راپۆرت و لێکۆڵینەوە

پاش ڕیفراندۆم: مەترسی و بەربەستەکان


ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەکان
نوسینی: د.جەلال حەسەن موستەفا، مامۆستای زانکۆ و توێژەر

پێشەکی:
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان لە ٢٥/٩/٢٠١٧ یەکێکە لە گەرمترین باسوخواسەکان و ھەر بەم ھۆیەشەوە لە ئێستادا باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت. بەڵام ئەوەی کە کەمترین باسی لێدەکرێت ئەوەیە کە ئایا ھەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆم چین؟ ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و ناکرێت فەرامۆش بکرێت. دەبێت حیزبە سیاسییەکان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، توانیبێتیان ھەموو ئەو ئیحتیمال و ئەگەرانەیان لێکدابێتەوە کە دەکرێت لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دروست ببن. ئەم دوو حیزبە لە ھەرێمی کوردستان ھەم خاوەنی بیرۆکەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن لەم کاتوساتە دیاریکراوەداو ھەم خاوەنی ھێزی پێشمەرگە و سامان و داھاتی ھەرێمی کوردستانن، بۆیەش بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی بەرەنجامەکانی ھەنگاوێکی گەورەی وەک ڕیفراندۆم زیاتر لە ئەستۆی ئەوانە. ئەم دوو لایەنە سیاسیە دەبێت گوێ لە خەڵکانی پسپۆر و شارەزا بگرن و ڕاوێژیان پێبکەن (جا ئەمانە کەسانی بیانیی بن یان کورد گرنگ نیە). لەم نوسینەدا، ھەوڵ ئەدەم بەشێک لەو ئەگەرانە بخەمەڕوو کە دەکرێت لە ئەنجامی وەڵامی ئەم پرسیارەوە دروست ببن. 

دواخستنی ریفراندۆم وەک بژاردەیەک
بە پێی ئەو چاوپێکەوتنەی مەسعود بارزانی لەگەڵ گۆڤاری فۆریەن پۆلیسی (Foreign Policy)(١) ئەنجامیداوە، ئەو ڕیفراندۆمەی کە بڕیارە ئەنجامبدرێت بۆ سەربەخۆبونی کوردستانە، واتە لە فۆرمی دەنگداندا یەک پرسیار دەکرێت کە ئەویش ئەوەیە کە 'ئایا لەگەڵ سەربەخۆبونی ھەرێمی کوردستاندایت' و دەنگدەریش دوو بژارەی ھەیە کە ئەوانیش بەڵێ و نەخێرن. لێرەدا دەمەوێت باز بدەم بەسەر ئەو ئەگەرەی کە رەنگە نەتوانرێت ڕیفراندۆم لە بەرواری دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەھۆی ئەو ناکۆکییە سیاسیانەی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا ھەن یان بە ھەر ھۆکارێکی تری ناوخۆیی و ھەرێمیی یان نێودەوڵەتی. دەمەوێت سێ گریمانە بکەم پێش وەڵامدانەوە و باسکردن لەو پرسیارەی سەرەوە. گریمانەی یەکەم ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھەرچۆنێک بێت و ھەر شتێک بێتە ڕێیان، گوێنادەنێ و ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەن. دووەم گریمانە ئەوەیە کە ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و گریمانەی سێەمیش ئەوەیە کە زۆرینەی ڕەھای خەڵکی ھەرێمی کوردستان (لە ٪٧٥ بەرەو سەرەوە) دەنگ بە بەڵی دەدەن بۆ سەربەخۆبونی ھەرێمی کوردستان. دوای ئەم دوو گریمانەیە پرسیار دەکەم کە ھەنگاوەکانی دوای ئەم ڕیفراندۆمە چین؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت ئەو کاردانەوە و واقیعە ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتیانە بخوێنینەوە کە ڕیفراندۆم دروستیکردون. لەڕووی ناوخۆییەوە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، گرفتە سیاسی و ئابووریەکانی کوردستان ھێندە گەورەن کە زەحمەتە بەبێ چارەسەرکردنیان، بتوانین بڵێین کە زەمینە ساز و لەبارە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. لە ئێستادا، جەمسەرگیریی (Polarisation) نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکرات گەیشتۆتە ئاستێکی وا لە بێ متمانەیی سیاسی کە زەحمەتە بتوانرێت لە ماوەیەی پێش ڕیفراندۆمدا چارەسەر بکرێن. ئەم بارگرژی و بێمتمانەییە کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش لەسەر پرسی سەربەخۆیی. لە ڕاستیدا ناکرێت، ھێزێکی سیاسی وەک بزووتنەوەی گۆڕان بکرێتە دەرەوەی ئەو واقیعە سیاسیەی کە بۆ سەربەخۆبونی ھەرێمی کوردستان لە دوای ریفراندۆمەوە دێتە پیش. بەشێک لەم جەمسەرگیریە لە بەرەنجامی سیاسەتی پیرۆزکردنی سیاسییەکانەوە ھاتۆتە کایە، چەندێک ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان سورە لەسەر مانەوەی یوسف محەمەد وەک سەرۆکی پەرلەمان، ھێندە زیاتر پارتی دیموکرات سورە لەسەر مانەوەی بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم لە دەرەوەی وادەی یاسایی خۆی. ئەم دوو لایەنە سیاسیە کاریگەرەی کوردستان ئەجێندای سیاسیشیان تەواو دژ بەیەکە و ھەمیشە دەیانەوێت لەو خاڵەوە دەستپێبکەنەوە، کە پەرلەمانی لێوە پەککەوت. لە ئێستادا، لایەنگرانی ئەم دوو لایەنە ھێندە ئایدۆلۆجیستانە گەشەیانکردووە کە لە ھەر تەنگژەیەکدا یەکسەر پەلاماری یەکدەدەن و یەکتر بە خائین و دژ بە میللەت تۆمەتبار دەکەن. بەبێ دەست ھەڵگرتن لە بەپیرۆزکردنی سیاسییەکان و یەکنەخستنی ئەجێندای سیاسی ئەم دوو لایەنە، زەحمەتە ھەوڵەکانی دوای ڕیفراندۆم بتوانن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن.
لە لایەکی ترەوە، باری ئابووریی ھەرێمی کوردستان ھێندە داڕماوە کە خەڵکی توشی بێئومێدیەکی گەورە کردووە. سەرانی ئەم پارتە سیاسیە خاوەن سامان و داھاتە زۆرانە، زەحمەتە ئاگایان لەوە بێت کە مەینەتیەکانی خەڵک گەیشتۆتە بینەقاقا و ئیتر لەوە زیاتر تەحەمول ناکرێت. لە ئێستادا، ھەر موچەخۆرێک ئەگەر ڕۆژانە دوو کاری نەبێت زەحمەتە بتوانێت کرێی خانوەکەی و ژیانێکی بەکەرامەت بۆ خۆیی و خێزانەکەی دابین بکات. لە ھەموو ئەمانەش مەترسیدارتر ئەو وەڵامەی بارزانیە بۆ پرسیارێکی فۆریەن پۆلیسی دەربارەی مەترسیەکانی ڕیفراندۆم لە دوای ئەنجامدانی. بارزانی دەڵێت کەمردن لە برسا (لە پێناو دەوڵەتدا) باشترە لەوەی لە ژێر سایەی داگیرکاری و چەوساندنەوەی ئەوانی تردا بین.گرفتی سەرەکیش ئەوەیە کە حکومەت لە ئێستادا لە توانایدا ھەیە کە باری ئابووری بەرەو باشتر ببات و ڕێژەی پاشەکەوتی موچە، لانی کەم لەسەر پلە نزم و مامناوەندەکان، زۆر کەم بکاتەوە، بەڵام ئەم ھەنگاوە نانێت. بەدەر لە زیادبونی نرخی نەوت و زیادکردنی باج لەسەر خەڵک و زیادبونی داھاتەکانی تر، حکومەت، دور و نزیک، باس لە دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچە و بەگەڕخستنەوەی پرۆژە وەبەرھێنیەکان ناکات. ئەمە گومانی خەڵکی بەرامبەر حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکان زیاد کردوە و بەبێ ڕەواندنەوەی ئەم گومانانەش زەحمەتە زەمینەی لەبار بۆ ڕیفراندۆم لە ئارادا بێت. بۆ خەڵکی ئاسایی و ڕەشوڕووت، نان لە پێش دەوڵەتەوەیە، ئەو چی بکات لە ڕیفراندۆم و دەوڵەت لە کاتێکدا سکی برسیە و قوتی مناڵەکانی پێدابین ناکرێت و ناتوانێت کرێی خانوەکەی بدات. کەواتە، بەبێ کەمکردنەوەی بێمتمانەیی سیاسی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان و بەبێ باشترکردنی باردۆخی داڕماوی دارایی و کەمکردنەوە یان لابردنی پاشەکەوتی سەر مووچە زۆر زەحمەتە ھەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆم مەبەستەکانی خۆیان بپێکن. 
لە ڕووی ناوخۆییەوە، لەسەر ئاستی کاردانەوەکانی ئێستای دەوڵەتی عێراقیش، بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا نیە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ھەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆمیش دەبێت. لە ئێستادا ھەردوو سەرکردەی حیزبی دەعوە (حیدر العبادی سەرۆک وەزیران و نوری المالکی سەرۆک وەزیرانی پێشوو) ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە کارێکی نەگونجاو دەزانن و عمار الحکیم-یش ھەمان کاردانەوەی ھەبوو و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی بە نەرێنی داناوە و دەلێت کە پێشتر باسی سەربەخۆییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا نەکردووە. بەشێکی تریش لە سەرکردەکانی عێراق ھەمان بیروبۆچونیان ھەیە دەربارەی ڕیفراندۆم (٢).
لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش کاردانەوەکان بەرامبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان زۆر لەبار نین. دەوڵەتی تورکیا، ھەر زوو ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی لە ھەرێمی کوردستان ڕەتکردەوە و بە کارێکی نابەرپرسیارانەی لەقەڵەمدا(٣). ھەردوو سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیرانی تورکیا جەختیان لەسەر ئەم ھەڵوێستە کردۆتەوە، پێنجشەمەی ڕابردوش موراد چاوش ئوغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند کە بەم زوانە میوانداریی بارزانی دەکەن بۆ تورکیا بۆ باسوخواس لە ڕیفراندۆم گەیاندنی ھەڵوێستی نەرێنی تورکیا لەم بارەیەوە (٤).ئێرانیش ھەلوێستی نەرێنی خۆی دەربارەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بە ئاشکرا ڕاگەیاندوە و دژی ھەر ھەنگاوێکە بۆ لەتلەتبونی عێراق(٥). بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەرێکی کوردی یش قاسم سولەیمانی لە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتیدا، دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دووبارە کردۆتەوە(٦) و دەڵێت بۆ ھەر ھەوڵێک لە دژی یەکپارچەیی عێراق بەربەست دروست دەکەین. 
کاردانەوە نێودەوڵەتیەکانیش زۆر کەمیان ئەرێنین. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھەر زوو ھەلوێستی خۆی دەربڕی بۆ پشتگیریکردنیی یەکپارچەیی خاکی عێراق و داواشی لە سەرکردەکانی ھەرێم و عێراق کرد کە بکەونە گفتوگۆی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەلێت کە ئەوان لە مافە شەرعیەکانی کورد تێدەگەن بەڵام ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم کاتەدا لە ئامانجە سەرەکیەکان دوورمان دەخاتەوە کە تێکشکاندنی داعش و لەناوبردنی تیرۆرە لە ناوچەکەدا (٧). ھەلوێستی ئەڵمانیا و ڕووسیاش زۆر لە ھەڵوێستەکەی ئەمریکا دوور نیە. ھەموو ئەمانەی ئاماژەمان پێدا لە ھەڵوێستی ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتیی بەڵگەی ئەوەن کە لە ئێستادا زەمینە لەبار نیە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەمەش ھەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆم قورستر دەکەن. بەڵام دەکرێت لێرەدا بپرسین ئەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (بە تایبەت پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی) چ چارەسەرێکیان پێیە بۆ ئەم دۆخە سیاسییەی کە زەمینەی سازدانی ڕیفراندۆم و ھەنگاوەکانی دوای ڕیفراندۆمیشی ئاڵۆز کردووە؟

گرفتەکە لەدوای ریفراندۆمەوە دروست دەبێت
ئەوەی تا ئێستا ڕاگەیەندراوە لە کۆبونەوەکەی بارزانی و حیزبەکان سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم، تەنھا ئەوەیە کە چەند لیژنەیەک پێکدەھێنرێت بۆ ئەوەی لە پێش و لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەردانی لایەنە پەیوەندیدارە ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەولەتیەکان بکەن سەبارەت بە ڕیفراندۆم و ڕەھەندەکانی. پێموایە کە ئەگەر ئەمە تاکە چارەسەری پارتە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم بێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دوای ڕیفراندۆم، ئەوە نیشانەی لاوازیی دبلۆماسیەتی ھەرێمی کوردستان دەردەخات لە ماوەی پێشودا. ھەرچەندێک پێشتر چەند جار لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕادەگەیەندرا کە دەربارەی سەربەخۆیی قسەیان لەگەڵ لایەنە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکاندا کردووە و ئەوەیان دەوت کە ھەڵوێستی ئەو لایەنانە نە ئیجابیە و نەسلبی، بەڵام کاردانەوەکانی ئەم ھێزانە بەرامبەر ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئەوە دەردەخات کە ئەوەی بۆ جەماوەر خراوەتە ڕوو نادروست بووە. لە لایەکی تریشەوە، ئەگەر ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم بە نیاز بن تەنھا لە ڕێی دروستکردنی کۆمیتەیەکی گفتوگۆوە قەناعەت بە لایەنی عێراقی و لایەنی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بکەن کە دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانیان بەلاوە ئاسایی بێت، ئەوا لە جۆرێک لە خەیاڵدا دەژین. گفتوگۆکانی دوای ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی ھێندە ئالۆز دەبن کە لە بابەتێکی ھەستیار و گەورەی وەک یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان و بابەتی جیاکردنەوەی سنور و تەنانەت ڕێژەی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان بۆ باشوور و دەیان بابەتی تری ھەستیارەوە دەیگرێتەوە تاوەکو بابەتی دابەشکردنی فەرمانبەران و کارەبا و پاسپۆرت و دراو دەیان بابەتی تر. ئەمە ئەگەر ھەر لە بنەڕەتدا حکومەتی عێراقی ئامادەی گفتوگۆکردن بێت دەربارەی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و لەتلەتکردنی خاکی عێراق. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی زەحمەتە حکومەتی عێراقی بە ئاسانی ملبدات بۆ گفتوگۆ دەربارەی پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان؟
بارزانی لە چەند چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندوە کە یەکەم لایەن کە دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵی لە دوای ڕیفراندۆم بە مەبەستی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقی دەبێت. لە ڕاستیدا، پێموایە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغداد و ڕێکەوتن لە گەڵیان بۆ سەربەخۆیی ھەرێم سەلامەتترین ڕێگایە، بەڵام درێژتری و سەختترینیشە. بۆچی سەلامەتترین و سەختترینە؟.

لەگەڵ بەغداد چیمان پێ دەکرێت؟
گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ حکومەتی بەغداد سەلامەتترین ڕێگەیە چونکە ئەگەر عێراق بگەیەنرێتە ئەو قەناعەتەی کە دان بە سەربەخۆیی ھەرێم و لەتبونی عێراقدا بنێت، ئەوا لایەنە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان ناچار دەبن دان بە سەربەخۆیی و سیادەی ھەرێمدا بنێن. ئەگەر ھەر دەوڵەتێکی ھەرێمی یان نێودەوڵەتیش دان بەسەربەخۆیی ھەرێمدا نەنێت، ئەوا ھیچ گرفتێکی بەرچاوی ئابووری و سیاسی بۆ ھەرێمی کوردستان دروست نابێت. ئەو کات دەوڵەتی کوردستان دەتوانێت سەرچاوە سروشتیەکانی لە ڕێگەی عێراقەوە ڕەوانەی بازاڕەکان بکات بە ڕێککەوتنی ھاوبەش لەگەڵ بەغداد. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوەی کە حکومەتی عێراق دان بەسەربەخۆیی ھەرێمدا بنێت زیاتر لە خەیاڵەوە نزیکە نەک واقیع، لانی کەم بۆ چەند ساڵێکی داھاتوو (ڕەنگە دەیەیەک گفتوگۆکان درێژە بکێشن). ئەوەی لە واقیعەوە نزیکە ئەوەیە کە ئێجگار سەخت و دژوارە حکومەتی عێراق دان بە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستاند بنێت. ئەوەی وا دەکات ئەم تێڕوانینەم ھەبێت چەندین ھۆکارن، کە ئاماژە بە ھەندێکیان دەکەم، بە کورتی.
یەکەم، حیزبە نەتەوەپەرست و  ئاینیەکانی سوننە و شیعە ڕێگە بە خۆیان نادەن گفتوگۆی جدی لەسەر سەربەخۆیی ھەرێم بکەن، چونکە لای ئەوان ئەمە لەتبونی عێراقە. ھەموو داننانێک بە لەتبونی عێراقدا، دەبێتە ھۆی شکستی ئەو لایەنە لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا و چەندێک لایەنە سیاسییەکان خۆیان وەک نەتەوەپەرستێکی عەرەب دەربخەن ئەوا زیاتر دەنگ دەھێنن. ھەرچەندێک ئەگەر بە بیرکاریانە لێکبدرێتەوە، حیزب و کەسایەتیە شیعەکان دەبوایە پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانیان بکردایە چونکە لە عێراقی دوای کوردا دەبنە زۆرینەیڕەھا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا ئەوان خۆیان بە دەسەڵاتدار و خاوەنی ھەموو عێراق دەزانن، ئەوا نایانەوێت دان بە لەتبونی عێراقدا بنێن.
دووەم، ئەوەی وا دەکات ئەم حیزبە عێراقیانە بە شیعە و سوننەوە نەتوانن گفتوگۆ لەسەر لەتبوونی عێراق بکەن چەند ھۆکارێکە. یەکێک لە گرنگترین ئەو ھۆکارانە کاریگەریی ھێزە ھەرێمیەکانە لەسەریان. ئێران ھەژمونی تەواوی لەسەر ھێزە شیعەکان ھەیە و ناشیەوێت کورد دەوڵەت دروست بکات چونکە ئەم دەوڵەتە ھەم دەبێتە ھاندەر بۆ گەشەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان و ھەم داواکاری کوردانی ئێرانیش بۆ سەربەخۆیی یان پەیوەندیکردن بە دەوڵەتی کوردستان پەرە دەسێنێت. ئێران دەتوانێت لە ڕێی ھەژمونی خۆیەوە ڕێگر بێت لە ھەر گفتوگۆیەکی جدی لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان. بە ھەمان ھۆکار و ھەژمونیش، تورکیا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ھێزە سونیەکان ھەیە و ڕێگر دەبێت لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردیی، ئەمە بەدەر لە ھەژمونی دەوڵەتە عەرەبیەکانیش بەسەر ھێزە سوننیەکانەوە و ڕێگرتن لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بە بەھانەی ئەوەی نایانەوێت ئیسرائیلێکی تر لە رۆژەھەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت.
سێھەم، کێشەی ناوچە دەوڵەمەند و پڕ نەوتەکەی کەرکویش یەکێک بووە لە ڕێگرە مێژویەکانی باشتربونی پەیوەندی نێوان حکومەتەکانی عێراق و ھێزە کوردیەکان، بۆ نمونە ھۆکارێکی سەرەکی شکستی ئۆتۆنۆمی ئازاری ١٩٧٠ بابەتی خاوەنداری کەرکوک بوو. پارێزگای کەرکوک خاوەنی یەدەگێکی نەوتی سەلمێندراوی گەورەیە کە ئاسان نیە ھیچ حکومەتێکی عێراقی ئامادە بێت بیداتە بە دەوڵەتێک کە ھەم سەروەتەکەی بۆ خۆی بەرێت و ھەم خاکەکەشی لەتلەت بکات.
چوارەم، لە ڕووی شوناسی قەومیەوە، ھەریەک لە پێکھاتەکانی کەرکوک شارەکە بە موڵکی خۆیان دەزانن. کورد دەوڵەت بەبێ کەرکوک دروست ناکات، عەرەبیش ئامادە نیە دەستی لێ ھەڵبگرێت و تورکمانیش بە پشتگیریی تورکیا باس لە دروستکردنی ھەرێمێکی تورکمانی دەکەن کە کەرکوک بەشێک دەبێت لێی. ئەم ململانێی شوناسەڤ(خاوەنداریی کەرکوک) زۆر مەترسیدارە و ئەگەری زۆرە سەربکێشێت بۆ شکستی ھەر دانوستانێک کە پێشتر ئەنجامدرابێت. کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی، کێشەی شوناس و کێشەی سامان و داھاتی نەوتە، بونی ئەم دوو فاکتەرە لە یەک ھاوکێشەدا لە یەک شوێن و کاتدا، ئەگەر جەنگێکی خوێناوی بەرھەم نەھێنێت، ئەوا دانوستانەکان زۆر قورس و دژوار دەکەن. ھەر ھێندەی ھەرێمی کوردستان بە ئەمری واقیع دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە، ناکاتە ئەوەی عەرەبەکانی عێراقیش بە شیعە و سوننەوە بە ئاسانی دەستی لێ ھەڵبگرن، بە تایبەت کە ئێستا ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەسەڵاتیان ھەیە لە دەروبەری ئەو ناوچە جێناکۆکانەدا. ‌ھێزەکانی حەشدی شەعبی میلیشیان و فرمان لە سەرکردە شیعە نانیزامیەکانەوە وەردەگرن، نەک حکومەتی عێراقی و ئەمەش وا دەکات کە ئەم ھێزانە مەترسیەکی بەردەوام بن بۆ شکستپێھێنانی ھەر دانوستانێک لەسەر ھەرێمی کوردستان.

دەرئەنجام
ئەمانە تەنھا چەند ھۆکارێک بوون کە دانوستانەکانی دوای ڕیفراندۆمی نێوان ھەرێم و بەغداد زۆر قورس و ئەستەم دەکەن. بۆیە وایدەبینم، بەڵێ دانوستان لەگەڵ بەغداد سەلامەتترین ڕێگەیە بەڵام سەختترین و درێژترینە. ئەوەش کە جێی نیگەرانیە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەک دوو عەرابی سەرەکی ڕیفراندۆم، زەحمەتە توانیبێتیان خوێندنەوەیەکی وورد و دوربین و واقیعی و دوور لە عاتیفە و خەیاڵ بکەن بۆ باردۆخی سیاسی و ئابووری دوای ڕیفراندۆم. بۆیەش، ھەرچەندە جێی داخە، بەڵام ڕۆژەکانی دوای ڕیفراندۆم بە سەختتر و دژوارتر دەبینم بۆ ھەرێمی کوردستان وەک لەم ڕۆژانەی ئێستامان بەم ھەموو قەیرانەشەوە. بە ھیوای ئەوەی من ھەڵەبم و ئەوان ڕاست.

سەرچاوەکان:
1- بڕوانە سایتی فۆرەن پۆلیسی بۆ خوێندنەوەی تەواوی چاوپێکەوتنەکە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە   http://foreignpolicy.com/٢٠١٧/٠٦/١٥/masoud-barzani-why-its-time-for-kurdish-independence/
2- بڕوانە سایتی ڕووداو لەسەر ئەم لینکە http://www.rudaw.net/arabic/kurdistan/١١٠٦٢٠١٧
3- بڕوانە سایتی کەناڵی تەلەفزیۆنی العربیە http://www.alarabiya.net/ar/arab-and-world/iraq/٢٠١٧/٠٦/٠٩/%D٨%AA%D٨%B١%D٩%٨٣%D٩
4- بڕوانە سایتی کەناڵی السومریە http://www.alsumaria.tv/news/٢٠٧٠٧٢/%D٨%AA%D٨%B١
5- بڕوانە سایتی دەیلی سەباحی تورکی https://www.dailysabah.com/diplomacy/٢٠١٧/٠٦/١٠/iran-joins-turkey-iraq-in-opposing-krg-independence-vote
6- بڕوانە سایتی کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕوداو http://www.rudaw.net/english/kurdistan/١١٠٤٢٠١٧٤
7- بروانە سایتی رۆیتەرز https://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-kurds-usa-idUSKBN١٨Z٢T٠



303بینین‌‌‌
3 مانگ پێشتر - Aug 17 2017 9:00PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ