سۆشیال میدیا

گۆڕانی میانەڕەو و گۆڕانی توندڕە!!


مەجید ساڵح
زیاتر لە دوو ساڵە پارتی بە ھیوایەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستەمۆ بکات، ھەموو ڕێگاکانی تاقی کردەوە، بەڵام نەک ھەر بۆی نەچووە سەر، بەڵکو خۆڕاگری و سەقامگیری گۆڕان وای کرد لایەنەکانی دیکەش پێداچوونەوە بە ھەڵوێستەکانی خۆیاندا بکەن و تەسلیم بەو نەخشەیە نەبن کە بۆیان داڕێژراوە، ھۆکاری ئەمە سێ شتە:
یەکەم: بەرنامەی گۆڕان لە بەرژەوەندی بزوتنەوەکە و کەسەکانی ناو بزوتنەوەکەدا دانەنراوە، بەڵکو ھەڵقوڵاوی خواست و پێداویستیەکانی خەڵکە لە بەرژەوەندی گشتیدایە و لە دەساڵی رابردوودا گۆڕان بە قسەو کردەوە ئەمەی سەلماندوە و خەڵکیش متمانەیان پێکردوە.
دووەم: ئاستی ھۆشیاری سیاسی و بەشداری سیاسی خەڵکی کوردستان بە گشتی و دەنگدەرانی گۆڕان بە تایبەت لە چاو رابردوودا یەکجار فراوان بووە و دەنگدەران ھەمیشە دەنوکیان لە سەر سەرکردەکانی گۆڕانە کە نابێ لەو بەرنامەیەی بۆیان دیاری کراوە لابدەن.
سێیە: گۆڕان بزوتنەوەیەکی مەدەنیی بێ چەکە و بیانووی جەنگ و لەشکرکێشی بۆ بەرامبەرەکەی نەھێشتوەتەوە، ئەمەس خزمەتێکی زۆری بە پرۆسەی دیموکراتیزە کردنی کوردستان کردوە.
پارتی کە لە دوای رووخانی سەدامەوە تاکڕەوانە زەمامی ئموری کوردستانی بەڕێوە بردوە، بە ھۆی سیاسەتی پەراوێز خستن و دەستەمۆکردنی لایەنە سیاسییەکانەوە دۆخێکی سیاسی و ئابوری وای دروستکردوە کە ھیچ متمانەیەک نەماوە لە نێوان خەڵک و حکومەت و پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە پێویستە پارتی:
یەکەم: دان بەو راستیەدا بنێت کە ناتوانێت بە پەلکێش کردنی ئەم حزب و ئەو کۆنە مەکتەب سیاسی و لە رێگەی سیاسەتی کوتەک و گێزەرەوە بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک ئەوانی دیکە پەراوێز بخات تا دەستەمۆی بکات.
دووەم: ھەموو ھاوکێشە و ھاوسەنگییەکان گۆڕان، چی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و دەولییەوە بێت، مەرج نییە پارتی بتوانێ وەک جاری جاران بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاریان بھێنێت.
سێیەم: کاتی ئەوە ھاتووە ھەموو لایەنەکان پێکەوە دانیشن و ھەریەکە بە پێی سەنگ و قەبارەی راستەقینەی خۆی رۆڵ ببینێت لە داڕشتنی سیاسەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دوور لە ئەجەندای حزبی، بۆ دەرباز بوون لەم قۆناغە مەترسیدارە کە بە ھۆی سیاسەتی تاکڕەوانەی حزبییەوە تێی کەوتووین.
چوارەم: بۆ گەڕانەوەی متمانە بە یەکتری، دەبێ پرسی ریفراندۆم و ئەو سیستمە سیاسیەی کە قەرارە لە ئایندەدا لە کوردستان بەرقەرار بکرێت پێکەوە گرێ بدرێت و لە پاڵ ریفراندۆمدا دەبێ دەستورێکی دیموکراسی و پەرلەمانی بخرێتە بەردەستی خەڵک بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی ئەو دەوڵەتەی کە لە داھاتوودا دروست دەکرێ دەوڵەتێکی تۆتالیتار و پشتاوپشتی نادیموکراسی نییە.
ھیوا بەستن بەوەی لە ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕاندا "کەسانی میانڕەو سەربکەون" ھیوایەکە لە سەر بۆش بونیاد نراوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ھەیە و نە گۆڕانی میانەڕەو و نە گۆڕانی توندڕەو ناتوانن لێی لادەن..




2982بینین‌‌‌
2 مانگ پێشتر - Jul 17 2017 4:43PM
Print Friendly and PDF
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ