆ. دوو ھەلومەرجی لەبار دەخاتە ڕوو : ھەبوونی دەسەڵاتێکی سەنتەر لەناو گروپە سەرەکیەکاندا یان سیاسەتی نێودەوڵەتی کە ببێتە مایەی ھەڕەشە بۆ خەونە ناسیۆنالیستیەکانی گروپێکی سەرەکی. ئەو بۆچونەی کە پێ ی وایە باشترین خزمەتی پڕۆسەی دیموکراسی بریتیە لە دواخستنی ھەڵبژاردنەکان یان گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ئەو کەسانەی کە ھەڵدەبژێردرێن تا ئەو کاتەی کە دام و دەزگای بەھێزی دیموکراسی درووست دەبن بەشێوەیەکی گشتی بۆچونێکی قەناعەت پێھێنەرە. بەڵام خاڵی لاوازی ئەم بۆچونە ئەوەیە کە بیری چوو ئۆپۆزیسۆنی سیاسی ناوخۆیی ئەوەندە بەھێز دەبێت دەتوانێت وا لە ھێز و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات پیاچوونەوە بە پلانی ڕاگوزەری پێشوی خۆیان بکەن و ھەر ئەم ئۆپۆزیسۆنە ناوخۆییە دەبێتە ھۆی وێرانکردنی ئەو دامودەزگایانەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت دایبمەزرێنێت و لەئاکامدا ئەمە دەبێتـە ھۆی ناشەرعی بوونی زیاتری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئایندەدا. بۆیە زۆر گرنگە کە ھێز و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی درک بە ئەو ڕاستیە بکەن کە کاتێک ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی وڵاتێک یان کۆمەڵگایەکی قۆناغی دوای جەنگ بەھێز دەبێت ئەمە دەبێتە فاکتەرێک بۆ بۆیکۆتکردنی چینی نوخبەوی ئۆپۆزیسۆن و فراوانتر بوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان ئەوا پێویستە لەسەر ھێزە ھاوپەیمانەکان و ھێزە دەستێوەردەر و داگیرکەرەکان کە وەڵامی داخوازیە ناوخۆییەکانی خەڵک بدەنەوە و ڕێگە بدەن بە ھەڵبژاردنی پێشوەخت و بەشێوەیەکی خێراتر دەسەڵاتی سیاسی بگوازرێتەوە بە شێوەیەکی دیموکراسیانە.
ئەم بابەتە لە شەش بەش پێکھاتووە. بەشی یەکەم باس لە کاتی ھەڵبژاردن لە کۆمەڵگاکانی قوناغی دوای جەنگدا دەکات ئەوە دەخاتە ڕوو کە زۆربەی ئەو بۆچونانەی کە پشتگیری دواخستنی ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن شکست دێنن لە دیاریکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بتوانێت سەرکەوتوانە ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵات دوابخەن. بەشی دووەم پاساوھێنانەوەیە بۆ تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی ڕاگوزەری نەوەک دیاریکردنی کاتی گونجاو بۆ ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵات. ئەم بەشە وردەکاریەکانی تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی دەخاتە ڕوو.بەشی سێیەم باس لە میتۆدۆلۆجی ئەم کەیسە دەکات. بەشی چوارەم و پێنجەم بەدواداچوون بۆ کاتی ھەڵبژاردنەکان و گواستنەوەی شکۆمەندی دەسەڵات لە عێڕاق و کۆسۆڤۆدا دەکات. بەشی شەشەم دەرئەنجام و پێشنیار و مەغزا سیاسیەکانی ئەم توێژینەوەیە دەخاتە ڕوو.

بەزنجیرەکردنی ھەڵبژاردنەکان: پێمان وایە چی دەزانین؟
زوو ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەدوای کۆتاییھاتنی شەڕی براکوژی دەرئەنجامی خراپی لێکەوتوە لە وڵاتەکانی وەک کەمبۆدیا و ئەنگۆلا و لیبریا و بۆسنیا و ھیرزۆگۆڤینا. زۆربەی ئەم ھەڵبژاردنانە دەرئەنجامی نێگەتیڤ و نەخوازراوی لێکەوتەوە بەھۆی ئەوەی ئەم وڵاتانە "زووتر" لەوادەی خۆی ھەڵبژاردنیان ئەنجامدا و ئەمەش بەزیانی ئاشتی و دیموکراسی کشایەوە. بە بۆچونی ڕۆلاند پاریس ھەڵبژاردنی پێشوەختە و بەپەلە و سەرپێی بوو بە ھۆی خراپبوونی کۆمەڵگای مەدەنی و درووست بوونی چینی ھەلپەرستی نەژادپەرست و ھەڵبژاردن بوە ھۆی کێبرکێ ی وێرانکەری کۆمەڵایەتی. بەتایبەتی لە کۆمەڵگایانەی کە دیموکراسی نەبوە بەکولتوور و مێژووی دیموکراسییانەیان بەخۆوە نەبینیوە.
ھەندێک لەبەرپرسە نێودەوڵەتییەکان وایان پێ باشترە زوتر ھەڵبژاردن بکرێت و دەسەڵات بگوازرێتەوە چونکە ئەمە زووتر دەبێتە ھۆی چەسپاندنی دیموکراسی کەمترکردنەوەی تێچوی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە کۆمەڵگاکانی قوناغی دوای جەنگ. بەڵام ھەندێکی تر وایان پێ باشە کە سیاسەتێکی ئەڵتەرناتیف ھەبێت لەلایەک ھەڵبژاردنەکان دوابخرێت بەڵام لەلایەکی تر کار بکرێـت بۆ بەھێزکردنی دامودەزگا دیموکراسیەکان.ڕۆلاند پاریس پێشنیاری ستراتیژیەتێک دەکات بەناوی "بەدامەزراوەییکردن لەپێش بەلیبرالیزەکردن" و لێرەدا ھەڵبژاردنەکان دوادەخرێت تا ئەو کاتەی کە دامەزراوەکان بەھێز دەبن بۆ نموونە وەک دامەزراوەی دادگاکان و درووستکردنی ھێزێ:ی پۆلیسی متمانە پێکراو و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە قسە ناشیاو بڵاوکردنەوەی ڕق ئەستوری لە میدیاکاندا و چەسپاندنی یاسای ھەڵبژاردن بەشێوەیەکی بیلایەنانە. ئیدوارد مانسفیلد و جاک سنیدەر ھانی پڕۆسەی دیموکراسی دەدەن لەڕێگەی دامەزراندنی ئەو دامەزراوانانەی کە دیموکراسی پێویستی پێیەتی و دواتر ھاندانی خەڵکی بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و کێبرکێکردنی یەکتر لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان تەنھا دوای ئەوەی کە ئەم دامەزراوە سەربەخۆیانە بونیان ھەبێت و ڕەگیان داکوتا بێت. زۆربەی ئەو توێژینەوە و پێشنیارانەی تا ئێستا ھەن پێیان باشە ھەڵبژاردن لە کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای جەنگدا دوابخرێت تا ئەو کاتەی کە دامەزراوەکان بەھێز دەکرێن.
تەنانەت ڕەخنەگرانی ئەم بۆچونە ھێشتا لەگەڵ ئەوەدان کە ھەڵبژاردن دوابخرێت لە کۆمەڵگایانەی کە تازە لە جەنگ ڕزگاریان بوە. بۆ نموونە تۆماس کارۆزەرس پێ ی وایە پڕۆسەی دیموکراسی بەدوو قوناغدا تێدەپەڕێت. قۆناغی یەکەم ئەوەیە کە وڵاتەکە تەواو وێران بوە بەدەست جەنگ و توندوتیژیەوە و ھەموو دام و دەزگاکان پەکیان کەوتوە بۆیە ھەڵبژاردن لە دۆخێکی وەھادا ھیچ مانایەکی نیە. بەڵام لە قۆناغی دووەمی دوای جەنگدا دامودەزگاکان بونیاتنراونەتەوە و ژێرخانی وڵاتەکە بەرەو باشتر ڕۆشتوە و لەم قۆناغەدا ڕاستە دیموکراسی بەشێوەیەکی ڕەھا بوونی نیە بەڵام دواخستنی ھەڵبژاردن مەترسیدارە و پێویستە لەم قۆناغەدا ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت چونکە دامودەزگاکان دەتوانن ئەم کارە بەسەرکەوتووی ڕاپەڕێنن. ئەو دەڵێت تەنھا لە قۆناغی دووەمی دوای جەنگدا دەتوانرێت کێبرکێ ی سیاسی و ھەڵبژاردن بکرێت و پێویستە لەھەمان کاتیشدا کاربکرێت بۆ بونیاتنانی دەوڵەت و ڕیفۆرم کردن لە حوکمی یاسا کە دەبێت یاسا سەروەر بێت.
ھەموو ئەم بۆچونانە لەگەڵ ئەوەدان کە ناکرێت کۆمەڵگایەک تازە لەدەستی جەنگ ڕزگاری بوە خێرا و دەست بەجێ ھەڵبژاردن ئەنجام بدەن بەڵام زۆربەی ئەم توێژەرانە ناتوانن ئەوەمان پێ بڵێت کە ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ھێزی دەستێوەردەر چۆن دەتوانن بەسەرکەوتویانە ھەستن بە دواخستنی ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵات. تۆماس ئیدوارد و عیرفان نورەدین ئەوەیان بۆ دەرکەوتوە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا ھەڵبژاردنی پێشوەختانە کراوە لە کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای جەنگ. داون برانکاتی و جاک سنیدەر پێیان وایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا دێت زیاتر ڕێگە بە ھەڵبژاردنی پێشوەخت و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەدەن بەڵام ئەمە تەنھا بۆ ئەو وڵاتانە ڕاستە کە دەستێوەردانی سیاسی تیادا ئەنجام دراوە. چونکە بکەرە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئاشتی و سەقامگیری. بەڵام زۆربەی ئەم پسپۆرە سیاسیانە نەیانتوانیوە ئەوە ڕوون بکەنەوە کە بۆچی ھێزە داگیر کەرەکان ویستویانە ھەڵبژاردنەکان و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دوابخەن بەڵام لەبەر چەندین ھۆکار نەیانتوانیوە لەو پلانەی خۆیاندا سەرکەوتوو بن بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک عێڕاق یان کۆسۆڤۆ.

تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی
بۆ تێگەشتنی زیاتر لەم تەوەرە تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی دەخەمە ڕوو. ئەم تیۆرە باس لەوە دەکات کە ھەندێک جار بکەری ناوخۆیی یان بکەری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆی وڵاتێک دەبێتە ڕێگر لە پلانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن و پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ئەو کەسانەی کە ھەڵدەبژێردرێن. ئەم تیۆرە پێ ی وایە کە بکەری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی بەلاوە پەسەندە چونکە ھەندێک پارتی سیاسی و نەژادی تر دەیانەوێت ڕاستەوخۆ لەدوای شەڕ دەسکەوتیان ھەبێت ئەویش لەڕێگەی نادیموکراسیەکانەوە.ئەم تیۆرە پێ ی وایە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەم داواکاریەکانی بکەرە ئۆپۆزیسۆنە ناوخۆییەکانەوە بچێت ئەگەر دەیانەوێت پلانی ڕاگوزەری خۆیان سەرکەوتوانە ئەنجام بدەن. بەتایبەتی ئەگەر ئۆپۆزسۆن ئەوەندە بەھێز بوو کە توانای لاوازکردنی ئەو دام و دەزگایانەیان ھەبوو کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیەوێت درووستی بکات یان ئەگەر توانای ئەوەیان ھەبوو پڕۆسەی دیموکراسی پەکبخەن بەشێوەیەکی گشتی. ئەم تیۆرەم لەوەوە تەرح کردوە کە جەختم کردۆتە سەر کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای جەنگ کە تیایدا کاریگەری نێودەوڵەتی بەھێزە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێت کاتی ھەڵبژاردنەکان دیاری بکات. ئەمە زۆر ڕاستە بەتایبەتی بۆ داگیرکاری نێودەوڵەتی کە تیایدا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەپشتگیری ھێزی سەربازی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و جێبەجێکردن و یاساییان ھەیە لەجیاتی حکومەتی ناوخۆی وڵاتەکە. بۆ نموونە وەک دەسەڵاتی ھێزەکانی ئەمریکا و ھێزەکانی ڕاگوزەری ھاوپەیمانان لە عێڕاق و ھێزەکانی سەربەنەتەوە یەکگرتوەکان لە وڵاتانی کۆسۆڤۆ و تەیموری ڕۆژھەڵات کە بەشێوەیەکی کاتی شکۆمەندنی دەسەڵاتیان ھەیە. ڕاستە کە نەتەوە یەکگرتوەکان وەک ھێزی داگیرکەر نەبوون بەڵام ئەوان چەندین تایبەتمەندی ھێزی داگیر کەریان ھەیە بۆ نموونە ئەوان بەپشتگیری ھێزی سەربازی دەسەڵاتی خۆیان مسۆگەر دەکەن وەک چۆن دەسەڵاتی ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێڕاق بەھێزی سەربازی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بەسەر عێڕاقدا دەسەپاند.
 ھێزە داگیرکەرەکان دەتوانن کاتی ھەڵبژاردنەکان دیاری بکەن و کاتی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسیش ھەر بەدەست ئەوانە ئەویش لەڕێگەی یاساوە و ئەوان چەندین کەرەستەی کاریگەریان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی وا ئۆپۆزیسۆنی سیاسی ناوخۆ بکەن کە یان ملبدەن یان پەراوێزیان بخەن یان ناچاریان بکەن بەبەکارھێنانی ھێز کۆڵبدەن. مانسفیڵد و سنیدەر بۆ نموونە، پێیان باشە کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەستن بە داگیرکردن وەک بژاردەیەکی سیاسی بۆ ئەوەی بتوانن باشتر ستراتیژی خۆیان بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن و پڕۆسەی بە لیبڕاڵکردنی کۆمەڵگاکانی دوای جەنگ جێبەجێ بکەن ئەویش سەرەتا بە بەھێزکردنی دامودەزگاکان. لێرەوەیە کە ئێمە دەتوانین سوود لە ئەزمونی داگیرکاری ھێزو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ستراتیژی ئەوان بۆ کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای جەنگ وەربگرین. لەبەشی دواتردا باس لەوە دەکەم کە بۆچی ھەندێک لە بکەرە ناوخۆییەکان ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان بەلاوە باشترە و خوازیارن کە قۆناغی ڕاگوزەری زوتر تێپەڕێنن و لەوێوە لەگرنگی ئەم تیۆرە تێدەگەین.

ڕوونکردنەوەی کاتی دیموکراسیی ڕاگوزەری
زۆر جار لە کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای جەنگدا ھەڵبژاردن کراوە بەساڵێک کەمتر یان زیاتر. بەڵام ئەوەی ڕوون نیە ئەوەیە کە ئایا ئەو ھەڵبژاردنە بەویستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بووە یان لە ژێر فشار و بە ویستی ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بوە. جاری وا ھەبوە کە ھەرچەندە ھەڵبژاردن ئەنجام دراوە بەڵام دەسەڵاتی سیاسی نەگوازراوەتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە ھەڵبژێراون و شکۆمەندی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردن و بڕیاردان ھەر لە لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یان دەسەڵاتی داگیرکەردا ماوەتەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە ھەڵبژاردن بەتەنھا یەکسان نیە بە گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی.زۆر جار دوای ھەڵبژاردنیش ھەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڕیاری سەرەکی حکومەتیان بەدەستەوە بوە یان مافی ئەوەیان ھەبوە کە بڕیاری سیاسی کەسە ھەڵبژێراوەکان ئیلغا بکەنەوە و حسابێکی وەھایان بۆ نەکەن. بۆیە لێرەوەیە کە تێدەگەین کاتی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی زۆر گرنگترە لە دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردن.لەوانەیە جیاوازیەکی زۆر دەبێت بۆ پڕۆسەی ئاشتی و گەشەپێدانی دیموکراسی ئەگەر ھات و ڕاستەوخۆ لەدوای کۆتاییھاتنی جەنگ ھەڵبژاردن ئەنجام درا و بەرپرسەکان حوکمی وڵاتی خۆیان گرتە دەست یان ئەگەر ھەڵبژاردن ئەنجام درا بەڵام ھێشتا بڕیاری سیاسی و شکۆمەندی دەسەڵات ھەر لەدەست ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا مایەوە. ئەم توێژینەوە بەلایەوە گرنگە کە بزانین تا چەند ھێز و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پلانی ڕاگوزەری خۆی ئەنجام دەدات و بەتایبەتی لەدیاریکردنی حوکمی دیموکراسی و درووستکردنی دامودەزگا ڕاگوزەریەکان و دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردن و دیاریکردنی کاتی گواستنەوەی شکۆمەندی دەسەڵات بۆ بەرپرسە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە. زۆربەی توێژینەوەکان تەنھا جەختیان کردۆتە سەر دیاریکردنی کێشەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و پێیان باشە ھەڵبژاردن دوابخرێت بەڵام ئەوەیان بەلاوە گرنگ نیە کە ئەمە دەبێتە ھۆی دواخستنی پلانەکانی تری ڕاگوزەری. ئەوان پێیان وایە کە سەرپەرشتیاری و چاودێری بکەرە نێودەوڵەتییەکان بەبەردەوامی و ڕاستەوخۆ دوای ھەڵبژاردنەکان لەوانەیە ببێتە ھۆی گەشەسەندنی دامودەزگاگان و ببێتە ڕێگرێک کە بەرپرسە تازە ھەڵبژێراوەکان نەتوانن پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراسی تێکبدەن لەبەرژەوەندی خۆیان. بۆ نموونە پاریس ڕەخنە لە پڕۆسەی بەلیبرالیزمی ئەم کۆمەڵگایانە دەگرێت نەوەک پڕۆسەی ھەڵبژاردن خۆی.لەڕاستیدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا پڕۆسەی یەلیبرالیزەکردنی کۆمەڵگا بەند نیە بە ئەو کاتەی کە بەرپرسە تازە ھەڵبژێراوەکان دەسەڵاتی تەواوی سیاسی دەگرنە دەست.
بۆیەگرنگە ھەڵسەندگانمان ھەبێت بۆ ئەوەی بزانین کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تاچەند سەرکەوتوانە پلانی قۆناغی ڕاگوزەری ئەنجام دەدەن نەوەک تەنھا ھەڵدەستن بە دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردن. لێرەوە ئێمە لە توانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ھاندان و پشتگیریکردن و بەھێزکردنی پڕۆسەی دیموکراسی لە کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای جەنگ تێدەگەین.ئەم توێژینەوەیە پێی وایە کە دیاریکردنی زنجیرەی ڕوداوەکان زۆر گرنگ و دەرئەنجامی قوڵیان بۆ ئایندەی وڵاتەکە دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر ھەڵبژاردنە ناوخۆیی و ھەرێمایەتیەکان پێش ھەڵبژاردنە نیشتمانیەکان ئەنجام بدرێت ئەوا دەرئەنجامێکی باش و پۆزەتیفی دەبێت. لە عێراقدا بە نموونە بچوکترین گۆرانکاری لە پلانی ڕاگوزەریدا دەرئەنجامی گەورەی ھەبوو. بۆ نموونە دەسەڵاتی ڕاگوزەری ھاوپەیمانان لە عێڕاق پلانی ڕاگوزەری خۆی گۆڕی و ئەمە وای کرد کە ھەڵبژاردنی سیستەمی ھەرێمایەتی پەسەند بکەن و ئەمەش وای کرد کە سوننە بۆیکۆتی ھەڵبژاردنەکانی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥ بکەن چونکە ترسی ئەوەیان ھەبوو کە نەتوانن لەسایەی ئەو ھەڵبژاردنەدا نوێنەرایەتی خۆیان بکەن.. بۆیە دەتوانین بڵێین بە ھۆی ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆوە وە شکستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردنی ئەو پلانە ڕاگوزەریەی کە خۆیان دایان ڕشتوە وا دەکات لە ئایاندەدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی شەرعیەتیان نەمێنێت و خەڵکی ناوخۆی ئەو کۆمەڵگایانەی قۆناغی دوای جەنگ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە دۆستی خۆیان نەزانن و ئەمەش مەغزای قوڵی دەبێـت کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەم داواکانی ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆوە بچێت.

پاڵنەرە ناوخۆییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە
پێش ئەوەی باسی ئەوە بکەین کەی وە چۆن ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی دەتوانێت فشاری زیاتر بکات بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە گرنگە لەوە تێبگەین کە بۆچی حزبێک یان لایەنێکی سیاسی دەیەوێت ڕاستەوخۆ لە دوای کۆتایی ھاتنی جەنگ ھەڵبژاردن ئەندام بدەن و دەسەڵاتی سیاسی بگوازرێتەوە. زۆرجار پارتە توندرەوەکان یان پارتە نالیبرالەکان سودمەندی گەورەن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە. بەڵام پارتە میانڕەوەکان لەقۆناغی دوای جەنگدا لاوازترن و ناتوانن ئەو فشارە گەورەیە بکەن. بۆیە ھەر حزبێکی سیاسی کە داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات ئەوە مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی سیاسی خۆی ھەیە. ڕاستە لەوانەیە ھەندێک پارتی سیاسی و بکەری ناوخۆیی بە جیدی لە خەمی ئەوەدا بن کە ھەرچی زوە پڕۆسەی دیموکراسی و ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵات دەستپێبکات بەڵام ھەندێک پارتی تر بۆیە داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن دەیانەوێت ھەرچی زوە شەرعیەتی نێودەوڵەتی وەربگرن و پێگەی خۆیان بەھێز بکەن و گروپی ئۆپۆزیسۆن تێکبشکێنن. لەوانەیە پارتێکی بەھێز بەشێوەیەکی ھەلپەرستانە بیەوێت گۆڵێکی سیاسی لە ھەموولا بکات بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە ھەلەکە لەبەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە ئەویش لە ڕێگەی بەکارھێنانی ھێز و توندوتیژی و پەراوێزخستنی نەیارەکانیان و تەزویر کردن لە ھەڵبژاردنەکاندا. ھەروەھا ھەندێک جار گروپی زۆرینە دەیەوێت ھەرچی زوە لە ڕێی ھەڵبژاردنەوە شکۆمەندی سیاسی بەدەست بێنن و ئامادە نەبن دواتر سازش بکەن بۆ گروپ و پارتی کەمینەکانی تر. ھەربۆیە تا زووتر ھەڵبژاردن ئەنجام بدەن و تا زووتر ھێز و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە وڵاتەکیان بکەنە دەرەوە باشتر دەبێت لەبەرژەوەندی ئەوان چونکە ئیتر ئەوان ھەرێمی خۆیان کۆنتڕۆڵ دەکەن و خەونە ناسیۆنالیستیەکانی خۆیان دێننە دی، ئەگەر خەونێکی وەھایان ھەبێت. بۆ نموونە ئەلبانیەکان لە کۆسۆڤۆ و شیعەکان لە عێراق خوازیاری ھەڵبژاردنی بەپەلە بوون بۆ ئەوەی ھەرچی زوە دەسەڵاتی زۆرینەی خۆیان بسەپێنن. ھەروەھا ھەندێک جار ئەو پارتانەی کەلە ڕوخان و داڕمان نزیک بونەتەوە و دەزانن لە ھەڵبژاردنەکانی ئایندەدا نایبەنەوە پێیان باشترە ھەرچی زوە خۆیان بەھێزتر بکەنەوە لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا. بۆ نموونە لە عێڕاق چونکە ئەحمەد چەلەبی پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئەمریکیەکاندا ھەبوو وە ئەندام بوو بەپلەیەکی بەرز لە ناو دەسەڵاتی ڕاگوزەری ھاوپەیمانانی ئیدارەکەی بۆش بەڵام خەڵکی عێڕاق پشتگیری ئەویان نەدەکرد چەلەبی فشاری زۆری کرد بۆ ئەوەی کە ھەرچی زوە شکۆمەندی دەسەڵات بگوازرێتەوە بۆ مجلسی حوکمی عێڕاقی چونکە ئەو خۆیان تیایدا ئەندام بوو، ئەمە بۆ چەلەبی باشتر بوو وەک لەوەی کە چاوەڕوانی ھەڵبژاردنێک بکات کە ئەگەری سەرکەوتنی زۆر کەم بوو. بۆیە دەتوانین بڵێین مەرج نیە ھەموو گروپ و پارتە سیاسی و سەرکردەکان ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان بەلاوە باش بێت. لەڕاستیدا پارتە میانڕەوەکان یان ئەو پارتانەی لە ڕۆژئاواوە نزیکن بەڵام توانای ڕێکخراوەییان سنوردارە ڕاستەوخۆ لە دوای جەنگ لەوانەیە زیاتر سوود وەربگرن لە دواخستنی ھەڵبژاردن تا ئەوکاتەی کە خۆیان بەھێز دەکەن و پشتیوانی بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە. بۆ نموونە بەرپرسی پێشوی دەسەڵاتی ڕاگوزەری ھاوپەیمانان لە عێڕاق پیتەر خەلیل پێ ی وایە کە "ئەیاد عەلاوی خوازیاری درێژەدان بوو بە حوکمی کاتی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەلایەکەوە بۆ ئەوەی کاتی ئەوەی ھەبێت ھاوپەیمانی و پشتگیری سیاسی بۆ خۆی زیاتر بکات لەناو شیعە و سوننە عەلمانیەکاندا".

کەی و چۆن ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ دەتوانێت پلانی ڕاگوزەری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگۆڕێت؟
لەناو ئەو کۆمەلگایانەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پلانی ڕاگوزەری خۆی دوادەخات لەوانەیە ئۆپۆزیسۆن وایان پێ باش بێت کە ھەرچی زوە گواستنەوەی دەسەڵات بەخێرایی وا بکات ئۆپۆزیسۆن بێتە سەر حوکم. بۆیە ئۆپۆزیسۆنی سیاسی ناوخۆ لە شێوەی نیگەرانیەکان و ڕەخنەکانی چینی نوخبەوی دەسەڵاتی ئۆپۆزیسۆن و خۆپیشاندانی جەماوەری و تەنانەت بەکارھێنانی توندوتیژی ھەوڵ دەدەن کاریگەری خۆیان ھەبێت. بەڵام گرنگە بزانین کە ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی لەھەموو کاتێکدا ناتوانێت وا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات کە پلانی ڕاگوزەری خۆیان بگۆڕن.
تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی لەتوایدایە کە سوودی ھەبێتلە دیاریکردنی ئەو بارودۆخانەی کە تیایدا چینی نوخبەوی ئۆپۆزیسۆن و خۆپیشاندانی جەماوەری دەتوانن وابکەن کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پلانی ڕاگوزەری خۆی بگۆڕێت. ئەم تیۆرە بۆ ئەو کۆمەڵگایانە باشە کە دوو تایبەتمەندیان تیادایە: دەستێوەردانێکی نێودەوڵەتی بوونی ھەیە و دەیەوێت دیموکراسی درووست بکات، وە مێژویەک ھەیە لە کۆبونەوە و ڕێکخستن و گردبونەوە و خۆپیشاندانی سیاسی. ئەگەر ھێزە داگیرکەرەکان ئامانجی ئەوەیان نەبێت دیموکراسی بێننە ئاراوە ئەوا ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی ناتوانن ناچاریان بکەن مل بۆ داواکانیان بدەن.بەبێ مێژوی کۆبونەوە و ڕێکخستنی سیاسی خۆپیشاندانی سیاسی ڕونادات، بۆیە داگیرکەرەکان ھەرگیز ناچار ناکرێن لەلایەن چینێکی نوخبەوی سیاسی کە ھیچ پەیوەندیەکیان بەجەماوەرەوە نەبێت و نەتوانن خەڵک موبیلایزە بکەن. ئەم تیۆرە پەیوەستە بە ئەو کۆمەڵگایانەی کە کە مێژویەکیان ھەیە لە مۆبیلایزەکردنی نەژادی و ئاینی و ناسیۆنالیستی وەک لە کۆسۆڤۆ و عێڕاق و سوریا (کە تیایدا دەستێوەردانی سەربازی و سیاسی ھەبوە). بەڵام ئەم تیۆرە لەسەر کۆمەڵگای وەک کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ پەیوەست نیە چونکە لەوێ چینی نوخبەوی سیاسی لە ڕێگەی نفوسکڕینەوە دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بەردەوامی پێدەدەن.
بڕوانە ئەو نەخشەیەی خوارەوە بۆ وردەکاریەکانی تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی
ئایا دەسەڵاتێکی ناوەندی ھەیە لەناو گروپێکی سەرەکی کە خوازیاری ھەرچی زوو دواستنەوەی شکۆمەندی دەسەڵاتی سیاسی بێت؟ 
بەڵێ__ سەرکردە سەرەکیەکان بۆیکۆت دەکەن__حکومەتی ئایندە ناشەرعی دەبێت__پیاچونەوە بە قۆناغی ڕاگوزەری دەکرێت بەھۆی بەرپەرچدانەوەی چینی نوخبەوی دەسەڵات
نەخێر__قۆناغی ڕاگوزەری ھەربەو جۆرە بەردەوام دەبێـت کە نەخشەی بۆ داڕێژراوە
ئایا سیاسەتی دەسەڵاتی داگیرکەر مایەی ھەڕەشەیە بۆ ئامانجەکانی گروپی ناسیۆنالیستی؟
بەڵێ__خۆپیشاندانی بەرفراوان و بەردەوام__بەڵگەیە کە سیاسەتی دەسەڵاتی ڕاگوزەری دژی خواستی جەماوەرە__ پیاچونەوە بە قۆناغی ڕاگوزەری دەکرێت بەھۆی خۆپیشاندانی جەماوەری
نەخێر__ قۆناغی ڕاگوزەری ھەربەو جۆرە بەردەوام دەبێـت کە نەخشەی بۆ داڕێژراوە
لە تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێـت کە تەنھا لەم دوو حالەتەدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پلانی ڕاگوزەری خۆی دەگۆڕێت کاتێک کە دەسەڵاتێکی مەرکەزی بوونی ھەبێت لەناو گروپێکی سیاسی سەرەکی (ئەمەش وادەکات ناڕەزایەتیەکانی چینی نوخبەوی دەسەڵات کاریگەر بێت) یان ئەگەر پلان و سیاسەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مایەی ھەڕەشەیە لە ئامنج و خەونی ناسیۆنالیستی گروپێکی سەرەکی سیاسی (ئەمەش وادەکات خۆپیشاندانی سەرتاسەری جەماوەری کاریگەری خۆی ھەبێت). ئەگەر یەکێک لەم دوو مەرجە بوونی نەبێت ئەوا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سیاسەت و پلان وس تراتیژی ڕاگوزەری خۆی ناگۆڕێت سەبارەت بە ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی.

میتۆدۆلۆجی و تێگەشتن لە تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ لە کەیسی عێڕاقدا
دوابەدوای داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا دەسەڵاتی ڕاگوزەری ھاوپەیمانان (سی پی ئەی) بەسەرکردایەتی پول بریمەر دەسەڵاتی لەسەر ھەموو عێڕاقدا ھەبوو ویستی دەسەڵاتی خۆی وەھا بەکاربھێنێـت کە دیموکراسیەتێکی سەرکەوتوو لە عێڕاق بێنێتە ئاراوە. ئەویش بە سوود وەرگرتن لە ئامۆژاریەکانی پسپۆرانی بواری دوای جەنگ دەسەڵاتی ڕاگوزەری ھاوپەیمانان پلانی دواخراوی ڕاگوزەری بۆ عێڕاق گرتە بەر. بەپێ ی پلانەکە داگیرکاری بۆ ماوەی دوو ساڵی تر بەردەوام دەبێت و داوایان کرد تەنھا دوای نوسینەوەی دەستوور ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. بەڵام دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بوە ھۆی نائومێد بوونی عێڕاقیەکان چونکە ئەوان دەیانویست ھەرچی زوە دەسەڵات بۆ عێڕاقیەکان بگوازرێـەوە. چینی نوخبەوی دەسەڵاتی ئۆپۆزیسۆن ناڕەزایەتیان دەربڕی و خۆپیشاندانی جەماوری سازکرا و پەلاماری توندوتیژی بەدوادا ھات. ھەرچەندە دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانان توانی خۆپیشاندانە جەماوەریەکان و پەلامارە توندوتیژەکان فەرامۆش بکات بەڵام نەیتوانی گرنگی بە ناڕەزایەتیەکانی چینی ئۆپۆزیسۆنی نوخبەوی نەدات و ملی بۆ داواکاریەکانی ئەوان دا. چونکە ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی گەورەی شیعەکان توانای ئەوەی ھەبوو کە وا لەسەرکردە نوخبەویەکانی شیعە بکات بۆیکۆتی دەسەڵات بکەن ئەمە وای کرد کە دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانان بەویستی سیستانی بڕیار بدەن و ملکەچی داواکاریەکانی ئەو بوون. دەسەڵاتی کاتی ناچار کرا لەلایەن سیستانیەوە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن زووتر ئەنجام بدرێت تەنانەت پێش نوسینەوەی دەستور وە ماوەی داگیرکاری ئەمریکای کەمتر کردەوە بۆ ماوەی چواردە مانگ.
لەخوارەوە، لەبەشی یەکەمدا باس لە سەرەتاکانی درووست بوونی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانان و پلانی ئەوان بۆ قۆناغی ڕاگوزەری دەکەین. بەشی دواتر باس لە فۆرمی ئۆپۆزیسۆنی عێڕاقی دەکەین لەگەڵ ئەو ھەل و مەرج و بارودۆخانەی کە تیایادا دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی ناچار کرا مل بۆ داواکاریەکانی عێڕاقیەکان بدات. وە لەبەشی سێیەمدا کۆتایی بە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوە دێنین.

سەرەتاکانی دەسەڵاتی کاتیی ھاوپەیمانان و دواخستنی پلانی ڕاگوزەری
دوای شەڕی عێڕاق دیاربوو ئەمریکا پلانی داگیرکردنی بۆ ماوەیەکی کورتخایەن ھەبوو بۆ ئەوەی ھەرچی زووە سەروەری دەسەڵات بۆ عێڕاقیەکان بگێرنەوە. بەڵام دوای چەند ھەفتەیەک وای لێھات ئەمریکا بۆ ماوەیەکی دوورخایەن داگیرکاری عێڕاقیان درێژکردەوە ئەویش لە ڕێگەی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانانەوە. سەرۆک بۆش پۆل بریمەری کرد بە بەڕێوەبەری دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانان. بریمەر ھەموو دەسەڵاتێکی سیاسی و بەڕێوەبردن و یاسایی ھەبوو لە عێڕاقدا. بریمەر پلانی ڕاگوزەری دواخست بەھۆی ھەمان ئەو بۆچونانەی کە پێشوتر باسمان لێوە کرد سەبارەت بە دواخستنی ھەڵبژاردنەکان. لە یادەوەریەکانی خۆیدا بریمەر دەڵێت دیموکراسی سەرکەوتوو پێویستی بە ھەبوونی ھۆکارێک ھەیە بۆ ھەڵمژینی ناڕ‌زایەتیە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەتی ئەو دامودەزگایانەی کە کۆمەڵگای مەدەنی لێ پێک دێنن- وەک میدیای ئازاد و یەکێتی بازرگانیەکان و بەشداری سیاسی و ڕێکخراوە پرۆفێشناڵەکان. بریمەر دەڵێت دەمزانی کە ھەڵبژاردنەکان گرنگیەکی زۆریان بۆ دیموکراسی ھەیە بەڵام لەو باوەڕەدا بوو کە پێویستی دەکرد ھەڵبژاردنەکان دوا بخرێت تا ئەو کاتەی کە عێڕاق ئامادەیە. بەتایبەتی دوای درووستکردن و بەھێزکردنی دامەزراوەکان. بریمەر بە بۆشی سەرۆکی گوت کە دامەزراندنی ئەم دەزگایانە کاتی پێویستە و بۆشیش پشتگیری پلانەکەی ئەوی کرد. بۆش بە بریمەری گوتبوو : "ئێمە لە عێڕاق دەمێنینەوە تا کارەکان تەواو دەکەین و تۆ دەتوانی پشت بە پشتگیریەکانی من ببەستیت بێ ئەوەی گرنگی بەوە بدەی کە ڕۆژمێری سیاسی ئەمریکا چیە و میدیاکان چی دەڵێن". بریمەر بۆ ئەم بریارەی سوودی لە ئامۆژگاری ئەو پسپۆرانە وەرگرت کە شارەزان لە قۆناغی دوای جەنگ. ھەروەھا بریمەر توێژینەوەیەکی دەزگای ڕەند کۆرپۆرەیشنی خوێندبوەوە کە تایبەت بوو بەھەوڵەکانی پێشوی حکومەتی ئەمریکا بۆ دوبارە بونیاتنانەوەی جومگەکانی دەوڵەت لە وڵاتانی تردا. ئەو نوسینە لەلایەن جەیمس دوبینسەوە نوسرابوو. لە ڕاپۆرتێکدا ھاتوە: " بریمەر لەگەڵ پسپۆری بواری دوای جەنگ کۆبۆتەوە و ئەو پسپۆرە ئامۆژگاری بریمەری کردوە پەلە نەکات لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان". ھەر لەگەڵ گەشتنی بۆ عێڕاق بریمەر ڕایگەیاند کە ئەو پلانی دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی ھەیە چونکە ئەو پلانی ڕاگوزەری خۆی ئەنجام دەدات. بریمەر دەڵێت سەرکردەی پێش من جەی گارنەر پلانی ھەڵەی ڕێگریکردنی ئەنجامداوە چونکە بریمەر پێ ی وابوو زوو گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی فانتازیایەکی شکست خواردوە و ئەو وای پێ باشە سەرەتا دامودەزگاکان بەھێز بکرێ، ئەوجا ڕێگە بەھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بدرێت. سەرەتا دەسەڵاتی ھاوپەیمانان ویستی پێکھاتەیەکی نونەرانی ھەموو عێراق درووست بکات و ئەو پێکھاتەیە ئامۆژگاری و شەرعیەت بە دەسەڵاـی کاتی ھاوپەیمانان بدەن. دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتە سیاسیەکانی عێراقدا دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانان بیست و پێنج کەسیان ھەڵبژارد وەک ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی عێراق لە بەرواری ١٣ ی تەموزی ٢٠٠٣ دا. ئەو ئەنجومەنە زۆر بە ووردی ھەڵبژێردرا کە تیایدا زۆرینەی شیعە و نوێنەرانی کورد و سوننەی تیادا بوو و تەنانەت نوێنەرانی کەمایەتیەکانی تری وەک تورکمان و مەسیحیەکانی تیادا بوو. ئەنجومەنەکە نوێنەرایەتی ھەموو پارتە سیاسیە کێبرکێکەرەکانی تیا دابوو ھەروەھا ھەندێک نوێنەری ژنانی تیادا بوو.
لە سێپتەمبەری ٢٠٠٣ دا بریمەر پلانی حەوت ھەنگاوەکەی خۆی دانا بۆ دیموکراتیزەکردن و بەپێی ئەم بەرنامەیە ھەڵبژاردن دوادەخرا تا ئەو کاتەی کە دەستوری عێڕاق دەنوسرێت: پلانەکەی بریتی بوو لە یەکەم: درووستکردنی ئەنجومەنی حوکمرانی، دووەم دیاریکردنی ناوی کۆمیتەیەک بۆ داڕشتنی سیستەمێک بۆ نوسینەوەی دەستوور، سێ یەم: دیاریکردنی وەزیرەکانی عێڕاق و چوارەم: نوسینی دەستوور، و پێنجەم : دەنگدان بۆ دەستوورەکە و شەشەم: ھەڵبژاردنی حکومەت بەپێی دەستورەکە و حەوتەم: ھەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانان. ھەرچەندە پلانەکە تەنھا زنجیرەی ڕوداوەکانی دیاری کرد نەوەک بەڕواری ڕۆژی ئەو ڕوداوانە بەڵام دیاربوو کە ھەڵبژاردن ھەروا بە ئاسانی و زوو ئەنجام نادرێت. زۆرکەس و لایەن پێیان وابوو دوو ساڵی تر داگیرکاری پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەم حەوت ھەنگاوە.
دیاربوو بریمەر ترسی ئەوەی ھەبوو کە ئەگەر زوو ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ئەوا ببێتە ھۆی سەرکەوتنی پارتە ڕادیکاڵ و توندڕەوەکان و ئەمەش ببێتە ھۆی سەرھەڵدانەوەی توندوتیژی. لاری دیامۆند کە پشتگیری دواخستنی ھەڵبژاردنی دەکرد و وەک توێژەر و ڕاوێژکارێک کاری بۆ دەسەڵاـی کاتی ھاوپەیمانان دەکرد دەڵێت: " پسپۆرەکانی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی و پسپۆرە سیاسیەکانی دەرەوە ھەستیان بەوە کرد کە کاتی زیاترمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگە بدین و ئاسانکاری بکەین بۆ ئەوەی پارتە میانڕەو عەلمانی و دیموکراتیەکان ناسنامە و تواناکانی خۆیان بە گشت خەڵکی عێڕاق بناسێنن. ھەرچەندە ئەوە ڕوون و ئاشکرا بوو ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ئەوا پارتە ئیسلامیەکان دەیبەنەوە بەڵام ھێشتا دەسەڵاتی ھاوپەیمانی ئەوەی پێ باش بوو کە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بە عەدالەتانە بکرێت پێویستە چانسی یەکسان بدرێت بەھەموو لایەک بەجۆرێک کە پارتەعەلمانیەکانیش بتوانن کیبرکێ ی پارتە ئیسلامیەکان بکەن.

 ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ
ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ لە دژی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی لەلایەن سونە و شیعەکانەوە درووست بوو. شیعە بەھۆی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی عێڕاق پێکدێنن و چەندین ساڵەوە لەلایەن سونە و پارتی بەعسەوە پەراوێز خرابوون دەیانویست ھەرچی زوە دەسەڵات بگرنە دەست. سونەش کە لەسەدا ١٩ ی دانیشتوانی عێراق بوون دژایەتی دەسەڵاتی ھاوپەیمانیان دەکرد و ترسی ئەوەیان لێ نیشتبوو کە شیعە تا دێت دەسەڵات دەگرنە دەست و بەھێز دەبن. زۆربەی شیعەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕژێمی سەدامەوە نزیک بوون پەیوەندیان کرد بە حزبە ئیسلامی و گروپە توندڕەوەکانەوە بۆ دژایەتی کردنی ھێزی ھاوپەیمانی. کورد کەلەسەدا ١٩ ی دانیشتوانی عێراقیان پێک دەھێنا دژایەتی ھەندێک لە بەرنامەکانی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانیان کرد بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لاریان نەبوو سەبارەت بە کاتی پلانی ڕاگوزەری.کوردەکان تەنھا دەیانەویست ئۆتۆنۆمی خۆیان لە باکور بەھێز بکەن و ھەردوو پارتی و یەکێتی ھاریکاری دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانیان کرد بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی حکومەتی ناوەندی لە بەغداد ململانێی یەکتر بکەن.

ناڕەزایەتییەکانی چینی نوخبەی دەسەڵات
ئۆپۆزیسۆن لە شێوەی چینی نوخبەی دەسەڵات وای کرد کە دەسەڵاتی ھاوپەیمانی سازش بکات لە بەرنامەی ڕاگوزەری خۆی بەتایبەتی بۆ شیعەکانی عێڕاق. بە بۆچونی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی ئایەتوڵا سیستانی کە بەرزترین دەسەڵاتی ھەرچوار ئەیەتوڵاکەی نەجەفی ھەبوو گرنگترین کەسایەتی سیاسی بوو لە عێڕاق. سیستانی ناوەند و مەرجەعی دەسەڵاتی شیعەکان بوو. فەتواکانی ئەو گەورەترین کاریگەری ھەبوو لەسەراپای عێڕاق تەنانەت لەسەر شیعە عەلمانیەکانیش. ھەر لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە سیستانی داوای ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی دەکرد بەپێچەوانەی ویستی دەسەڵاتی ھاوپەیمانی. سیستانی پێ ی وابوو ھەر حکومەتێکی ھەڵبەژێراو یان پێکھاتەیەکی تر کە دەستور بنوسێتەوە نادیموکراسیانەیە و نایاساییە بەبێ ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێرێن. سیستانی ئەوەی ڕەت دەکردەوە لەگەڵ ئەمریکیەکاندا کۆبێتەوە بۆیە زۆر قورس بوو لە نیەتەکانی ئەو تێبگەین. بەڵام ئەوە ئاشکرا بوو کە سور بوونی ئەو لەسەر زوو ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ئەوە بوو کە ئەو ویستێکی ناسیۆنالیستی ھەبوو دەیویست شیعە دەسەڵات بگرێـتە دەست و باڵا دەست بن لە عێڕاقدا.
بەڵام لەکاتێکا کە بریمەر ئاسانکاری بۆ ھەڵبژاردن دەکرد ھێشتا پێی وابوو ناکرێت ھەڵبژاردن بکرێت تا لەسەر دەستوور ڕێککنەکەون و دەستور دەبێت بنوسرێتەوە ئەوجا ھەڵبژاردن بکرێت. ئەمریکا ترسی ئەوەی ھەبوو کە ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ئەوا عێراقیەکان دان بەو ھەڵبژاردنەدا نانێت کە دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی چاودێری و سەرکردایەتی بکات. دەسەڵاتی ھاوپەیمانی پێی وابوو کە بەڕاوێژکاری لەگەڵ سیاسەتمەدارانی تری شیعە دەتوانن قەناعەت بە سیستانی بێتت لە کەلی شەیتان بێـە خوارێ و دواتر داوا لە ئەنجومەنی حکومرانی عێڕاق بکەن کە کۆمیتەی ئامادەکاری پێکھێنانی دەستور ڕابگەیەنن بۆ ئەوەی نوسینەوەی دەستوور یەکلابکەنەوە.
لەکاتی کۆبونەوەی ئەنجومەنی حکومرانی عێراق بۆ بڕیاردان و ڕێکەوتن لەسەر نوسینەوەی دەستوور ئەیاد عەلاوی بە بریمەری گوتبوو کە ھەرچەندە سیستانی لەو کۆبونەوەدا نەبوو بەڵام ئەو لەوێ بوو چونکە بڕیار و ویستی ئەو کاریگەری لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی حوکمرانی ھەبوو کەس نەیدەوێرا لە دژی ویستی سیستانی بڕیار بدات. ئەمەش دژی بەرنامەکەی بریمەر بوو کە بەلایەنی کەمەوە بەنیازی ئەوە بوون بۆ دوو ساڵی تر لە عێراق بمێننەوە تا ئەو کاتەی دام و دەزگاکانی عێراق دەخەنەوە سەرپێ بەڵام سیستانی شیعە داوای دەکرد ھەرچی زوە ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بکرێت و حکومەت لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرێت. چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی حوکم لەگەڵ ئەحمەد چەلەبی و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێڕاق و پارتی دەعوا پشتگیریان لە ھەرچی زوو ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەکرد.بەڵام بریمەر پێ ی وابوو ئەمە کارێکی ھەڵەیە و ناکرێت بەبێ نوسینەوەی دەستوور دەسەڵات بۆ ئەنجومەنی حکومرانی بگوازرێتەوە. بۆیە چەلەبی و ئەندامەکانی تری حوکمرانی عێراق کە چەندین ساڵەوە لەدەرەوەی عێڕاق ژیا بوون نەیانتوانی سیاسەتی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی بگۆڕن.
بەھۆی ئەوەی کاریگەری و دەسەڵاتی سیستانی لەھەوان زۆرتر بوو بریمەر نەیتوانی پلانی حەوت ھەنگاوەکەی خۆی بەسەرکەوتووی ئەنجام بدات و بریمەر ڕایگەیاند بەھۆی ئۆپۆزیسۆنی شیعەوە دەستوور و شکۆمەندی دەسەڵات لە عێڕاقدا لەبەردەم مەترسیدایە. دواتر بریمەر پلانێکی تری ڕاگوزەری داڕشت بەناوی " ڕێکەوتنی ١٥ ی نۆڤێمبەر" و بەپێی ئەم ڕێکەوتنە دەسەڵاتی کاتی ھاوپەمانی دەسەڵات دەگوازێتەوە بۆ حکومەتێکی کاتی ئینتیقالی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٤ دا. ئەم حکومەتە ئینتیقالیە دەستورێکی ئینتیقالی بەھاریکاری دەسەڵاتی ھاوپەیمانی و نوێنەرانی عێراقیەکان دەنوسێتەوە. ڕێککەوتن کە ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بۆ حکومەت و نوسینەوەی دەستور لە ١٥ ی ئازاری ٢٠٠٥ دا ئەنجام دەدرێت. بریمەر ھیوای ئەوەی ھەبوو دەستورە کاتیەکە ببێتە مۆدێڵێک بۆ نوسینەوەی دەستوری ھەمیشەیی. بۆیە دەتوانین بڵێین ڕازی بوونی بریمەر کە ھەڵبژاردن بکرێـ و حکومەتێکی کاتی ھەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی دەستور بنوسرێتەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین سازش بوو کە کرا لەلایەن دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی و ئەم ڕێگر بوو لەوەی کە پلانی ڕاگوزەری بەسەرکەوتووی ئەنجام بدرێت و لەپێشدا دامودەزگاکان بەھێزبکرێن ئەوجا ھەڵبژاردن بکرێـت. بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ لەسەر ئاستی چینی نوخبەوی توانی فشار درووست بکات و ئەو بەرنامەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ قوناغی عێڕاقی دوای شەڕ ھەیبوو ھەڵوەشێنێتەوە و بەفشارەکانی خۆیان توانیان وا بکەن زووتر ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دەسەڵات بگوازرێـتەوە.

خۆپیشاندانی جەماوەری
سیستانی و ھاریکار و پشتیوانانی توانیان خۆپیشاندانی جەماوری سەدان ھەزار کەس ئەنجام بدەن لەدژی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی و داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان دەکرد. سیستانی لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی مەلزەمە و وتارەکانی مزگەوتەوە و لەڕێگەی چاوپێکەوتن و گێرانەوەی چیرۆکی بەشداربوان پشتیوانانی خۆی و ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە بڕیاری چینی نوخبەوی ئۆپۆزیسۆنی شیعەی عێڕاقی کاریگەری زیاتریان ھەبوو بەبەراورد بە فشاری جەماوەری و خۆپیشاندان بۆ گۆڕینی سیاسەتی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی. ئەمریکا پێ ی وابوو ئەوە سیستانیە کە جەماوەر دەبزوێنێت و کۆیان دەکاتەوە بۆ خۆپیشاندان نەوەک بەپێچەوانەوە. تا خۆپیشاندانی زیاتر ئەنجام بدرایە پێگە و کاریگەری زیاتری سیستانی بۆ ئەمریکیەکان دەردەکەوت و لە ئاکامدا ئەوە کاریگەری سیستانی بوو لەسەر چینی نوخبەی دەسەڵاتداری شیعە لەناو ئەنجومەنی حوکم کە فشاری درووست کرد و دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی ناچار کرد مل بۆ داواکاریەکانی سیستانی بدەن.
ھەوادارانی سەدریش بەشداری خۆپیشاندانیان دژی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی کرد و سەدر زۆر بەتوندی دژایەتی ڕۆژئاوا و داگیرکەرانی دەکرد و ھێزەکانی ھاوپەیمانی بە "داگیرکەری تیرۆریست" ناودەبرد وە دژایەتی دەسەڵاتی ھاوپەیمانی دەکرد ئەویش لە ڕێگەی درووستکردنی حکومەتی بەدیل لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٣. ھەرچەندە سەدر زۆرترین پشتگیری لەناو چینی ھەژارانی بەغداد و زۆربەی شارەکانی باشوور و نەجەفیش ھەبوو بەڵام بەراورد بە سیستانی ئەو دەسەڵاتی کەمتر ھەبوو پێگەی لاوازتر بوو لە سیستانی. ھەرچەندە ھەوادارانی سەدر خۆپیشاندانی جەماوەریان ئەنجام دا و پەلاماری دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانیان دا بەڵام ئەوە دیارە کە فشارەکانی سەدر نەبوون بە ھۆی گۆرانی بڕیاڕی دەسەڵاتی کاتی، بەڵکو ئەوە فشارەکانی سیستانی بوون. دیاربوو کە سەدر نوێنەرایەتی فراوانی ھەموو شیعەکانی نەدەکرد و دەسەڵاتی ھاوپەیمانی توانیان پەراوێزی بخەن چونکە مۆفەق ڕوبەیعی پێی وابوو بەھۆی ھەڕەشەی سەدرەوەیە کە سیستانی زیاتر کاریگەری ھەیە و سیستانی پێی باش بوو سەدر پەراوێز بخرێت و ئەندامەکانی تری شیعەی ناو ئەنجومەنی حوکمرانی بۆ نموونە جەعفەری پشتگیری پلانی ھاوپەیمانی دەکرد بۆ دەستگیرکردنی سەدر. لەمەوە تێدەگەین کە ئەمریکیەکان زیاتر حسابیان بۆ سیستانی دەکرد نەوەک سەدر.

ئۆپۆزیسۆنی توندوتیژ
ڕاستە کە گروپی سوننە خۆپیشاندانی زۆر فراوان و توندوتیژیان نواند بەڵام ئەوە فشارەکانی ئەوان نەبوون کە بوون بەھۆی گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی پلانی ڕاگوزەری بەڵکو ئەوە ڕۆڵی کاریگەری سیستانی و فشارەکانی ئەو لەسەر ھاوپەیمانان و ئەنجومەنی حوکم بوو کە زووتر ھەڵبژاردن ئەنجام بدەن و دەسەڵات ڕادەستی عێراقیەکان بکرێت. لەناو حکومەتی ئەمریکاشدا ڕاوبۆچونی حیاواز ھەبوو لەوبارەیەوە. کۆلن پاول و دۆناڵد ڕامسفێڵد و کۆندۆلیزا ڕایز داوایان لەبریمەر دەکرد ھەرچی زوە دەسەڵات ڕادەستی عێڕاقیەکان بکات چونکە ئەوان پێیان وابوو ئەمە وادەکات ڕاوبۆچونی خەڵکی بەرامبەر ئەمریکیەکان بگۆڕێت لە داگیرکەرەوە بۆ ھێزی ڕزگارکەر، بەڵام بریمەر و جۆرج بۆشی سەرۆک پێیان وابوو کە ھێشتا کاتی زیاتر پێویستە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات و بۆش ئەوەی ڕاگەیاند کە ئێمە بە ئەنجامدانی کاری توندوتیژ و ھەڕەشەی سوننەکان ناترسین و ھەر لەسەر بەرنامەی خۆمان بەردەوام دەبین. بەڵام دواتر دەرکەوت کە چینی نوخبەوی ئۆپۆزیسۆنی سیاسی شیعە بەتایبەتی سیستانی توانیان گۆرانکاری لە سیاسەتی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی درووست بکەن. ھەروەھا ھەڕەشەی وازھێنان و دەست لەکار کشانەوەی ئەندامانی سونەی ئەنجومەنی حوکم وای کرد کە سوپای ئەمریکا نەتوانێت پەلاماری فەلوجە بدات کاتێک کە دوو مقاولی ئەمریکی لەو شارەدا کوژران. بریمەر سوور بوو لەسەر ئەوەی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە مەترسیدایە و دیارە کە بەھۆی کارە توندوتیژەکانەوە دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی دوو ڕۆژ پێش وادەی خۆی لە بەرواری ٢٨ ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ نەوەک ٣٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دەسەڵاتی ڕادەستی عێڕاقیەکان کرد.

دەرئەنجام
لەم توێژینەوەیەدا بۆ مان دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی دەیویست ھەڵبژاردنەکان و دواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دوابخات تا ئەو کاتەی کە دامەزراوەکانی عێڕاق بەھێز و کاریگەر دەبن. بەڵام ئۆپۆزیسۆنی عێڕاقی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی ناچار کرد کە پلانەکانی خۆی بگۆڕێت و لە ئاکامدا زووتر کۆتایی بە داگیرکاری بھێنن ئەمە سەرەڕای ئەو ڕاستیەی کە دامودەزگاکانی عێڕاق لاواز و کاریگەر نەبوون بەڵام دەسەڵاتیان ڕادەست کرایەوە. تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ زانیاری قوڵمان پێدەدات دەربارەی پڕۆسەی بڕیاڕدانی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی. تەنھا ناڕەزایەتیەکانی چینی نوخبەوی ئۆپۆزیسۆنی سیستانی شیعە مەزھەب توانی کاریگەری لە گۆڕینی سیاسەت و پلانی ھاوپەیمانان ھەبێت چونکە ئەو توانی ھەڕەشەی بایکۆتی چینی  نوخبەی دەسەڵات بکات.بەپێچەوانەوە خۆپیشاندانە گەورە و فراوانەکانی جەماوەر وەھا نەدەبینرا کە نوێنەرایەتی بیروڕاو بۆچونی سەرجەم ھاوڵاتیانی عێڕاقی بکەن و توندوتیژی نەبوە ھۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانی پلانەکانی خۆی بگۆڕێت. واتە ئەوە فشاری چینی نوخبەوی ئۆپۆزیسۆنی سیاسی بوو نەوەک خۆپیشاندانە جەماوەریەکان کە کاریگەریان ھەبوو لەسەر گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا لە عێڕاق.

دەرئەنجامە گشتییەکان و مەغزاکانی ئەم توێژینەوەیە
ئەم توێژینەوە سێ پێشنیاری گرنگ دەخاتە ڕوو. یەکەم لە کاتێکدا کە زۆربەی بۆژون و توێژینەوەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە واباشە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای جەنگدا دوا بخەن بەڵام زۆربەی ئەم توێژینەوانە شکست دێنن لە بەرچاوڕوونی پێویست کە چۆن دەسەڵاتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێت بەسەرکەوتویانە پلانەکانی قۆناغی ڕاگوزەری جێبەجێ بکەن. دووەم ئەم توێژینەوەیە تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆی خستە ڕوو کە تیادا ئەوەمان بۆ شیدەکاتەوە کە چۆن چۆنی و کەی بکەرە ناوخۆییەکان دەتوانن دەسەڵاتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناچار بکەن کە خێراتر و زووتر لەو کاتەی لەبەردەمیانە دەسەڵات ڕادەستی ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بکەن و زووتر پلانی ڕاگوزەری جێبەجێ بکەن. سێیەم، ئەوە خرایە ڕوو کە وەڵامدانەوەی ھێزە داگیرکارەکان بۆ داخوازیەکانی ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ لە عێڕاقدا ھاوتەریبە لەگەڵ پێشبینیەکانی تیۆری ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆ. دەرکەوت کە دەسەڵاتی ھێزەکاتی کاتی ھاوپەیمانی تەنھا ئەو کاتە پلانی ڕاگوزەری خۆی گۆری کە سیستانی توانی بایکۆتی شیعە درووست بکات و ئەو کارتە وەک فشار لە دژی ئەمریکیەکان بەکار بھێنێت. بەلام لە وڵاتێکی وەک کۆسۆڤۆدا نەتەوە یەکگرتوەکان تەنھا ئەو کاتە پلانی ڕاگوزەری خۆی گۆڕی کە خۆپیشاندانە جەماوەریەکان ئەوەیان خستە ڕوو کە سیاسەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ خواستی گشتی خەڵکی کۆسۆڤۆدا یەک ناگرێتەوە. ھەروەھا لە وڵاتێکی وەک تەیموری ڕۆژھەڵات ئیدارەی کاتی نەتەوە یەکگرتوەکان ناچار بوو بەرنامە و پلانی خۆی بگۆڕێت بۆ قۆناغی ڕاگوزەری ئەویش بەھۆی ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی لە ڕێگەی بۆیکۆتی چینی نوخبەوی ئۆپۆزیسۆن و خێراتر توانیان پڕۆسەی بەتەیمورکردن دەستپێبکەن. بەڵام داگیرکاریەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا و یابان زیاتر سەرکەوتوو بوون لە جێبەجێکردنی ئەجندای دواخستنی ھەڵبژاردن و گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی بەتایبەتی لە ئەڵمانیا چوار ساڵ بەرنامەی ھەڵبژاردنیان دواخست چونکە لە ئەڵمانیا دەسەڵاتی ناوەندی شکستی ھێنا بوو دەسەڵاتێکی ناوەندی تر لەناو پارتە سیاسەیکاندا بوونی نەبوو. ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە گۆڕانێک لە بۆچونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ھاتۆتە ئاراەوە سەبارەت بە پڕۆسەی بەدیموکراتیزەکردن لە کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای شەڕدا. ئەوەی ماتەوە کە زۆر گرنگ بێت لە ئایندەدا بریتیە لە تێگەشتنی قوڵتر و زیاتر بۆ ئەوەی بزانین ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە دواخستنی ھەڵبژاردن و ڕادەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگاکانی قۆناغی دوای شەڕ یان ڕێگە دەدەن کە زووتر پلانی ڕاگوزەری ئەنجام بدەن و ھەموو ئەمەش بەندە لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەشتنی بەرپرسە نێودەوڵەتییەکان لەو توێژینەوە ئەکادیمیایانەی کە دەکرێت ببنە باشترین ڕێبەری سیاسەت و بڕیاڕدان. گرنگە کە توێژینەوەی زیاتر و تێرامانی قوڵتر بکرێت بۆ دەستێوەردانە سەربازیەکانی ئایندە و پڕۆسەی ڕاگوزەری لەناو ئەو کۆمەڵگایانەی کە ململانێ ی ئاینی و تایفی و نەژادی ھەیە. گرنگە کە بزانین لە کۆمەڵگاکانی دوای شەڕدا دوو ھۆکار بڕیاردەری سەرەکین لە گۆڕینی پلانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەوانیش ھەبوونی دەسەڵاتێکی مەرکەزی ئۆپۆزیسۆن یان ڕاوبۆچونی گشتی جەماوەر کە بەرنامەکانی ڕاگوزەری مایەی ھەڕەشەن لەسەر بەرژەوەندیە نیشتمانیەکان.


141بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Sep 17 2017 12:18PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ