راپۆرت و لێکۆڵینەوە

هه‌ڵه‌كانی ترامپ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست



ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لەململانێ و قەیرانەکان

نووسینی: کریستۆڤەر ھیل
سەرچاوە: Project Syndicate

خزمەتی شەش مانگی سەرەتای دۆناڵد ترامپ نەک تەنھا نیشاندەری ئەو ئاماژەیە دەستکەوتە ناوخۆییەکانی ئیدارەکەی چەند کەمە، بەڵکو ئەوەمان پێدەڵێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا  چۆن ھێواش شەپۆل دەدات و بووەتە ھۆی دروستکردنی دیمەنێکی جیۆپۆلۆتیکی فراوانی بە بۆمب تەوقیتکراو. ناتوانرێت لە دەستکەوتەکانی ئیدارەی ترامپ تێبگەین بەبێ درککردن بە کێشە ئاڵۆزە و میراتە بە جێماوەکانی ئیدارەی پێشووی (باراک ئۆباما) بۆی، ھەموو ئەمانە ئەو دیمەنەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ڕووندەکەنەوە.
بۆ نموونە، بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ لە نیسانی ٢٠١٧ە، بە ئاڕاستەکردنی ژمارەیەک مووشەکی کروز بۆ بنکەی ئاسمانی شیرات لە سوریا، وەک وەڵامدانەوەیە بۆ بەکارھێنانی چەکی کیمییای لەلایەن ڕژێمی بشار ئەسەدەوە دژ ھاوڵاتیانی مەدەنی. بە تێڕوانین لە بیروباوەڕی سیاسەتە مرۆڤ دۆستانەکان، ئەوا تاکە بنەمای لۆژیکی ترامپ بۆ بڵاوەپێکردنی ھێزە سەربازییە ئەمریکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئیدارەی ئۆباما – دوای ئەوەی ھەستا بەکێشانی "ھێڵی سوور" دژی بەکارھێنانی چەکە کیمیاییەکان لەسوریا – ئەویش لەکاتێکدا ھیچ وەڵامێکی سەربازی بۆ ڕژێمەکەی بشار ئەسەد نەبوو لەکاتی ھێرشە کیمیاییەکەی غەوتە (Ghouta) لەساڵی ٢٠١٣ە.
بەڵام دۆناڵد ترامپ کەمتر گرنگی بە بەکارھێنانی ھێرشی سەربازی دەدات لەگەڵ بەردەوام بوونی ھەوڵە دبلۆماسییەکان. ئەوە بوو لە کۆبوونەوەکانی لوتکەی (G٢٠) لە شاری ھامبۆرگی ئەڵمانیا لەسەرەتای تەمووزی ٢٠١٧ە، ترامپ ئاماژەی بەوەکرد کە ئەشێت بەجۆرێک لە جۆرەکان ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ ڕووسیا بکات بۆ جێ بەجێکردنی پلانی ئاگربەست لە باشووری ڕۆژئاوای سوریا، کە ئەکرێت ببێتە مۆدێڵک بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی تری ئەو وڵاتە جێ بەجێ بکرێت، ئەمەش لەکۆتایدا بریتیەلە دانانی ستەیجێک بۆ پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە.
بۆیە ھەرکەسێک تێگەشتنێکی خێرای ھەبێت دەربارەی بارودۆخی سوریا، ئەوا دەگاتە ئەو باوەڕەی کە پرۆسەی ئاشتی لە ئاگربەستێکی ھەرێمییەوە سەرچاوە دەگرێت. حکومەتی بشار ئەسەد توانیویەتی کە ھێزە ھاوپەیمانەکانی وەک حزب اللەی لوبنانی و ئێران و ڕووسیا، وە تەنانەت لە ھەندێک حاڵەتدا تورکیاش ڕابکێشێتەناو دیمەنەکەوە و لەبری ئەو جەنگ بکەن بۆ چەندین ساڵ. بەڵام، بەپێچەوانەوە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا تەنھا کۆمەڵێک ھاوکاری سەربازی پچڕ پچڕیان وەرگرتووە و ھاوشێوەی سەرەتاکانی دەست پێکردنی جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بە دابەشبوون و پەرش و بڵاوی ماونەتەوە.
بەڵام ھێشتا ھیچ کەس نازانێت چی لە ھزر و بیرکردنەوەی دۆناڵد ترامپ دا ھەیە دەربارەی داھاتووی سنوور و حوکمڕانی لە سوریا. بۆیە ئایا لە وڵاتێکی تێک شکاودا کە کەمێک دامەزراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و زۆرێک لە گرووپە ئاینی و عرقییەکانی تێدایە، مافی کەمینەکان دەپارێزرێت؟ ئەی سنورەکانی ئەو وڵاتە چی بەسەر دێت؟ ئەگەر جیھان لە عێراقەوە وانەیەک فێربووبێت – ئەوا ئەو دیموکراسییەی داواکراوە بۆ دامەزراوە گەلێکی خۆگونجێنەر و فەرمانڕەواییەکی کاریگەر – تەنھا خۆی لە ھەڵبژاردندا نابینێتەوە.
ئامانج و ستراتیجی ئیدارەی ئۆباما لە سوریا بریتی بوو لە دەست نیشانکردن و ھاوکاریکردنی ئەو گرووپە ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوانەی کە دژی ڕژێمی بشار ئەسەد دەجەنگن. بەپێچەوانەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی سەربازی بۆ گرووپە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارە میانڕەوەکانی سوریا کۆتای پێھێنا و تەنانەت بە ئاشکرا ڕایگەیاند ھێز گەلێکی چەکداری لەوجۆرە بوونی نییە. بەڵام لەھەمان کاتدا ھەندێک ھاوکاری و پشتگیری تاکتیکی بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی ئەستانەی لە کازاخستان پێشکەش کردووە، کە لەلایەن ھەریەک لە ئێران و تورکیا و ڕووسیا بەڕێوەدەبرێت، بەڵام ھیچ نیەت و ئاماژەیەکی پیشان نەداوە کە سەکردایەتی گفتوگۆکانی ئەو پرۆسە ئاشتییە لە ئەستۆ بگرێت، یان تەنانەت ھەوڵی کاریگەری دانان بدات لەسەر دەرەنجامەکانی گفتوگۆی ئاشتی ئەستانە.
بە حوکمدان لەسەر کارەکانی شەش مانگی سەرەتای ئیدارەی ترامپ، بە ئاسانی دەتوانرێت پێشبینی ئەوە بکرێت، کە بشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە. ئاشکرایە ترامپ ڕووبەڕووی ھەمان ئەو کێشەیە بووەتەوە کە ئۆباما ڕووبەڕووی بووەوە، کاتێک ھەوڵی دا ئەوە بۆ ھاوڵاتیانی ئەمریکا ڕوون بکاتەوە کە ڕووخانی ڕژێمی شیعەی عەلەوی بشار ئەسەد یارمەتیدەر دەبێت لە تێکشکاندنی گرووپە توندڕەوە سوننیەکانی وەک ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش). لەڕاستیدا، ھەروەک زۆرێک لە خەڵکی سوریا ترسیان لەوەیە لابردنی بشار ئەسەد بەبێ بوونی بیرۆکەیەکی ڕوون بۆ ئەوەی چی و کێ جێگەی بگرێتەوە، ئەوا دەبێتەھۆی ڕێگە خۆشکردن بۆ سەرھەڵدانی جۆرێک لە توندڕەوی و پەڕەگیری "سونن – ستان"، (گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن گرووپە و ڕێکخراوە سوننە جیھادیستە توندڕەوەکانەوە).
گرووپە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی دیاردەیەکی عەرەبی سوننەن. ئەو گرووپە توندڕەوانە تەنھا دەرەنجامی خراپ مامەڵەکردنی شیعە یان ڕژێمێکی عەلەوی نییە لە چەند وڵاتێکی دیاریکراوە، ئەو گرووپانە کتوپڕ لەناو ناچن ئەگەر ئەو ڕژێمانەش ڕووخان. دوای ھەموو ئەو شتانە، ھێشتا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش یەکێکە لەو گرووپە توندڕەوە سوننە ئیسلامییە بەھێزەی کە لە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە. بۆیە بەدەر لە سوریا – دۆناڵد ترامپ پێویستە زۆر بەرفراوان بیربکاتەوە. لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو (جی سی سی) لە ڕیاز لە ئایاری ٢٠١٧ە، ترامپ ستایشی سعودیەی کرد وەک گەورەترین ھاوپەیمانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. بە لەبەرچاوگرتنی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئیدارەکانی جۆرج بووشی کوڕ و باراک ئۆباما، سعودیە بە پەرۆشبوو بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکە نوێیەکەی کۆشکی سپی، و لەکاتی گەشتکردنی بۆ ئەو وڵاتە – شەقامەکانی ڕیازی پایتەخت بە وێنە و پۆستەرەکانی دۆناڵد ترامپ ڕازێنرانەوە. لەکاتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو بە ئامادەبوونی ترامپ، وڵاتان دەستی تۆمەتیان بۆ ئێران درێژکرد وەک ھۆکاری سەرەکی تەواوی کێشە و ناکۆکییەکانی ناوچەکە – ھەروەھا سعودیە ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق ھیچ نییە جگە لە بەدیلێکی ئێران لە ناوچەکەدا. بەدڵنیاییەوە، ئەم گوتارە دژە ئێرانییە، شانبەشانی گوتارەکانی ترامپە دژ بەو وڵاتە. بەڵام، تەبەنی کردنی سعودیە و لە ئامێزگرتنی لەلایەن ترامپەوە (لەیەکەم سەردانیدا) وا دەردەکەوێت کە ڕووبەڕووبونەوەکان بەتەنھا ئێران نەبێت.
زۆرێک لە لایەنگرانی دۆناڵد ترامپ وەک ڕەگەزێکی وون تەماشای سعودیە دەکەن لە پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل – فەلەستینییەکان. سعودییەکان نفوزی داراییان بەسەر بزووتنەوەی فەتح – حزبی فەرمانڕەوای فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا – دا ھەیە، ھاوکات تەواو کراوەن بۆ پەراوێزخستنی بزووتنەی حەماس – کە میلیشیایەکی ئیسلامی یە و فەرمانڕەوای غەزە دەکات. بزووتنەوەی حەماس ھاوکاری لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین وەردەگرێت، کە (ئیخوان موسلیمین) ڕێکخراوێکی ئیسلامییە و خاوەن باڵێکی جیھادی توندڕەوە و زۆرجار وەک کێ بڕکێکاری ڕەوتی سەلەفی سعودیە تەماشا دەکرێت.
بە لە ئامێزگرتنی بێ کۆت و بەندی سعودیە، ترامپ کەلێنی نێوان ئەو وڵاتە و دەوڵەتی قەتەری فراوان کرد، کە پاڵپشتیکاری دوورمەودای کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین بووە تا ئێستا. ئەوەبوو لە حوزەیرانی ٢٠١٧ە، سعودیەی بەھاوکاری ھەریەک لە میسر و شانشینی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و بەحرین ھەستان بە سەپاندنی گەمارۆیەکی قورس و فراوان بەسەر قەتەر، وە سەرکردەی ئەو وڵاتانە لیستێکی فراوانی داواکارییان بۆ ئەو وڵاتە خستەڕوو.
قەیرانی دبلۆماسی نێوان قەتەر – کە وڵاتێکی گرنگی ستراتیجییە بۆ ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا – لەگەڵ دەوڵەتانی تری کەنداو بووە ھۆی ڕاکێشانی وەزیری دەرەوەی ولایەتە یەکگرتووەکان "ڕێکس تیلێرسۆن" بۆ ناو قەیرانەکە. بەڵام تیلێرسۆن خۆی بەدوورگرت لە ترامپ، ھەروەک لە واشنتۆن ووت و واتێک دروست بووە کە تیلێرسۆن خۆی ویستویەتی ناوچەکە جێ بھێڵێت.
بۆیە ئەگەر دۆناڵد ترامپ بیەوێت جێ پەنجەی لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دیاری بکات، ئەوا پێویستە زۆر بە باشی بیر لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بکاتەوە، و نابێت چیتر وەک ئەوە بیر بکاتەوە کە لە کەمپینی دژایەتیکردنی باراک ئۆباما و ھیلاری کلینتۆنە. چونکە دووبارە ێیاغەکردنەوەی مەراسیمی سوێندخواردن دەڵێت کە : ڕێسای یەکەمی دبلۆماسی ئەوەیە زیان بەخش نەبیت.


281بینین‌‌‌
3 مانگ پێشتر - Aug 14 2017 12:02PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ